لە فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالاندا ژنان ئەڵقەی هەرە بەهێزی شۆڕشن

لە مێژوودا گەلێک کەس هەبوون کە لەسەر ماف و ئازادی ژن خاوەن گوتار و لێکۆڵینەوە بوون، بەڵام هیچیان وەک ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان نەیانتوانیوە ژن بگەینە ئاستی تێکۆشان و پێشەنگایەتی لە شۆڕشی ئازادی و یەکسانیدا.

نەرمین ئەحمەد

 

سلێمانی- پەرتوکی دۆزی سەدە، کە گفتوگۆی کۆمەڵێک نووسەر و چالاکوان، ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری کوردە و لە ئامادەکردنی محەمەد بەکرە، باسی دۆزی کورد لە سەدەی ٢١ و فەلسەفەی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و ژنان دەکات لە دیدی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانەوە و لەپەرتوكەكەدا ڕێگەچارەسەری بۆ قەیرانی دروستکراوی سیستمی سەرمایەداری و تێکۆشانی ژنانی کورد دەکات لە پێناو دەستەبەرکردنی کۆمەڵگەیەکی دوور لە توندوتیژی، کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بنەمای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک تاکەکانی بە ئازادی پراکتیزی بوون و ناسنامەی خۆیان بکەن.

 

لە پەرتوکەکەدا ستێرک گلۆ، ڕۆژنامەنووس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ناونیشانی "لە فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالاندا ژنان ئەڵقەی هەرە بەهێزی شۆڕشن" باس لە پێگەی ژنان دەکات و دەڵێت:” لە ڕاستیدا یەکێک لە مژار و پرسە گرنگەکانی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، پرس و مژاری ئازادی ژن و ئازادی رەگەزییە. ڕێبەر ئۆجالان هەر لەسەرەتا و دەستپێکی تاودانی شۆڕشی ئازادیدا”تێڕوانینی” خۆی خستووەتە سەر پرسی ماف و ئازادیەکانی ژنان. چونکە وەک ئەڵقەی هەرە لاوازی سیستەمی داگیرکاری و دەوڵەتگەرایی نرخاندووە. هاوکات وەک ئەڵقەی هەرە بەهێزی سەرخستنی شۆڕشی بینیوە و هەر بۆیە شرۆڤە و لێکدانەوەی زۆر قوڵی بۆ پرسی ژن و مێژووی ژن و سروشت و کارەکتەری ژن کردووە.

 

لە مێژوودا گەلێک بیرمەند و فەیلەسوف و زانا و سیاسەتمەدار و دیموکراتخواز هەبوون کە لەسەر ماف و ئازادی ژن خاوەن گوتار و لێکۆڵینەوە بوون، بەڵام هیچیان وەک ڕێبەر ئاپۆ نرخاندنی قوڵیان بۆ ئەم پرسە نەکردووە، هیچیان نەیانتوانیوە ژن بگەیننە ئاستی تێکۆشان و پێشەنگایەتی لە شۆڕشی ئازادی و یەکسانیدا. هۆشمەندی و قوڵبوونەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە ژنان و پرسەکەیان، هەموو ئەو هۆشمەندی و بیرکردنەوانەی لەسەر ژن هەبوو تێپەڕاندووە، نەک هەر ژنانی هۆشیار کردەوە؛ بەڵکو کردنیە خاوەن ئیرادە و بڕیار و خۆبەڕێوەبردن و بوون بە سوپا و ئەرتەش، کردنیە پێشەنگی شەڕی شۆڕشگێڕی گەل.

 

"دوای دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ ژنان زیاتر درکیان بە مەزنایەتی ڕێبەر ئاپۆ کرد"

ستێرک گلۆ لە گفتوگۆکەدا ئاماژە بەوە دەکات، ڕێبەر ئاپۆ مێژووی نووسراوی سەردەست و دەسەڵاتخوازی دەرهەق بە ژنان وەلانا و سەرلەنوێ مێژووی ژنانی نووسیەوە. ئایدیۆلۆژیای ئازادی ژنی ئافراند و زانستی ژنۆلۆژی وەک دیاری پێشکەشی ژنان کرد. بەم ڕەنگە ژنانی گەیاندە ئاستی هزری و سیاسی و خۆبەڕیوەبردن، گەیاندنیە هزری شەڕ و بە سوپابوون و هزری پێشەنگایەتیکردن بۆ وەرچەرخان و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە.

 

"ڕێبەر ئاپۆ ئازادی ژنی کردە پێوانە و گەوهەری تەڤگەری ئازادی گەلی کورد"

ئەو ڕۆژنامەنووسە تیشك دەخاتەسەر هەوڵەکانی ڕێبەری گەلی کورد، کە ئازادی ژنی کردە پێوانە و ستراتیژ و گەوهەری تەڤگەری ئازادی گەلی کورد و دەڵێت:”ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند بە بێ ئازادی ژن نە شۆڕش دەبێ و نە کۆمەڵگەش سەردەکەوێت”. هەروەها ڕایگەیاند؛ پێوانەی ئازادی ژن، پێوانەی ئازادی کۆمەڵگەیە. بەم ڕەنگە مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی گرێدا بە سەرکەوتنی هزری ئازادی ژنەوە، هەموو ئەم ڕەنج و ماندووبوونەی ڕێبەر ئاپۆ، لە تەوەری هوشیاری ژن و ئازادی ژن و بەئیرادەکردن و بە سوپاکردنی ژنان پێشکەش بە ژنانی کورد کرد، هەڤاڵێتیەکی مەزن و واتاداری لە نێوان ژنان و ڕێبەر ئاپۆدا دروستکرد. ئەم هەڤاڵێتیەش وای لە ژنان کرد کە بە حەسرەت و بە بڕیارەوە بەشداری کاروانی شۆڕش ببن و ڕێبەر ئۆجالان وەک ڕێبەری ئازادی ژنان سەیربکەن و پێناسەی بکەن. خۆشەویستی و گرێدانێکی مەزن لە نێوان ژنان و ڕێبەر ئاپۆدا دروست بوو. کاتێکیش ڕێبەر ئاپۆ ڕووبەڕووی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بووەوە و دەستگیرکرا، ژنان بەر لە هەر کەس خاوەندارێتیان لە ڕێبەر ئاپۆ کرد و لە بەرەی پێشەوەی سەرهەڵدان و چالاکی و بەرخۆدان و گیانبازیدا جێگەیان گرت؛ چونکە ژنان باش دەرکیان بەو ڕاستییە کردبوو کە لە خودی ڕێبەر ئۆجالاندا ئەو پیلانگێڕیە دژ بە ژنان و ماف و ئازادیەکانی ژنان بوو. ئەوە ژنانن کە ڕووبەڕووی پیلانگێڕی بوونەتەوە و سیستەمی ئیمرالی شوێنی زیندانی و ئەشکەنجەدانی تەواوی ژنانی ئازاد و تێکۆشەرە.

 

"ژنان ئازادی ڕێبەر ئاپۆ وەک ئازادی خۆیان دەبینن"

ستێرک گلۆ باس لە ڕۆڵ و پێشەنگایەتی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات بە تایبەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەتەكانی داعش لە کۆبانێ و تەواوی گۆڕەپانەکان و وتی: ئەم ڕۆح و هەست و ئەشقە بۆ ئازادی لە خۆڕا دروست نەبووە؛ بێگومان فەلسەفە و هەڤاڵێتی دروستی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ژنان ئەم ڕۆح و مۆڕاڵ و متمانە و بەرخۆدانەی ئاوا کردووە. بۆیە ژنان ئازادی ڕێبەر ئاپۆ وەک ئازادی خۆیان دەبینن. چەندە گۆشەگیری بەردەوام بێت، هێرش و پەلامار و دەستدرێژی و بێ مافی و ستەم لەسەر ژنان زیاتر دەبێت. هەر بۆیە بەردەوام دەبینی کە ژنان بۆ ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ لە چالاکی دان. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ژنان دینامیکێکی گەورەی بەرەنگاربوونەوەی پیلانگێڕی و سەرخستنی شۆڕش و خاوەنداری لە ڕێبەرەکەیانن. کاتێک ژنان چالاکبوون، کۆمەڵگەش چالاک دەبێت و ڕۆحی چالاکیش مسۆگەر ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ دەستەبەر دەکات، چەندە تیکۆشانی ژنان بڵندتر ببێت ئەوەندەش ئازادی ڕێبەر ئۆجالان نزیکتر دەبێتەوە.

 

سەرچاوە؛ پەرتوکی دۆزی سەدە