ڕێزلێنان پێشکەشی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرا

پاش کۆتایی هاتنی پێشەنگای براند بازاڕ لە شاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕێزلێنان پێشکەشی دەزگا ڕاگەیاندنەکان کرا و ئاژانسی ژنهاش یەکێک بوو لەو دەزگایانە، ئاماژەش بۆ ئەوەشکرا کە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی سەردانی پێشەنگاکەیان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کارگەی جگەرەکەی شاری سلێمانی کۆتا ڕۆژی پێشەنگای براند بازاڕ کە لە لایەن کۆمپانیای شارپ لاینەوە بە هاوکاری یەکێتی هاوردە وهەناردەکارانی هەرێمی کوردستانەوە ڕێکخراوە، بەڕێوەچوو.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا عەبدولباست عومەر ئەندامی دەستەی باڵای هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ماوەی چەند ساڵێکە هەوڵدەدەین کە پاڵپشتی و هانی بەرهەمی ناوخۆیی بدەین تا گەشە بە بەرهەمی ناوخۆیی بدەین.

 

هەروەها ئیحسان جەمال یەکێک لە ڕێکخەرانی پێشەنگاکە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە سەرجەم ئەو کاڵایانەی کە هاتوونەتە ناو براند بازاڕەکەوە فرۆشراون، هەروەها ئاماژەی بەوەدا زۆرترین خواست لەسەر بەرهەمە ناوخۆییەکان بووە، هاوڵاتیانیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو سەردانی پێشەنگاکایان کردووە.

 

دواتر لە پای ڕووماڵکردنی پێشەنگاکەدا سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕێزلێنانیان پێبەخشرا، لەنێویاندا ئاژانسی ژنها وەک یەکێک لە دەزگا ڕاگەیاندنییەکان بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکەوە ڕێزلێنانی پێبەخشرا.

 

پێشەنگای براند بازاڕ لە ڕۆژی ٢٩ـ١ کراوەتەوە و ماوەی ١٠ ڕۆژە بەردەوام بوو، تێیدا نیوە زیاتری بەرهەمەکان بەرهەمی خۆماڵی بوون، کە بەرهەمەکانی شیرەمەنی، خواردەمەنی کوردەواری، هەنگوین و بەرهەمەکانی جوانکاری خانمان، پۆشاک و جلی کوردی، کاری هونەری، وێنەکێشان و کاری دەستی لەخۆ دەگرت، هەروەها لە پێشەنگاکەدا چەندین بەرهەمی سروشتی، گیایی و بەرهەمی تری خۆماڵی تێدا نمایش کرا.

 

ت.پ