زیانبەرکەوتووانی مین لە سووریا؛ دەیان کەس لە سەرەتای ساڵەوە کوژراون

ڕووداوەکانی بەهۆی پاشماوەی شەڕەوە لە گوندەکانی دێرەزوور بەردەوامن، کە دوو تەقینەوەی مینی چێندراو بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی کەسانی دیکە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بوونی بەربڵاوی مین بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانە بەتایبەتی ژنان و منداڵان.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی دوو مینی چێندراو لەسەر ڕێگای مەیادین لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کە لە ١٦ی ئایار تەقینەوە کەسێک گیانیلەدەست دا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەم ڕووداوە جەخت لەسەر بەردەوامی مەترسییەکانی مینە چێندراوەکان دەکاتەوە کە لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە بۆ سەر ژیانی دانیشتووان، بەتایبەتی ژنان و منداڵان، کە ڕێژەیەکی زیاتر لە زیانبەرکەوتووان پێکدەهێنن.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەقینەوەی یەکەم ئەندازیارێکە کە لەکاتی کارکردنیدا گیانیلەدەستداوە، تەقینەوەی دووەمیش لەنزیکیەوە ڕوویداوە و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون کە بەمەبەستی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان.

 

ناوچە بەرفراوانەکانی گوندی دێرەزوور بە شێوەیەکی زۆر مین و تەقەمەنی نەتەقیوەی لە ژێر خاکەیکەیە، بەهۆی نەبوونی هەڵمەتی کاریگەر بۆ لابردنی مینەکان، ڕێگا و زەوییە کشتوکاڵییەکان ببوونەتە ناوچەی مەترسیدار.

 

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە ١٧٦ حاڵەتی گیانلەدەستدانی لە ئەنجامی تەقینەوەی تەقەمەنی نەتەقیو و پاشماوەکانی دیکەی شەڕی سووریا بە بەڵگەوە تۆمارکردووە کە ٥٩ منداڵ و ٧ ژنیشیان تێدایە، هەروەها ٢٤٥ کەسی دیکەش بریندار بوون کە ٨١ منداڵ و ٨ ژنن.

 

ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە منداڵان و ژنان بەردەوامن لە دانی باجێکی قورس بۆ بڵاوبوونەوەی مین لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا.