بەهیە حەمە؛ ئەنفال ڕاینەگرت و ژیانی چەندان ژنی دیکەی ڕازگار کرد
بەهیە حەمەد عەبدوڵا، وەک هەموو ژنەکانى دیکەى کوردستان خاوەن چیرۆکێکى تراژیدیە و چەندین خەم و مەینەتى چەشتووە، ئێستا دوکاندارێکى شاری کۆیەیەو لەدوای شاڵاوی ئەنفالەوە لەسەر پێیەکانی خۆی وەستاوە.
شیا کۆیى
کۆیە- ژنانى کورد هەمیشە ناخۆشی ونەهامەتى زۆریان بەسەرهاتووە، بەتایبەت ئەوانەى بەرشاڵاوى ئەنفال کەوتوون وکەسوکاریان ئەنفال بوو، ئاوارەى شارەکان بوون بێ ئەوەى هیچ بژێوی و کەلوپەلێکیان هەبێت، ئەرکى ماڵ و منداڵ بەخێوکردیان کەوتە سەرشان، بەهیە حەمەد، یەکێک لەوژنانەى کە توانیویەتى لەسەرپێى خۆى بوەستێت.
لەکاتى شاڵاوى ئەنفال یەکێک لە کوڕەکانى ئەنفال دەکرێت و هەر ئەوشەوە بۆ بەیانى باوکیشی واتە هاوژینی بەهیە لەخەمى کوڕەکەى گیانى لەدەستدا ئەویش بەتەنها دەمێنتەوە، بەڵام ئەو کۆڵ نادات هەر وەک ژنێکى بەجەرگ و ئازا منداڵەکانى گەورە دەکات تائێستاش لەگەڵ کوڕەنەوەکانى دەژى و هاوکاریان دەکات لەکارى دوکاندارى.
کشتوکاڵ هەر لە تونتن دروێنەو دەغڵ و دانی کردووە
بەهیە حەمەد عەبدوڵا قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: خۆم خەڵکى شارەدێى خەلەکانم لە ساڵى ١٩٤٦ لەدایک بووم, دوایی نسبیبم کەوتە کۆیە لەوێ هاوسەرگیریم کرد، هەرچى کارێکى هەیە کردوومە وەک کارى کوشتوکاڵ وتوتن ودەغڵ ودان و دروێنەو تێلەگەم کردووە، هەمیشە ماڵێکى گەورەو خێزانداربووین، چوار براو چوار براژن پێکەوە لەیەک ماڵ بووین، هەشت منداڵم هەبوو, بەڵام کاتى شاڵاوى ئەنفال کوڕێکم ئەنفال بوو هەر ئەو شەوە باوکی ژیا بۆ سبەى ئەویش گیانی لەدەستدا لەخەمان چونکە کوڕێکى نازدارمان بەر ئەنفال کەوت، هەموو بۆی پەشۆکاین وخەمباربوین، جگە لەوە سێ جار ماڵم سووتێندراوە لەلایەن رژێمى ئەوکاتى بەعس، بەڵام زۆر ژنێکى ئیشکەر بووم، هەرگیز پێویستم بەدەستى کەس نەبووە، هەمیشە پشتم بەخۆم بەستووە، نانم کردووە مەشکەم ژەنیوە مەرومالاتم هەبووەم پەرێزمان هەبووەم چونکە ژنى ئەوکات وەستانى نەبوو دەبوو هەموو ئیشێک بکەین.
"خەمم زۆرە کە دێمە دوکان خەمەکانم بیردەچێتەوە"
سەبارەت بە دوکانداریەکەى بەهیە حەمەد وتى: جاران ئیشم دەکردو پێویست بوو بیکەم تا منداڵەکانم بەسەربەرزى بژین وچاویان لەدەستى کەس نەبێت، بەڵام ئێستا بۆخۆشى خۆم دێمە دوکانم چونکە خەمم زۆرە کە دێمە دوکان خەمەکانم بیردەچتەوە، جەرگەکەم بیردەچێتەوە کە ئەوەش وادەکات هەندێک خەمەکانم لەبیر بکەم, گەرنا کەس زۆرم لێناکات بێمە دوکان، بەڵام زۆریش خۆشحاڵم کە توانیم بگەمە ئێرە، چونکە زۆر دەردەسەریم دیوەم ئەوە ماوەیەکە حەساومەتەوە وئەوەى دڵم خۆشدەکات منداڵ وکوڕو بوک وکچى باشم هەیەو لەگەڵ ئەوان دەژیم.
وەک مامان چەندین دایکی ڕزگارکردووە لەکاتی منداڵ بوون
بەهیە ئەمەد کە خۆی ژنێکی بوێرەو سەرەڕای نەهامەتییەکانی کە ڕووبەڕووی بووەوە، جگە لەکارى ماڵ ومنداڵى وقورسی ژیانى کارى مرۆفانەشى کردووەو یارمەتی ژنانی دەوروبەری داوە، وتی: چەندین دایکم لەکاتى منداڵ بوون ڕزگار کردووەو کارى مامانیم کردووە وناوکى منداڵم بڕیوەم هەمو ئەوکارانەش بێ بەرامبەر کردوومن.