بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەکانی شاری حەلەب دڕندەیی جیهادییەکان ئاشکرا دەکات
گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە دوای ئەوەی تووشی هێرشی توندوتیژی و بەئامانجکردنی ڕاستەوخۆی ژێرخانی چاودێری تەندروستی بوون، گۆڕدراون بۆ ناوچەی کارەساتبار،کە یەکێکە لە قەیرانە مرۆییەکانی حەلەب لەم دواییانەدا شاهیدی بووە.
ئەسما محەمەد
قامیشلۆ-لە ئەنجامی هێرشەکانی جیهادیەکانی هەتەشە، نەخۆشخانەکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەبی سووریا لە کارکردن دەرچوون و بە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان منداڵ و ژن و بەتەمەن بوون، ڕووبەڕووی مردن بوونەتەوە دوای ئەوەی مافی چاودێری پزیشکی یان هەر دەستێوەردانێکی مرۆیییان لێ داگیر کرا.
لەژێر گەمارۆیەکی خنکێنەر و هێرشی بێوچان، دۆخی مرۆیی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بەرەو ئاستێکی کارەساتبار خراپ بووە، هێرشەکانی جیهادیەکانی هەتەشە لەگەڵ پچڕانی کارەبا و ڕێگریکردن لە کارپێکردنی مۆلیدە و بەئامانجکردنی نەخۆشخانەکان و دامەزراوە پزیشکییەکان بووە، کە بووە هۆی لەکارکەوتنی تەواوەتی کەرتی تەندروستی.
هەدیە عەبدوڵا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایگەیاند، ئەوەی ڕوودەدات لە دەرئەنجامەکانی شەڕ تێدەپەڕێت و پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پێکدەهێنێت.
سەبارەت بەو توانایە پزیشکی و لۆژستیکانەی کە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە بەردەستن، دووپاتی کردەوە، کە بەر لە هێرشەکە بەهۆی ئەو گەمارۆیەی کە چەند مانگێکی خایاند، چ لە خاڵەکانی مانگی سووری کوردی یان لەناو نەخۆشخانەکان، تووشی کەموکورتی بوون، هەروەها قەبارە و چڕی هێرشەکان لە هەموو خەمڵاندنەکان تێپەڕی، بەتایبەتی بە ئامانجکردنی ڕاستەوخۆی ژێرخانی تەندروستی، بڕینی تەواوەتی کارەبا بۆ ناوچەکە، کە بووە هۆی لەکارکەوتنی تەواوەتی دامەزراوە پزیشکییەکان، نەخۆشخانەکان بە شێوەیەکی کاریگەر لە خزمەتگوزاری دەرچوون، بەتایبەتی دوای ڕێگریکردن لە کارپێکردنی مۆلیدەکان، کە بریندار و نەخۆشەکانی لە سەرەتاییترین جۆرەکانی چاودێری پزیشکی لە ساتەوەختە سەختەکاندا بێبەشکرد.
دۆخی مرۆیی ئەو دوو گەڕەکە گەیشتە ئاستێکی کارەساتبار، منداڵان، ژنان و بەتەمەنەکان ڕووبەڕووی ئازارێکی ئاڵۆزتر بوونەتەوە، لەوانە کەمیی خۆراک، کەمی دەرمان و سەختبوونی دەستێوەردانی پزیشکی بەپەلە، ئەمەش بەهۆی خراپتربوونی برینەکان و بەردەستنەبوونی بێهۆشکردن و ئامێری زیندووکردنەوە و پێداویستییەکانی چاودێری چڕ زیاتر بوو.
”دیمەنە کارەساتبارەکان و پێشێلکارییە گۆڕەکان”
لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، کە ناکرێت ئەم هەلومەرجانە تەنها وەک دەرئەنجامە سروشتییەکانی شەڕی چەکداری پێناسە بکرێت، بەڵکو پێشێلکارییەکی گەورەی بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پێکدەهێنن، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە پزیشکییەکانەوە هەیە، بەردەوامبوونی ئەم پێشێلکارییانە بەبێ لێپرسینەوە هەڕەشەی لەناوبردنی متمانەی جیهانی بە سیستەمی مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕۆڵی لە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کاتی شەڕەکاندا دەکات.
وەک هەدیە عەبدوڵا ڕوونیکردەوە، مانگی سووری کورد داوای تایبەتمەندی ناوازە و سیاسی ناکات، بەڵکو بانگەوازێکی تەواو مرۆیی بەرز دەکاتەوە کە سەرنجی لەسەر مافی هاوڵاتیانی مەدەنیە لە هەر شوێنێک بن، بۆ وەرگرتنی چاودێری پزیشکی و خزمەتگوزارییە مرۆییە سەرەتاییەکان کاتێک مەترسییان لەسەرە یان بریندار دەبن، هەروەها ئەو دیمەنە دڵتەزێنانەی لە گەڕەکەکەدا دەبینرێن، هیچ مرۆڤێک بەرگەی ناگرێت کە بیبینێت، پاراستنی ژیانی مرۆڤ مافێکی سروشتییە و ناتوانرێت بخرێتە ژێر حیساباتی سەربازی و سیاسییەوە.
لێدوانەکانی بە تەواوی بێبەشن لە هەر ڕەچاوکردنی سیاسی، دووپاتی کردەوە، کە مانگی سووری کورد لە دامەزراندنیەوە کە ساڵی ٢٠١٩یە، بەردەوام بووە لە جێبەجێکردنی ئەرکی مرۆیی خۆی لە سەردەمی شەڕ و هەم لە ئاشتیدا، خزمەتگوزاریی پزیشکی و فریاگوزاری بۆ هەزاران نەخۆش و بریندار لە هەموو نەتەوە و پاشخانەکانەوە دابینکردووە، بەبێ هیچ جیاکارییەک، لەسەر بنەماکانی بێلایەنی و سەربەخۆیی و مرۆڤایەتی.
هەدیە عەبدوڵا لە کۆتاییدا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم ڕێکخراوە مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ کرد کە بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدرێن، جەختی لە پێویستی بەپەلەی بەڵگەنامەکردنی ئەم تاوانانە و لێپرسینەوە لە بەرپرسیارەکان و دڵنیابوون لە بڵاوکردنەوەی ڕوونی ڕاستییەکان بۆ خەڵک لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیاوازەوە کردەوە، ئەمەش بۆ ڕزگارکردنی ژیانی بریندارەکان بە خێرایی، بۆ بەرزڕاگرتنی دادپەروەری و شکۆمەندی مرۆڤ وەک بەهایەکی بێبەشنەکراو زۆر گرنگە.
شایانی باسە ئەو بریندارانەی کە لە شەڕەکانی ئەم دواییە لە گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیەی شاری حەلەبی سووریا بریندار بوون، بوێری بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی هەتەشەیان کرد کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، بۆ کانتۆنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گواسترانەوە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، لە دیمەنگەلێک کە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی هاودەنگی جەماوەرییە، لەلایەن هەزاران کەس لە پێکهاتە جیاوازەکانەوە پێشوازییان لێکرا.