"لێدوانی وەزارەتی بەرگری عێراق سەبارەت بە وەفا عەباسی ئێزدی راست نییە"

جودی ئازاد، هاوسەرۆکی شارۆچکەی هۆل ئەو لێدوانەی وەزارەتی بەرگری عێراقی سەبارەت بە وەفا عەباسی ئێزدی رەتکردەوە، کە تیایدا باس لەوە کرابوو کە بە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت وەفایان رزگار کردووە.

حەسەکە

 

چەتەکانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر شەنگال، بەڵام لەو هێرشەدا سوپای عێراق و پێشمەرگە کە ناوچەکەیان دەپاراست، پێکهاتەی ئێزدییان لە چنگی داعشدا بەجێهێشت. لە بازاڕەکانی سوریا و عێراقدا هەزاران ژنی ئێزدی ڕفێنراو کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا، یەکێک لەو ژنانە وەفا عەلی عباسە، کە لە تەمەنی ٩ ساڵیدا ڕفێندرا و دوای ٨ ساڵ لەلایەن شەڕڤانانی یەپەژە لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی لە کەمپی هۆل ڕزگار کرا.

 

دوای ئەوەی فەرماندەکانی یەپەژە وەفا عباس ڕزگار دەکەن و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سازدەدەن، بە دەروازەی تل کۆچەردا بۆ عێراقی دەنێرنەوە و پاشان دەبرێتە شەنگال. لەلایەن بنەماڵە و دامەزراوەکانی ناوەندی شەنگالەوە پێشوازی لێدەکرێت.

 

دوێنێ وەزارەتی بەرگری عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت وەفا عەباسیان ڕزگار کردووە، جودی ئازاد، هاوسەرۆکی شارۆچکەی هۆل سەر بە شاری حەسەکە، لەو بارەیەوە وتی: "دوو ژنی ئێزدی بە ناوەکانی وەفا عباس و سەوسەن حەیدەر لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی لە کەمپی هۆل لەلایەن شەڕڤانانی یەپەژەوە ڕزگارکران، هەردوو ژنە ڕزگارکراوەکە لە ژیانیاندا ڕووبەڕووی ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆر بوونەتەوە لەلایەن داعشەوە، وەزارەتی بەرگری عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و بانگەشەی ئەوەی كرد كە لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا وەفا عەلی عەباسیان ڕزگاركرد، ئەو لێدوانەی وەزارەتی بەرگری ڕاست نییە، بەڵکو ئەوە یەپەژە بوو ئەو ژنانەی ڕزگار کرد، ویستیان بەم لێدوانە ڕووخساریان لەبەرچاوی کۆمەڵگەی باشوور و عێراق سپی بکەنەوە، بۆچی سوپای عێراق و پێشمەرگە بە تەنیا ئێزدییەکانیان جێیهێشت لە کاتی فەرمانەکەدا.

 

"پێشمەرگە و سوپای عێراق شەریکن لە فەرمانی دژی ئێزدییەکان"

جودی ئازاد ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر سوپای عێراق بیویستایە، دەیتوانی ڕێگری لە ڕفاندنی ئێزدییەکان بکات و لە سەرەتای فەرمانی ساڵی ٢٠١٤دا ئەو ژنانە لە چنگی داعش رزگاربکات، وتیشی: ئەگەر بیانویستایە سەرەتای فەرمانەكە تێکۆشانیان بکردایە و ژنانی ئێزدییان لە چنگی داعش ڕزگار بکردایە، ڕێگەیان نەدایە دەستدرێژییان بكرێتە سەریان و بكوژرێن، سوپای عێراق و پێشمەرگەی باشووری كوردستان شەریكن لەو فەرمانەی دژی ئێزدییەکان و پێویستە پێکهاتەی ئێزدی ئەم ڕاستییە ببینن و دان بە ڕاستی دوژمنەکانیاندا بنێن.

 

"ئێمە و کۆمەڵگەی ئێزدی پشتگیری یەپەژە دەکەین"

جودی ئازاد بەم پەیامە کۆتایی بە قسەکانی هێنا، "ئێمە تا کۆتایی پشتیوانی لە تێکۆشانی یەپەژە بۆ هەموو ژنان دەکەین. یەپەژە پارێزەری هەموو ئایینەکانە، ئێزدی، موسڵمان یان مەسیحی، ئەرکی ئێمە ئەوەیە هەنگاو بە هەنگاو تا هەموو ژنەکان لە ئەشکەنجە ڕزگار دەکەن، لەگەڵیاندا بین، کۆمەڵگەی ئێزدی نائومێد نەبن، با باوەڕیان بە هێزەکانمان هەبێت ئەو ژنانەی کە ماونەتەوە ڕزگار دەکەین".