"یەکگرتووی ژنانی چالاکوان گاریگەری لەسەر خەبات و تێکۆشانی ژنان هەیە"

شەیدا مەعروف، چالاکوان، دەڵێت: بە یەکگرتووی ژنانی چالاکوان و تێکۆشەرانی ژن دەتوانین خەون و ئاواتی ژنان لەپێناو ئازادی و ژیانێکی ئازادانە بەدەست بهێنرێت.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- ژنانی کورد بە پێناسەیەکی نوێ لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدارن و سەرەڕای ئەقڵیەتی کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاری، بە یەکگرتووی ژنانی کورد و یەکڕیزی دەنگی ژنی تێکۆشەر و ژنانی چالاکوان دەتوانن شوێن‌ پەنجەیان بەسەر زۆرێک لە گۆڕانکارییەکانەوە دیار بێت.

 

شەیدا مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی زەحمەتکێشان، دەربارەی یەکگرتووی ژنانی چالاکوان و تێکۆشەرانی ژن، ئاماژەی بەوە کرد، یەکگرتووی لەناو ژناندا گرنگە، دەتوانین هەموو ئەو خەون و ئاواتانەی کە ژنان هەیانە لە پێناو ئازادی و خواست و ویستەکانی ژنان بۆ ژیانێکی ئازادانەتر بەدەست بهێنرێن، ئەمەش بە دەنگێکی گشتگیرتر و پەیوەندی پتەوتر لە نێوان هەموو ئەو ڕێکخراو و پارت و لایەنەکانی ژناندا دەبێت، کە کاردەکەن و هەوڵی بۆ دەدەن، بەم شێوەیە دەتوانرێت یەکگرتووی ژنان ڕابگەیەنرێت، لەبەرئەوەی یەکگرتن کارێکی کردارییە و پێویست دەکات دروست بکرێت.

 

"دۆخی سیاسی دەبێت یەکگرتوویی ژنان هەڵنەوەشێنێتەوە"

شەیدا مەعروف ئەوەشی خستەڕوو، کە هەرچەندە کار لەسەر یەکگرتووی ژنان بکرێت و گروپێک، ڕێکخراوێک یاخود کەمپەینێک دروستدەکرێت و هەمووی ژنان بۆ یەک ئامانج هەوڵ دەدەن، بەڵام دۆخی سیاسی یاخود ئەو لایەنەی بەشدار دەبێت و بۆچوون و خوێندنەوەی سیاسیانەیان، وادەکات جارێکی دیکە دووربکەونەوە لە یەک و یەکگرتووەییەکە هەڵبوەشێتەوە تاڕادەیەک، وتیشی: پێویست دەکات زیاتر و باشتر یەکگرتوویی ژنان هەبێت، لەبەر ئەوەی ئێمە دەمانەوێت داوای مافی ژنان بکەین و بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە هەوڵێکی گشگیر بێت، ئەمەش بە یەکگرتووی سەرجەم توێژەکان دەبێت، گرنگە لە هەر چوار پارچەی کوردستان یەک دەنگی و یەکگرتوویی هەبێت بۆ ئەوەی کارێکی باش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان بکەین، مافی ژن و کۆمەڵگە دەستەبەر ببێت، ئێمە لەگەڵ ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا بەیەکەوە لە کاتی پێویستدا کەمپەین ڕادەگەیەنین و کاری یەکگرتوو دەکەین، ئەمە کاردانەوەی باشتر دروست دەکات، نیشانی دەدات کە ئێمەی ژنان بە یەک هەڵوێست و یەک پارچە و یەک دەنگی کار دەکەین و ئەمانە هەمووی گاریگەری تەواو دروست دەکەن لەسەر پێشخستنی ژنان لە هەموو بوارەکاندا.

 

"دەبێت درێژە بە خەباتی ژنان بدەین"

شەیدا مەعروف باسی لە مێژووی تێکۆشانی ژنان کرد، کە ساکینە جانسز و هاورێکانی لە پاریس شەهید کران، وتیشی: کاتێک باس لە یەکگرتووی بۆ دەستەبەر بوونی خواستەکانی ژن و ئازادی ژن دێتە پێشەوە، ژنانێکی زۆر گیانی خۆیان بەختکرد لەو رێگەیەدا و شەهید کران، تێکۆشانی خوشکانی میراباڵ بۆ ٢٥ی نۆڤەمبەر بووە سیمبولی تێکۆشان و تا ئێستا لەسەر ڕێبازی بەرخۆدانی ئەوان درێژە بە یەکگرتوویی و تێکۆشانی ژنان دەدرێت و ئەوان بوونە یەکەم هەنگاوی بەرەنگاری دژی دیکتاتۆری و توندوتیژی، بۆ ئەوەش بە تایبەت لە باشووری کوردستان بۆ کۆتایهێنان بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری، دەکرێت ژنان درێژەپێدەری کار و خەباتی چالاکییەکانی ئەوان بن .

 

لە درێژەی قسەکاندا باسی لە یادکردنەوەی ٨ی ئادار کرد و وتی: سەری ڕێز و نەوازش دائەنەوێنین بۆ ژنانی گیان بەختکردوو و ئەو ژنانەی لە پێناو ئاسودەیی ژیاندا شەهید کراون.

 

لە کۆتایی شەیدا مەعروف، ئاماژەی بەوەشکرد، بە یەکگرتووی ژنانی ڕێكخراوەکان چالاکوان و ژنانی سیاسی بەرنامە بۆ ٨ی ئادار دادەڕژن، ئێمە گروپێکمان پێکهێناوە کە لە ئێستادا سەرقاڵن سەردانی ڕێکخراوەکان و پارت و لایەنەکان بکەن تا کۆدەنگی دروستبکەن و لەو ڕۆژەدا چالاکییەکی بەرفراوان ئەنجام بدەین، دەمانەوێت لە ٨ی ئاداردا ڕێپێوانێک بکەین بە بێدەنگی، کە بێدەنگییەکە نیشانەی شکاندی ئەو قۆڕخکارییە بێت لەلایەن کۆمەڵگە و نێرینەوە دەکرێت بەرامبەر بە ژن، ئامانجی ژنانی چالاکوان و زەحمەتکێش ئەوەیە، یەک دەنگ بن و بە یەکگرتووی داوای خەباتێکی گشتگیری ژنان بکەین.