دایکان: دەبێت گەریلا و پێشمەرگە دژی داگیرکەران شەڕبکەن

داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان ناڕەزایەتی سەرجەم توێژەکانی گەلی کوردی لێکەوتووەتەوە، دایکانی گەریلا و پێشمەرگەش داوا دەکەن کورد شەڕی براکوژی نەکات، پێشمەرگە و گەریلا بەیەکەوە دژی داگیرکەران بجەنگن.

داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان ناڕەزایەتی سەرجەم توێژەکانی گەلی کوردی لێکەوتووەتەوە، دایکانی گەریلا و پێشمەرگەش داوا دەکەن کورد شەڕی براکوژی نەکات، پێشمەرگە و گەریلا بەیەکەوە دژی داگیرکەران بجەنگن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- دەوڵەتی تورکیا بەردەوام خاکی کوردستان بە ئامانج دەگرێت، لە دواترین داگیرکاریشیدا لە ڕۆژی ١٩ ئەم مانگەدا تۆپبارانی سنوری گوندی گەڵاڵەیان لە شارباژێڕ ئەنجامدا، ئەمەش جارێکی دیکە ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.

 

لەو چوارچێوەیەدا دایکانی پێشمەرگە و گەریلاکان داوای یەکڕیزی کوردان دەکەن، نایانەوێت جارێکی دیکە ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانە شەهید ببێت.

سەبریە عومەر، دایکی پێشمەرگەیە، وەک دایکێک دەڵێت کە شەڕی ناوێت، دەڵێت دەیان ساڵە پێشمەرگە شەهید دەکرێت، بەردەوام کورد لە شەڕدا بووە، بۆیە نایەوێت ئێستا جارێکی دیکە شەڕی براکوژی لە کوردستاندا هەڵبگیرسێتەوە.

 

دەشڵێت: "تورکیا بە چ مافێک دێت هەر خاک و وڵاتمان داگیردەکات، دەبێت کورد ببێت بە یەک، چۆن دەبێت پێشمەرگە لەگەڵ گەریلا شەڕبکات، ئێمە هەر کوردین، و دەبێت پێشمەرگە و گەریلا بەیەکەوە دژی داگیرکاری شەڕ بکەن".

 

هاوکات داواشدەکات سەرجەم لایەنەکان یەکڕیزبن، تا هەر چوارپارچەی کوردستان ببێتە یەک، چیتر نایەوێت ئاژاوە لە مالی کوردا بەردەوام بێت، باخ و ماڵەکانیان بسوتێت، داواش لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات لەسەر ئەو داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا بێنە دەنگ، چونکە کوردەکانیش دەیانەوێت وەک هاوڵاتیانی وڵاتانی دیکە بە ئارامی و دوور لەشەڕ بژین.

"کاتی ئەوەیە پێشمەرگە و گەریلا یەکبگرن"

مەحبووبە ئەسعەد، دایکی دوو گەریلای شەهیدە، بڕینەوەی دارەکان و سوتانی باخەکان وەک ئەو ساتانە دەبینێتەوە کە ڕۆڵەکانی گیانیان بەختکردووە، هەستێکی ناخۆشی پێدەبەخشێت، وەک ئەوەیە ماڵەکەی داگیربکرێت.

 

ئەو دایکە دەڵێت: "کاتی ئەوەیە پێشمەرگە و گەریلا یەکبگرن، ئەم وڵاتە ماڵی هەموانە، ئەگەر ئەم خاکەمان نەبێت کەس نازانێت کێین، دەبێت پێشمەرگە و گەریلا بەیەکەوە و دەست لە دەست و هێز لە خوا بەرەو ڕووی داگیرکاری شەڕ بکەن، بەرگری لە خاک بکەن".

 

هەروەها بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی دەزانێت، دژی ئەو داگیرکارییانە هەڵوێستی هەبێت ئەگەر حکومەتی هەرێمی کەردستان هەڵوێستی هەبێت ئەو کاتە هەموو گەل لەپشتی دەبێت دەچن بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن.

 

ت.پ