چالاکوانانی کۆیە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری توندوتیژی دژی ژنانە
چالاکوانانی ژن لە شاری کۆیە لە بارەی توندوتیژییەکانی سەر ژنانەوە ئاماژەیان بەوەدا، هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و پەروەردەی خێزان کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژی هەیە.
شیا كۆیی
کۆیە- چیمەن ڕەفیق، لێپرسراوی لقی کۆیەی یەکێتی ژنانی کوردستان لە بارەی توندوتیژییەکانەوە بۆ نوژنها دوا و وتی: بەرامبەر بەو توندوتیژییانەی دژی ژنان دەکرێت، ڕێکخراوەکان سست نین، وەک زۆرجار لێرە و لەوێ دەیبیستین، بە پێچەوانەوە هەریەکەیان هەوڵدەدات ئەو کێشە و گرفتانەی تووشی ژن دەبێت، بەخێرایی چارەسەرییان بكات و فریایان بكەوێت، بەڵام کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی جیاوازە، تا ئێستا ئێمە لەسەر هەندێک دابونەریتی کۆن دەڕۆین، کە هەرکات ژنێک، کچێک خۆشەویستی کردووە یان تووشی گرفت ببێت، ئەگەر خێزانەکەی هەڵوێستی نەبێت بە عەیبەی دادەنێن، بۆیە و زۆر بەداخەوە پەنا دەبەنە بەر کوشتن و توندوتیژی.
لێپرسراوی لقی کۆیەی یەکێتی ژنانی کوردستان وتیشی: لەو کاتەدا ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنان داوا دەکەین یاسا سەروەر بێت، بۆیە هیوادارم کۆمەڵگە واسەیر نەکات کە ڕێکخراوەکانی ژنان سستن یان تاوانبارمان دەکەن بەوەی کە، ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ژنان بووینەتە هۆکاری توندوتیژی دژی ژنان، ئەم بۆچوونە رێك پێچەوانەكەی راستە.
چیمەن ڕەفیق هۆکاری زۆبوونی توندوتیژییەکانی بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندن گەڕاندەوە و دەڵێت: ئەوان وایانکردووە هەواڵەکان زوو بڵاو دەبنەوە، جا ڕاست بێت یان ناڕاست، بۆیە هیوادارم خەڵک ڕۆشنبیر بێت و بە چاوێكی ڕۆشنبیرانە سەیری شتەکان بکەن. وتیشی: ئەمساڵ لە شارۆچکەی کۆیە وەك ساڵانی پێشوو کاری هاوبەشمان نەبووە، بەڵام هەر یەکێک لە ڕێکخراوەکان سیمینار و کۆڕی هەبووبێت هەموو رێكخراوەكان بەشداری دەکەین. لێپرسراوی لقی کۆیەی یەکێتی ژنانی کوردستان دەشڵێت: جێی خۆشحاڵییە لە سنووری شارۆچکەی کۆیە بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی كوردستان ڕێژەی توندوتیژی کەمترە و ئەو کێشانەی بۆمان دێن، زۆر کەمتربوونە.
پەروەردە ڕێگەی کەمکردنەوەی توندوتیژییە
سەبارەت بەوەی بۆچی ڕێكخراوەكانی ژنان بۆ ئەمساڵ كاری هاوبەشیان نییە؟ رەجا حەمە ڕەئوف، بەرپرسی لقی كۆیەی یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی وتی: ڕاستە ساڵانە ئێمە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا كاری هاوبەشمان هەبووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ پێكەوە كارمان نەكرد و ئێمە وەك رێكخراوەكەمان پرۆژەیەكی سەرتاسەریمان هەبوو بۆ چەند بابەتێكی گرنگ.
ڕەجا حەمە ڕەئوف وتیشی: هەمووكات ڕێكخراوەكەمان هەڵوێستی هەبووە بەرامبەر بەو توندوتیژییانەی دژبە ژنان دەكرێت، بەڵام دەبێت توندوتیژییەكان لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكرێن، گرنگیشە ڕێكخراوەكانی ژنان یەك دەنگ بن، دژ بە یەك كار نەكەن و دیدگایەكی ڕوونیان هەبێت بۆ ئەوەی كار بۆ ژنان، نەوەكو بچن پڕۆژەیەكی دەرەوەی كۆمەڵگە بێنن و بیسەپێنن، بەو نیەتەی کە تندوتیژی كەم بكەیتەوە، بە ڕای من ئەوە هۆكارە بۆ ئەوەی توندوتیژی زیاد ببێت، هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هۆکارێکی دیکەی توندوتیژییەکانن، وە پەروەردەی خێزانی و بەرهەمهێنانی تاکێکی تەندروست دەتوانێت بەشێک لە چارەسەری کەمبوونەوەی توندوتیژی بێت.