ڕۆژی جیهانی تالاسیما لە هەرێمی کوردستان

ڕۆژی جیهانی تالاسیمایە، لە هەرێمی کوردستانیش بەرپرسان باس لە کەمی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی نەخۆشانی تالاسیما دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی نەخۆشی تالاسیمایە، کە نەخۆشیەکی بۆماوەیی درێژخایەنە، ئێستا لە جیهاندا ٢٨٠ملیۆن کەس تووشبووی ئەم نەخۆشییەن، زۆرینەیان لە وڵاتەکانی ئیتاڵیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یۆنان، باشوری ئاسیا و ئەفریقان.

 

نەخۆشی تالاسیما، تێکچوونی بۆماوەیی خوێنە، لەش ناتوانێت هیمۆگڵۆبین دروستبکات، کە بەشێکە لە خۆرکە سورەکان و ئۆکسجین بۆ خانەکانی لەش دەگوازێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمخوێنی لە کەسەکەدا.

 

تووشبوانی تالاسیما دەبێت دوو هەفتە جارێک یاخود زیاتر بەپێی قورسی حاڵەتەکانیان خوێن وەربگرن، هۆکاری ئەم نەخۆشیە بۆماوەیی یاخود بازدانی کرۆمۆسۆمەکانە. 

 

لە دیارترین نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە، هیلاکی و بێهزبوونی زۆر، تێکچوونی ڕەنگ و زەرد هەڵگەڕانی پێست، گەشەکردنی ئێسکەکانی دەموچاو بەشێوەیەکی ناسروشتی، لاوازبوونی گەشە و ئاوسانی سک.

 

چارەسەرەکانی ئەم نەخۆشیە، پێدانی خوێن، چاندنی مۆخی ئێسک، دەرمانی و نەشتەرگەری لابردنی سپڵ و زراوە، بەڵام باشترین ڕێگا ڕێگەگرتنە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە، ئەمەش لە ڕێی پشکنینی پێش هاوسەرگیرییە.

 

ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە چوار هەزار توشبووی نەخۆشی تالاسیما هەیە، لە شاری سلێمانیدا ئامارەکانی کەمترن لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتایی ئەم ساڵدا تەنها یەک حاڵەت تۆمارکراوە، لە کاتێکدا لە شاری هەولێر ٤٥ حاڵەت تۆماکراوە، لە دهۆکیش ڕێژەکە بەرزترە.

 

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نەخۆشانی تالاسیما بەردەوام کێشەی نەبوونی دەرمان و پێداویستییەکانیان هەبووە.