٨ی ئادار تەنها لەبەرکردنی جلی کوردی نییە، بەڵکو دریژەپێدانی تێکۆشانی ژنە

ژنانی گەنج پێیان وایە ڕۆژی ٨ی ئادار ڕۆژێکە بۆ نوێکردنەوەی تواناکانی ژنان و بەردەوامبوونی هەوڵی ژنان بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئامانجەکانیان، هەر بۆیە بە پێویستی دەزانن ژنان لە ژێر کاریگەری کۆمەڵگای پیاوسالاری لە هەوڵدان سارد نەبنەوە، بەڵکو ڕێگرییەکان بکەنە هۆکارێک بۆ سوربوون بە گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ڕۆژی ٢٦ و ٢٧ی ئابی ١٩١٠ لە شاری کۆپنهاگی دانیمارک له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ژنان له‌ چوارچێوه‌ی كۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیستی نێوده‌وڵه‌تی، یه‌كێک لە پێشەنگانی پارتی سۆشیالدیموكراتی ئه‌ڵمانیا بە ناوی "کلارا زەتکین" پێشنیاریكرد بۆ یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی‌ له‌ ٨ی ئاداری ساڵی ١٨٥٧ له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌کەی كارگه‌ی ڕستن و چینین له‌ نیویۆرک گیانیان له‌ده‌ستدا، هەموو ساڵێک ئەو ڕۆژە وه‌ک ڕۆژی جیهانی ژنانی كرێكار دیاری بکرێت، ئه‌م پێشنیاره‌ بەكۆی ده‌نگی ئاماده‌بووان پەسەند كرا.

 

پاش ئەو بڕیارە ساڵانە له‌ مانگی ئاداردا، یادی ئەو ڕۆژە دەکرایەوە، ساڵی ١٩٢١ له‌ سێیه‌مین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان له‌ مۆسكۆ ڕۆژی ٨ی ئادار بە فەرمی وەک ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕه‌نجده‌ر ڕاگه‌یەندرا.

 

٨ی ئادار، بووە سیمبولێک بۆ ڕەنج و تێکۆشانی ژنان بە گشتی و ئەو ژنانەی بەردەوام لە هەوڵ و تێکۆشاندان و ڕەنج دەدەن، دەربارەی یادی ڕۆژی ٨ی ئادار و ڕەنجی ژنان و گرنگی بەردەوامبوونیان مایکی نوژنها ژنانی شاری سلێمانی دەدوێنێت.

 

"ڕۆژی ٨ی ئادار لە ژنانی هەموو جیهان بە گشتی و دایکم بە تایبەت پیرۆز دەکەم"

ئیمان عەلی، ژنێکی گەنجە، وێڕایی پیرۆزبای لە ژنانی جیهان ئاماژەی بەوەدا هەموو ڕۆژێک ڕۆژی ژنانە و پێویستە ژنان ئاگادار بن لەوەی تەنها ٨ی ئادار ڕۆژی ژنان نییە بەڵکو هەموو ڕۆژێک ڕۆژی ژنە، جیاوازییەکەش لەوەدایە ٨ی ئادار بووەتە سیمبولێک بۆ ژن.

 

ئیمان عەلی باسی لەوەکرد ژنان لە هەموو ڕۆژێکی ژیانیان هەوڵبدەن بۆ بەدەستهێنانی خەونەکانیان و نەوەستن بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان کە ڕۆژانە بەربەست لە بەردەم ژنان دروست دەبێت و ڕێگریان لێدەکرێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئیمان عەلی وتی "داواکارم لە هەموو ژنان خۆیان بن و پشت بە هیچ کەس و لایەنێک نەبەستن ڕێگە نەدەن کەس ببێتە پلیکانەی سەرکەوتنەکانیان"، بە تایبەت پیرۆزبای لە دایکی دەکات، وەک باسی لێوە دەکات دایکی هەمیشە پاڵپشتی کردووە کە خودی خۆی بێت و نەوەستێت لە هەوڵدان، فێری کردووە ترسی نەبێت و هەمیشە زاڵبێت بەسەر بەربەستەکاندا.

 

لە ڕۆژی ٨ی ئاداردا ژنان بە جلی کوردی ئاڵوواڵاوە پیرۆزبایی لە یەکدی دەکەن، وەک ئیمان عەلی دەڵێت: "ناکرێت ژنێک لەو ڕۆژەدا جلی کوردی لەبەردا بێت و یادی ٨ی ئادار بکاتەوە، بەڵام لە ناخەوە شکێنرابێتەوە، بۆیە بە جلێکی سادە و دڵێکی پڕ هیوا و بوێری یادی ٨ی ئادار بکاتەوە باشترە"، باوەڕی بەوە هەیە ڕۆژی ٨ی ئادار بکرێتە ڕۆژێک بۆ دەستپێکی بەدیهێنانی خەونەکان و چیتر ژن لە چوارچێوەی خۆجوانکردن و دەرخستنی ڕووکەش نەمێنێتەوە.

 

ژنان داوا دەکەن، چیدیکە ژنان لە هەوڵدان نەوەستن

فاتمە سەعید، دەربارەی یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی ژنان دەڵێت: "یادکردنەوەی ٨ی ئادار یادێکی پیرۆزە"، پێیوایە پێویستە ژنان مافیان بپارێزرێت خۆیان هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیان بدەن و بەردەوام بن لە ڕەنجدان.

بەو هیوایەیە کە ٨ی ئادار تەنها یادێک نەبێت، تەنها چەند ساڵێک یادی بکرێتەوە بەڵکو ساڵانە یادی بکرێتەوە و لەبیر نەکرێت.

 

"پێویستە ژنان هەوڵبدەن وەک قوربانی تەماشا نەکرێن"

دونیا عەبدوڵا، دەربارەی ٨ی ئادار و ڕەنجی ژنان و تێکۆشانی ژنان دەڵێت: "لە کۆمەڵگای ئێمەدا وا هاتووە ژنان قوربانی بن، بەڵام بە پێچەوانەوە ژنان پێویستە هەوڵبدەن بۆ ئەوەی وەک قوربانییەک تەماشا نەکرێن"، بە پێویستی دەزانێت هەمیشە دەبێت ڕێز لە ژنان بگیرێت و تەنها داکۆکیکردن لە مافی ژن لەو ڕۆژەدا بە بیرنەهێندرێتەوە، بەڵکو هەموو ڕۆژەکانی ساڵ ژن داکۆکی بکەن لە مافەکانیان.

 

دونیا داوا لە ژنان دەکات گوێ لە ڕەخنەی کۆمەڵگا نەگرن و بەردەوام بن لە کارکردن و ڕەنجدان چونکە جیاوازییەک نیە لە نێوان ژن و پیاودا، ژنیش دەتوانێت هەموو کارێک ئەنجامبدات، هەروەها داوا دەکات سور بن لەسەر ماف و دووبارەبوونەوەی ڕەنجەکانیان.

 

"ژن تەنها بۆ ڕۆژێک نییە، بەڵکو بۆ هەمیشەیە"

مەیهان جەزا، لە پاش پیرۆزبایی کردنی لە ژنانی جیهان، ئاماژەی بەوەدا ئەو ڕۆژە تایبەت نییە بە لەبەرکردنی جلی کوردی بە تەنها، بەڵکو ڕۆژی ژنانە و و تیایدا دەبێت هەوڵ و سەرکەوتن و ڕەنجی ژن دەربخرێت، هەروەها بۆ کۆمەڵگا بسەلمێندرێت ژن تەنها بۆ ڕۆژێک نییە بەڵکو بۆ هەمیشەیە، ژن خاوەنی وڵاتە خاوەنی گەلە و خاوەنی ڕێزە و پێویستە ڕێزی لێبگیرێت.

 

وتیشی: "ژنان پێویستە ڕەنج بدەن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن و کاربکەن، وە پێویستە ئەو فکرە نەمێنێت کە ژن و پیاو لە یەکتر جیابکاتەوە، بەڵکو بێ جیاوازی دەتوانن هەمان کار بکەن".

 

ت.پ