بە بەرەکەتی باران گوندەکانی قامیشلۆ بە ڕەنگی بەهار ڕازاونەتەوە
ژنانی ناوچەی چل ئاخا ئاماژەیان بەوەکرد، ژیانی گوند تەندروستەو بە هاتنی وەرزی بەهار هەموو شوێنێکی گوند سەوز دەبێت و هەوا پاک دەبێتەوە.
عەبیر محەمەد
چل ئاخا- سروشتی گوندەکانی قامیشلۆ بە ڕەنگی بەهار ڕازاوەتەوەو لە هەموو شوێنێک سەوزایی گەشەی کردووە و گوندنشینەکان دەچنە دەرەوە بۆناو سەوزایی و هەوای پاک هەڵدەمژن، ژنانی گوند لە ناوچەی چیل ئاخا لە قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایانگەیاند، بە هاتنی وەرزی بەهار ژیان لە گوندەکان زۆر تەندروستە، گوندەکەیان لە گەشەکردندایە و سەرەڕای هەموو هێرشەکان، بە کەمترین دەرفەتەوە بەردەوامن لە ژیانیان.
"لە بەهاردا گوندەکان زیندوو دەبنەوە"
مزگین سلێمان، خەڵکی گوندی سێگیرا دیرۆ لە ناوچەی چل ئاخا ڕایگەیاند ژیان لە گوندەکان تەندروستە و وتی:: ژیان لە گوندەکە زۆر خۆشە، کەشوهەوا، سروشت و سەوزایی ژیان باشتر دەکەن، گوندەکە لە بەهاردا زیندوو دەبێتەوە، لە وەرزی بەهاردا چەندین جۆری میوە و سەوزە و ڕووەکمان لە حەوشەکەمان چاند، لە ئێستادا ئامادەکاری دەکەین بۆ جەژنی ڕەمەزان و هەموو جۆرە خواردن و خواردنەوەیەکی تایبەت ئامادە دەکەین.
"سەرەڕای هێرشەکان، ڕێگای ژیان دەبینین"
میزگین سلێمان تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شارەکانیان و وتی: سێ مانگ لەمەوبەر دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی توندی کردە سەر ژێرخانی ناوچەکەمان، لەو کاتەوە کارەبا و ئاو و گاز و سووتەمەنی نەماوە، تورکیا دەیەوێت شەڕێکی تایبەت لە دژمان ئەنجام بدات و بەهێرشەکان ژیانمان ڕابگرێت، بەڵام ئێمە هەمیشە ڕێگەیەک بۆ خۆمان دەدۆزینەوە، بە کەمترین دەرفەت بەردەوام دەبین لە ژیانمان.
"ژیان لە گوند خۆشترو تەندروستترە"
مەنیفە خەڵەف، خەڵکی گوندی کەشیکا لە ناوچەی چیل ئاخا، ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ بارانێکی زۆر باریوە و بەرەکەتدار بووە، وتی: لە گوندەکەدا ١٢٠ ماڵین، ئەمساڵ بارانی باش باریوەو دەریدەخات کە وەرزی دروێنەی ئەمساڵ باش و بە بەرەکەت دەبێت، لەم حاڵەتەدا، ژیان لە گوند خۆشترو تەندروستترە، هەروەها مەڕیشمان هەیە وبەخێویان دەکەین، بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەباوە ئەمساڵ زۆر دارم نەچاند، بەڵام درەختی میوەم هەیە.