باخچەی ژنان، ژنانی وان پەیوەست بە خاک و پشتگیری لە بەشداری ئابوورییان دەکات

شارەوانی ئارتمێت لە شاری وان پڕۆژەی باخچەی ژنان فراوانتر دەکات، ئامانجی بەهێزکردنی ژنانە لە ڕووی ئابوورییەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییان بە خاکەوە لە ڕێگەی دابینکردنی شوێن بۆ کشتوکاڵ و کاری کۆمەڵایەتی لە گەڕەکە جیاوازەکانی سەرتاسەری شارەکەدا.

مەميهان هیلبين زەيدان

 

وان-شارەوانی ئارتەمێت لە شاری وان لە باکووری کوردستان سەر بە دەم پارتی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی ژنان، لە هەوڵەکانیدا بۆ ڕێگریکردن لە وازهێنانی ژنان لە زەوی و دروستکردنی کەشی کار و بەرهەمهێنانی ئابووری، شارەوانی باخچەیەکی نوێی بۆ تۆڕی باخچەکانی ئێستای زیادکردووە، دوابەدوای دامەزراندنی باخچەی کۆمینی ژنان لە گەڕەکی ”ئەمین پاشا” و ”شابانیە”، سێهەم باخچەی میوە لە گەڕەکی ”شەهید فورات” کرایەوە، کە ئەمەش هەنگاوێکی دیکە بوو بەرەو پتەوکردنی بەشداری ژنان لە بەرهەمهێنان و دووبارە بەستنەوەی ئەوان بە خاکەوە.

 

بێریڤان پۆلات چاغلایان، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئارتەمێت ڕوونی کردەوە، کە دە ژن بەشداری کارە کشتوکاڵییەکان دەکەن لە باخچەی نوێی میوەدا، پڕۆژەی باخچەی کۆمینی ژنان بەردەوام دەبێت و شارەوانی پلانی هەیە لە داهاتوودا باخچەی زیاتر دابمەزرێنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پڕۆژەی باخچە لە ساڵی ٢٠٢٥ دەستیپێکردووە، شارەوانیش دوای دامەزراندنی یەکەم باخچە، فیدباکێکی ئەرێنی لەلایەن ژنانەوە وەرگرتووە، هەروەها یەکەم باخچەی میوەی شارەکانمان لە گەڕەکی ئەمینە پاشا دەستیپێکرد، نزیکەی ١٥ ژن لەوێ کاردەکەن، بە ئەنجامە دڵخۆشکەرەکان، هەوڵماندا لە ساڵی ٢٠٢٦دا پڕۆژەکە فراوان بکەین بۆ گەڕەکەکانی دیکە، باخچەی میوەمان لە شابانیە دامەزراند، پاشان باخێکی نوێمان لە گەڕەکی شەهید فورات کردەوە، ئەمڕۆ ٤٥ ژن لە سێ باخچەدا کاردەکەن کە لە سێ گەڕەکی جیاوازدا بڵاوبوونەتەوە.

 

بێریڤان پۆلات چاغلایان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە باخەکانی ژنان تەنها سەرچاوەی داهات نین، بەڵکو بوونەتە کەشێک کە هاودەنگی و کاری گروپی لە نێوان ژناندا پەروەردە دەکەن، وتی: لە ڕووکەشدا ڕەنگە پڕۆژەکە تەنها وەک دەستپێشخەرییەکی ئابووری دەربکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆکیدا هێزی هاوکاری نێوان ژنان ئاشکرا دەکات، ئەو ژنانەی لەم باخچانەدا کاردەکەن، نیگەرانییەکانی خۆیان هاوبەش دەکەن، پشتگیری یەکتر دەکەن و پێکەوە کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانیان.

 

ڕوونیدەکاتەوە، کە پلانیان هەیە بۆ ئەوەی کەشی بازاڕێک بە تایبەت بۆ ژنان بکەنەوە بۆ فرۆشتنی بەرهەمی کشتوکاڵییان، وتی: ژنان دەتوانن بەرهەمی باخەکانیان بگۆڕن بۆ سەرچاوەیەکی ڕاستەقینەی داهات لە ڕێگەی ئەم بازاڕەوە، لە هەندێک گەڕەک چوار دۆنم و لە گەڕەکەکانی تریش دە دۆنممان تەرخان کردووە، بە ئامانجی فراوانکردنی باخی میوەی ژنان و بەرزکردنەوەی بەشداری ئابورییان.

 

جەختی لەوەکردەوە، کە ئامانجی سەرەکی دامەزراندنی باخەکانی شارەکە پەیوەستکردنەوەی ژنانە بە زەوییەوە، کە دوای دروێنەکردنی بەرهەمەکان، ژنان لە نێوان خۆیاندا دابەشیان دەکەن و دواتر ئەم بەرهەمانە بە باشترین شێوە بەکاردەهێنرێن، فراوانبوونی خێرای شارەکان لە ساڵانی ڕابردوودا ژنانی لە خاکەکە دوورخستۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانە.

 

دووپاتیکردەوە، کە زۆرێک لە ژنان گڕوتینی خۆیان بۆ کارکردن لە خاکەکەدا دەربڕیوە، هەروەها بەرهەمهێنانی هاوبەش لەگەڵ ژنانی دیکە هەستێکی ئەرێنی و پاڵپشتی دەروونییان پێدەبەخشێت.

 

بە پشتبەستن بەم ئەزموونانە و فیدباکێکی هاندەرانە، بێریڤان پۆلات چاغلایان دووپاتی دەکاتەوە، کە کارەکان بەردەوام دەبن بۆ دامەزراندنی باخچەی کۆمینی ژنان لە گەڕەکەکانی دیکەدا.