"دەسەڵات لە ڕێگەی هێزی پارەوە ڕێگری لە چەکی بێ مۆڵەت ناکات"
ڕۆژانە هەواڵی کوشتنی ژنان بڵاودەبێتەوە بەهۆی زیادبوونی چەکی بێ مۆڵەت و سزانەدانی ئەو کەسانەی مۆڵەتی چەکیان هەیە تاوانی پێ ئەنجام دەدەن، چالاکوانێکیش هۆکاری ئەم دۆخە دەگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت.
شیرین ساڵح
سلێمانی- کوشتن هەمیشە وەک مۆتەکەیەکە بەسەر ژنانەوە کە ناتوانن بە ویستی خۆیان دەست ببەن بۆ هەندێک کار و وتنی بەشێک لە قسەکان، ئەم دۆخە لە جیهاندا بە ڕەنگ و شێوازی جیاواز ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، لە باشووری کوردستان بەهۆی زیادبوونی چەکی بێ مۆڵەت و جێبەجێنەکردنی یاساکانەوە، ڕۆژانە بە ئاسانی ژنان دەکرێنە قوربانی و دەکوژرێن، بەشێک لە تاوانبارانی ئەم تاوانانە بە سزای خۆیان ناگەن و ئەمەش وای کردووە ئەو حاڵەتە تەشەنە بکات.
"کوشتنی ژنان لە ڕێگەی چەکەوە زیادی کردووە"
کنێر عەبدوڵا، چالاکوان ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆمەڵگەکەماندا کوشتنی ژنان ڕووی لە زیادبوون کردووە، ڕۆژ نییە گوێمان لە هەواڵی کوشتنی ژنێک نەبێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، نەبووی ئازادی تاک و کۆمەڵێک یاسا کە لە چوارچێوەی حکومەتدا دانراوە، وتیشی: لە ئەمساڵدا دەبینین کوشتنی ژنان لە ڕێگەی چەکەوە زۆر زیادی کردووە، کە یەکێک لە ئەندامانی خێزان و ڕەگەزی بەرامبەرەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش وامان لێ دەکات بڵێین بۆچی هەبوونی چەک لە ماڵەکاندا ئەوەندە ئاسان بێت، تەنانەت لە شوێنە گشتییەکانیشدا کە دەبێتە مایەی کێشە و دواجار کوشتن، چونکە هەبوونی چەک بە شێوەیەک ئاسان بووە، کە بتوانن ژنێک بکەنە قوربانی بە فیشەکێک.
"حکومەت لە ڕێگەی هێزەوە چەکی بێ مۆڵەتی لەناو خەڵکدا بڵاو کردووەتەوە"
کنێر عەبدوڵا ڕوونی کردەوە، ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەمیشە هەڕەشە بووە بۆ بنیادنانی تاکێکی ئازاد، ئەمەش وایکردووە کێشەکانی پەیوەندیدار بە ژنان قوڵتر ببنەوە، ئەگەر یاسا وەکو خۆی کار بکات و تاوانباران بە سزا بگەن کوشتنەکانیش ڕوو لە کەمبوونەوە دەکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا یاساکان هەن و جێبەجێکردنیان زۆر لاوازە، وای لێهاتووە لە کاتی هەبوونی کێشەیەک لایەنی بەرامبەر پەنا دەباتە بەر چەک بۆ چارەسەری کێشەکە، لێپرسینەوە ناکرێت لەو هەموو چەکە بێ مۆڵەتەی ڕۆژانە دەخرێنە بازاڕەوە، چونکە حکومەت بە هێزی پارە و بۆ دەسەڵات بەکاریدەهێنێت، بۆیە دیاردەی کوشتن کۆنترۆڵ ناکرێت.
وتیشی: ئەگەر یاسا سەروەر بێت ئەوە کۆمەڵگە خاوەن دەسەڵاتێکی دیموکراسی و مەدەنی و مافی مرۆڤە، بەڵام بەداخەوە ئەوە نابینین، دەسەڵات ئەگەر خەمخۆری گەلەکەی بێت، ناهێڵێت چەکی بێ مۆڵەت و کوشتن زیاد بکەن، هەر کۆمەڵگەیەک ئەگەر خاوەنی سیستەم بێت، دەزگایەکی ئاماری بەهێزی هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سیستەمێکی وا نییە، بۆیە ئامارەکان بە ڕوونی دیار نین.
"یەکدەنگی گرنگە بۆ کەمبوونەوەی کوشتنی ژنان"
کنێر عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵات بەرپرسی یەکەمە لە شاردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان، حکومەت دەرفەتی کارکردنی نییە بۆ باشکردنی ئەم دۆخە، لە دواڕۆژیشدا هەر دەسەڵات زەرەر دەکات، چونکە دواجار کەسە ئازادیخوازەکان و بیر فراوانەکان ئەم دۆخە قبوڵ ناکەن، هۆشیاری تاک گرنگە بۆ ئەوەی پیشانی دەسەڵات بدەن چیتر ئەم ڕێچکەیە بەردەوام نەبێت، پێویستە هەر کەسە و لای خۆیەوە ناڕازیبوونی خۆی هەبێت بەرامبەر ئەو شتانەی دژی بەرژەوەندی گەلە، هەروەها کۆدەنگی لایەنەکان گرنگە، بۆ ئەوەی کوشتنی ژنان نەک کەم ببێتەوە بەڵکو بنبڕ بکرێت.
"هۆکاری کوشتنی ژنان بە زۆری دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت"
نیگار محەمەد، پارێزەر ئاماژەی بەوەکرد، کوشتنی ژنان زیادی کردووە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و بەکارهێنانی چەکی کەسانی سەرباز بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە، لە کاتێکدا هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە ڕووی یاساوە سزای لەسەرە، بە جۆرێک لە یاسای بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت لە ماددەی ١٥ هاتووە، "ئەگەر کەسێک هەڵگری چەکی بێ مۆڵەت بێ یان بازرگانی پێوە بکات، سزاکەی ساڵێک بۆ ٣ ساڵ زیندانییە و سزای ماددیشی لە ٢ ملیۆن کەمتر نییە و لە ٥ ملیۆن زیاتر نییە"، هەروەها " ئەگەر چەکی بێ مۆڵەت تاوانی پێ ئانجامدرا سزاکەی ٧ ساڵ زیندانییە"، لە ماددەی ٢ی یاساکەدا سزاکە قورستر کراوە، کە "ئەگەر چەکەکە مۆڵەتی هەبوو، بەڵام لە گردبوونەوە و خۆپیشانداندا بەکارهات، سزاکەی ٣ ساڵ زیندانییە و سزای ماددیشی لە ٥ ملیۆن کەمتر نییە و لە ١٠ ملیۆن زیاتر نییە".
"دەستێوەردانی دەسەڵات ناهێڵێت یاساکان وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن"
نیگار محەمەد ڕوونی کردەوە، بە مۆڵەتکردنی چەک لە یاسادا بە چەند ڕێکارێک دەکرێت و دەبێت ئەو کەسەی چەکی پێ دەدرێت دانیشتووی هەرێم بێت، تەمەنی لە ١٥ ساڵ کەمتر نەبێت، باری دەروونی شیاو بێت، پێشینەی تاوانی نەبێت، چەکەکەشی بەشێوەیەکی دروست دەستکەوتبێت، لە ئێستاشدا مەرج نییە کوشتنی ژنان تەنها لە ڕێگەی چەکی بێ مۆڵەتەوە بێت، بەڵکو بەشێکیان لە ڕێگەی چەکی مۆڵەتدار و لەلایەن کەسی پلەی سەربازییەوە بووە، ئەم حاڵەتانەش زیادی کردووە، چونکە لە هەرێمی کوردستاندا یاسا هەیە، بەڵام جێبەجێ ناکرێت بەهۆی دەستێوەردانی دەسەڵاتەوە.