بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەڵبژاردەی قورس دەخاتە بەردەم ژنان

بەرزبوونەوەی تێچووی چارەسەرو چاودێری تەندروستی بووەتە هۆی دابەزینی پێویستیەکان کە بە تەندروستی زۆرێک لە ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدرا، ئەمەش وایکردووە چوون بۆ لای پزیشک بڕیارێکی قورس بێت بۆیان.

مەهیار ڕۆستەمی


جوانڕۆ -لە نێوان فشارە ئابوورییەکان و ئەو نادڵنیاییەی کە لە قەیرانە کۆمەڵایەتی و ناوچەییەکان سەرچاوەی گرتووە کە سێبەر بەسەر ژیانی خەڵکدا دادەنێت، زۆرێک لە خێزانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناچار بوون خەرجییەکانیان لە پێشینەی کارەکانیان دابنێنەوە، لە ناوەڕاستی ئەم حاڵەتەدا زۆرجار تەندروستی ژنان دەکەوێتە خوارەوەی لیستی پێویستیەکان، کە ئەمەش دەتوانێت کاردانەوەی جددی هەبێت هەم بۆ خودی ژنان و هەم بۆ خێزانەکانیان.

 

تەندروستی ژنان تەنها بە چارەسەرکردنی نەخۆشیەکان دوای دەرکەوتنی نیشانەکان سنوردار نییە، بەشێکی گرنگی چاودێری پزیشکی بریتییە لە خۆپاراستن، پشکنینی بەردەوام و دۆزینەوەی پێشوەختە،. زۆرێک لە نەخۆشییە باوەکانی نێو ژنان، وەک شێرپەنجەی مەمک و ڕەحم و هێلکەدان، ڕەنگە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیاندا نیشانە ڕوونەکان دەرنەکەوێت، کە وا دەکات پشکنینی بەردەوام و بەدواداچوونی پزیشکی پێویست بێت.

 

چاودێریکردنی تەندروستی گشتی، پشکنینی کەمخوێنی و کەمی ڤیتامینەکان، ئەنجامدانی پشکنینی خۆپارێزی پێویست، چاودێریکردنی گۆڕانکارییە جەستەییەکان هەموویان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە خۆپاراستن یان دیاریکردنی نەخۆشیەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکانیاندا، بەڵام تێچووی زۆری ڕاوێژکاری پزیشکی و پشکنین و سۆنەر و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی دیکە وایکردووە زۆرێک لە ژنان سەردانی پزیشک دوابخەن، تەنانەت کاتێک نیشانەکانیش دەردەکەون.

 

ژنان لە کاتی قەیرانەکاندا زیاتر خۆیان لە کەسانی دیکە پشتگوێ دەخەن لە پێداویستییە کەسییەکانیان، چونکە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و خێزانیی ئەم شێوازەیان بەهێزتر کردووە، تەنانەت کاتێک باس لە تەندروستییان دەکرێت.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، شێرپەنجەی مەمک، ڕەحم و قۆڵۆن و ڕیخۆڵە لە بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجەن لە وڵاتەکەدا، شێرپەنجەی مەمک لە پلەی یەکەمدایە لە ڕووی ژمارەی حاڵەتەکانەوە و ژنان زۆرترین ڕێژەی تووشبوونیان پێدەدرێت، ئەم ژمارانە گرنگی پشکنینی بەردەوام و پابەندبوون بە چاوپێکەوتنە پزیشکییە ڕۆتینییەکان دەردەخەن.

 

کاریگەری گرانی نرخەکان لەسەر تەندروستی ژنان و پێداویستییە سەرەتاییەکان

کاریگەری فشارە ئابوورییەکان تەنها لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لەلایەن ژنانەوە سنووردار نەبووە، هەروەها درێژبووەتەوە بۆ دەستەبەرکردنی هەندێک پێداویستی تەندروستی سەرەتایی، بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە پاکوخاوێنییەکانی ژنان، لەوانەش پادی تەندروستی، بووەتە سەرچاوەیەکی ڕاستەقینەی دڵەڕاوکێ بۆ زۆرێک لە خێزانەکان.

 

نیگار. ‌‌ع ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەدەست خوێنبەربوونی زۆر لە سوڕی مانگانەدا دەناڵێنێت و پێشتر لە هەر سوڕی مانگانەدا لە نێوان دوو و نیو بۆ سێ پاکەت پادی تەندروستی بەکاردەهێنا، بەڵام گرانی نرخی ئەم بەرهەمانە ناچاری کردووە بەکارهێنانی کەم بکاتەوە، وتی: پێشتر هەر کە پێویست بووایە پادی تەندروستیم دەگۆڕی، ئێستا، هەندێکجار دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژتر بەکاریان بهێنم بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕەحەتی و دڵەڕاوکێ بۆم، هەروەها کاریگەری لەسەر پاکوخاوێنی کەسی و تەندروستییش هیە.

 

هاوکات ژنانی دیکەش بەهۆی گرانیی تێچووی چارەسەرەوە، بۆ چەند مانگێک و هەندێکجار تەنانەت ساڵانێک داوای چاودێری پزیشکییان دواخستووە، یەکێک لەو ژنانە، موژگان.ک، تەمەن ٢٥ ساڵ، کە تووشی کیس بووە لە مەمک و ژێر باڵەکانیدا و وتی: پێویستە شەش مانگ جارێک پشکنینی سۆنەر بکەم، بەڵام بە نزیکەی ساڵێکە نەمتوانیوە ئەو کارە بکەم، نازانم کیسەکانم چۆنن یان گەورەتر بوون یان نا.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئازارەکەی درێژ بووەتەوە بۆ شانی و تادێت نیگەرانی تەندروستی خۆی زیاتر دەبێت، بەڵام هێشتا توانای چارەسەرکردنی نییە.

 

سورەیا محەمەدی یەکێکی دیکەیە لەو ژنانەی کە بەهۆی کێشەی داراییەوە ناچاربوون سەردانی پزیشک دوابخات، وتی: ماوەی چەند مانگێکە گرژبوونی سوڕی مانگانەم خراپتر بووە، هەروەها لە دەرەوەی سوڕی مانگانەش تووشی دەردانی نائاسایی بووم، دەزانم پێویستە سەردانی پزیشک بکەم، بەڵام تێچووی ڕاوێژکردن و پشکنین و دەرمان زۆرە زیادی کردووە.

 

ڕوونی دەکردەوە، کە تەنها دوای ئەوەی نیشانەکانی زۆر توندتر بوون چووە لای پزیشک، کاتێک دواجار پزیشکەکەم بینی، هەوکردنەکە خراپتر بوو، چارەسەرکردنی زۆر زیاتری خایاند، ئەگەر زووتر بچوومایە، پێدەچوو کە چارەسەرەکە سادەتر و کەمتر تێچووی هەبووایە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ترس لە تێچووی چارەسەرکردن وای لێکردووە پشکنینی پزیشکی بۆ چەند مانگێک دوابخات، بڕیارێک کە بارودۆخی باشتر نەکرد، بەڵکو چارەسەری ئاڵۆزتر و قورستر کرد.

 

دواکەوتنی دەستنیشانکردن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکان زیاد دەکات

سۆما محەممەدیان، پزیشکی ژنان و منداڵبوون لە شاری جەوانرود وتی: سەختی ئابووری و هەندێک کۆت و بەندی کولتووری لە گرینگترین هۆکارەکانن کە ڕێگری دەکەن لە بینینی پزیشکی ژنان لە کاتی خۆیدا، کاتێک ژنێک سەردانی پزیشک دوادەخات، زۆرجار نەخۆشییەکان لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندا دەستنیشان دەکرێن و چارەسەرکردن قورستر دەبێت.

 

ئاماژە بەوە دەکات، کە هەوکردنی درێژخایەن ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی ئاڵۆزیی ڕاستەقینە، بەم دواییە نەخۆشێکم بینی کە سەرەتا تەنها هەوکردنێکی کەمی هەبوو، بەڵام بە نزیکەی سێ ساڵ هیچ پشکنینێکی بەردەوامی نەکردبوو، دواتر حاڵەتەکەی بەرەو برینی توند و هەوکردنێکی پێشکەوتوو.

 

پێویستی پشتگیری زیاتر بۆ چاودێری خۆپارێزی

بە وتەی پسپۆڕانی تەندروستی، کەمکردنەوەی تێچووی خزمەتگوزارییەکانی خۆپارێزی، فراوانکردنی بیمە بۆ پشکنینی ڕۆتینی و باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی ژنان دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت لە هاندانی ئەوان بۆ سەردانیکردنی ناوەندە پزیشکییەکان بە بەردەوامی.

 

بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بێبەشن لە پشکنینی ڕۆتینی بەهۆی فشارە ئابووریەکانەوە، کە دەتوانێت تەندروستیان بخاتە بەر مەترسیی درێژخایەنی ڕاستەقینە و ببێتە هۆی دەستنیشانکردنی نەخۆشی لە قۆناغە درەنگەکاندا کە چارەسەرکردنیان قورسە.