نەژبیر بە قاچی دەستکردەوە: گرنگ ئەوەیە کە ئێمە خۆمان ڕادەست نەکەین

نەژبیر محەمەد ئیسماعیل، کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە شەڕی دژ بە داعش لە کاتی چارەسەرکردنی بریندارەکاندا قاچی لەدەستدا، ئێستا بە قاچی دەستکردەوە لەگەڵ مانگی سووری کوردی قاچی دەستکرد دروست دەکات.

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ-نەژبیر محەمەد ئیسماعیل لە شاری دێرک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەدایکبووە و لەوێ قوتابخانەی تەواو کردووە و هەر لەوێش ژیاوە، ژنێکی گەنجە کە وەک پەرستار لە تیمەکانی مانگی سووری کوردی کار دەکات، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی داگیرکاری و داعش بۆ سەر ناوچەکە، نەژبیر محەمەد ئیسماعیل وەک ژنێکی ئازا چووە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ و چارەسەری بریندارەکانی کرد، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا، قاچێکی لەدەستدا دوای ئەوەی برینەکەی باشتر بوو بڕیاری دا خۆی وەک ژنێکی خاوەن پیداویستی تایبەت نەبینێت و هیوا و ژیانێکی نوێ بدات بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

 

 نەژبیر محەمەد ئیسماعیل لە ئێستادا وەک پسپۆڕ لە بەشی دروستکردنی قاچی دەستکرد کار دەکات و لەگەڵ هیواکانی ئەو کەسانە بە زەردەخەنەیەکی جوان و جووڵەیەکی بەهێزەوە کاردەکات و چارەسەریان دەکات، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە نەژبیر محەمەد ئیسماعیل بناسین، سەردانی شوێنی کارەکەیمان کرد و گوێمان لە چیرۆکەکەی گرت.

 

لە شەڕی دژ بە داعش قاچی لەدەستدا

نەژبیر محەمەد ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتی کارکردنی وەک پەرستار، لە ئەنجامی هێرشێکی چەتەکاندا بەشیکی گیانی لەدەستداو وتی: بەشی پەرستاری بەشێکی زۆر گرنگە لە ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک، لەبەر ئەوە، لە هەر شوێنێک خەڵک پێویستیان پێیەتی، دەبێت ئێمە بە هەموو باوەڕەکانمانەوە ئامادە بین، هەموو کەس دەزانێت کە هەرێمی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای شۆڕشەوە شەڕی قورسی لەگەڵ چەتەکانی داعشدا کردووە، وەک تیمی تەندروستی مانگی سووری کوردی، وەک هەموو پێشەنگانی شۆڕش ئەرکی خۆمان جێبەجێ کرد و چارەسەری بریندارانی جەنگمان کرد.

 

نەژبیر محەمەد ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتێکدا لەسەر ئەرک بووە لەگەڵ تیمی مانگی سووری کوردی بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان، لە ساڵی ٢٠١٤ لە ئەنجامی هێرشەکەی داعش لە جەزا قاچی لەدەستداوە، وتی: هەتا دوا خولەکی پێش هێرشەکە، چارەسەری بریندارەکانم دەکرد و ئەرکەکەم جێبەجێ دەکرد، لەگەڵ برینەکە لە سەرەتادا، بیرکردنەوەی من کەمێک ناجێگیر بوو، چونکە ئاسان نییە بەشێک لە گیانت لەدەست بدەیت، هەندێک شت هەن کە لە ژیانمدا گۆڕاون، مرۆڤ پێیوایە کە وەک جاران هەڵسوکەوت ناکات، یان ناتوانێت وەک خەڵکی ئاسایی هەڵسوکەوت بکات، کێشە هەبوو، بەڵام بیرم کردەوە پێویستە بەم قۆناغەدا بڕۆم و ژیانێکی نوێ هەڵبژێرم بەپێی بارودۆخی ئێستا.

 

"دەبێت مرۆڤ هێزێکی باشی هەبێت"

نەژبیر محەمەد ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکرد بە هیوایەکی نوێ بۆ ژیانکردنی ئەو کەسانەی کە بەشێک لە ژیانیان لەدەستداوە، دەستی کرد بە دروستکردنی قاچی دەستکرد و وتی: دوای برینەکە، قاچێکی دەستکردم دروستکرد، بۆ ماوەیەک لە ماڵەوە مامەوە و ڕاهێنانم کرد بۆ بەکارهێنانی، نەمدەویست لە ماڵەوە بەردەوام بم لەگەڵ ئەمەدا، یان قبوڵی بکەم من کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەتم، لەبەر ئەوە ئەرکی خۆمم گۆڕی بە شوێنێک بۆ دروستکردنی قاچی دەستکرد، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کارەکەم لە خزمەتی خەڵکدا بێت.

 

تێکۆشان به رده وام بوو

نەژبیر محەمەد ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکرد، دوای شەش مانگ لە ڕاهێنان، فێری دروستکردنی قاچی دەستکرد بووە وتی: من ئازار و زەحمەتی قاچی دەستکردم بینیووە لەبەرئەوە دەتوانم زیاتر یارمەتی نەخۆشەکان بدەم، زۆر نەخۆش هەن کە بارودۆخەکەیان قبوڵ ناکەن، بیرکردنەوەیان زۆر خراپە، بەڵام کاتێک من دەبینن، دڵخۆشن بە هیوای چاکبوونەوەی برینەکانیان، من زۆرترین گفتوگۆم لەگەڵ نەخۆشەکاندا هەیە، کاتێک بارودۆخەکەم وەک بارودۆخی خۆیان دەبینن و من زۆر خزمەت دەکەم، ئەوان ورەیەکی بەهێزیان بۆ دروست دەبێت، لە ڕاستیدا نموونەی زۆر هەن کە مێشکی خەڵک دەتوانێت باشتر بێت.

 

"بەهای مرۆڤ بە بەرهەمەکانیەوە گرێدراوە"

نەژبیر محەمەد ئیسماعیل داوای لەو کەسانە کرد کە بەشێک لە گیانیان لەدەستداوە هەمیشە لە هەوڵی بەرهەمهێناندا بن و هەست بە لاوازی نەکەن و وتی: لەگەڵ نەخۆشەکاندا، من عاتفی نیم، چونکە ئەم هەستە بە زۆری ڕێگە بە خەڵک دەدات هەست بە لاوازی بکەن، وەک ژنێکی بەرهەمهێنەر، من وەستان و گفتوگۆم هەیە، هەروەها سەیری نەخۆشەکانی وەک ئەمە دەکەم، بە بۆچوونی من، ئەو کەسانەی کە بەشێک لە گیانیان لەدەست دەدەن نابێت وەک کۆتایی ژیان بیبینن، چونکە دەتوانین کار بکەین و بە پێیەکانمان ڕابکەین و بەشداری لە هەموو چالاکییەکانی ژیاندا بکەین، بەهای خەڵک بەندە بە بەرهەمەکانیانەوە.

 

"گرنگ ئەوەیە ئێمە خۆمان بەدەستەوە نەدەین"

نەژبیر محەمەد ئیسماعیل، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: گرنگە ئێمە خۆمان ڕادەست نەکەین و خۆمان بە لاواز نەزانین، ناوەندی مانگی سووری کوردیش خزمەتگوزارییەکانی خۆی بە شێوەیەکی خۆبەخش دابین دەکات بۆ خەڵک، ئێمە بە وریاییەوە کار دەکەین و لە هەر شوێنێک خەڵک بچن بۆ ناوەندەکەمان، خزمەتیان دەکەین، لە کۆتاییدا دەڵێم ئێمە لە دۆخێکدا دەژین کە هەموو کەسێک ڕووبەڕووی لەدەستدانی بەشێک لە گیانی دەبێتەوە،ئەو لەوانەیە لە هێڵی پێشەوەی جەنگ نەبێت، لەوانەیە لەبەردەم ماڵەکەیدا بێت و هێرش بکرێتە سەری، لەوانەیە لە ئەنجامی نەخۆشی شەکرە بێت یان لە ئەنجامی ڕووداوێک بێت، گرنگ ئەوەیە کە ئێمە خۆمان ڕادەست نەکەین و خۆمان بە لاوازی نەبینین ئێمە کەم نین، ئێمە هەمیشە هەوڵ دەدەین.