داوادەکرێت ژنانی ئەفغانستان نەکرێنە زیانبەرکەوتووی سیاسەت و شەڕی ئابووری

ئەندامانی بزووتنەوەی ژنانی داوای دادپەروەری داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ژنانی ئەفغانی نەکەنە زیانبەرکەوتووی سیاسەت و شەڕی ئابووری و سیاسی خۆیان.

ناوەندی هەواڵ

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە دەکەوێتە ١٠ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک، ژمارەیەک لە ئەندامانی بزووتنەوەی ژنانی داوای دادپەروەری، خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان.

 

ئەندامانی بزووتنەوەی "ژنانی داوای دادپەروەری" لە پارێزگای غەزنەی ئەفغانستان ڕۆژی ٩ی کانوونی یەکەم لە ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتیدا ڕایانگەیاند دوو ساڵ دەسەڵاتداری تاڵیبان لە وڵاتەکەدا لەناوبردنی مافەکانی مرۆڤە و ئاماژەیان بەوە کرد ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە کاتێکدا هاتووە کە ژمارەیەک لە ژنان لە زیندانەکانی تاڵیباندا لە دۆخێکی سەختدا دەژین بەهۆی داواکارییان بۆ دادپەروەری.

 

خۆپیشاندەران ئاماژەیان بەوە کرد، ژنان لە ئەفغانستان لە "مێزی مرۆیی" دوورخراونەتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبیریان کردووە کە مافەکانی مرۆڤ "ئامرازێکە بۆ پشتگوێخستنی گەلەکەمان" بۆ پشتیوانیکردنی ڕێکخراوەکان و دەوڵەتان و هیچ ڕێوشوێنێکی کردارییان نەگرتووەتەبەر.

 

خۆپیشاندەران داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ژنانی ئەفغانی نەکەنە زیانبەرکەوتووی سیاسەتەکانیان و شەڕە ئابووری و سیاسییەکانیان، ئاماژەیان بەوەکرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی هەبووە لە زاڵبوونی گروپێکی "تیرۆریستی" بەسەر خەڵکی ئەفغانستاندا بەرپرسیارن لە هەموو پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان بەتایبەتی دژی ژنان.