ژنۆلۆژی هەندێک لە تاوانەکانی جەنگ دژی منداڵان لە ڕۆژئاواو سووریا ئاشکرا دەکات
ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ڕۆژئاوا ڕاپۆرتێکی لەسەر کاریگەریی هێرشەکانی ئەم دواییەی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا لەسەر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە، کە مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان پێشێلکراوە.
ناوەندی هەواڵ
ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ڕۆژئاوا ڕاپۆرتێک لەسەر کاریگەریی هێرشەکانی ئەم دواییەی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا بڵاوکردەوە، کە لە ٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ـەوە، دژی منداڵان لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو هێرشانەی لەلایەن سوپای سووریا، گرووپە چەکدارەکانیان و چەکدارە خێڵەکییەکان "بە ئەندامانی پێشووی داعشیشەوە" و دەوڵەتی تورکی ئەندامی ناتۆ ئەنجام دراون، بە شێوەیەکی سیستەماتیک مافە بنەڕەتییەکانی منداڵانیان بۆ ژیان، تەندرووستی، خۆراک، پەناگە، یاری، پەروەردە و ئاسوودەیی دەروونی پێشێل کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەم ڕاپۆرتەدا پشت بە شایەتحاڵە مەیدانییەکان، یاداشت و نموونە بەڵگەدارکراوەکان بەستراوە کە بە ڕوونی ئەوە دەخاتە ڕوو، منداڵان قوربانیی لاوەکی یان تەنها ئازارچەشتوویەکی پاسیڤی جەنگ نین، بەڵکو کارەکتەری کۆمەڵایەتین کە ڕاستەوخۆ وەک ئامرازێک بۆ ژێردەستکردنی کۆمەڵگە و کۆنترۆڵکردنی داهاتوو دەکرێنە ئامانج.
هەروەها ئامانجی ڕاپۆرتەکە تێپەڕاندنی ئەو تێڕوانینە تەسکانەیە کە جەنگ تەنها وەک پێکدادانی چەکداری، جووڵەی بەرەکانی جەنگ و ئەنجامە سەربازییەکان دەبینن. ئەم توێژینەوەیە جەنگ وەک شێوازێکی فرەڕەهەند و سیستەماتیکی توندوتیژی دەبینێت کە لەلایەن عەقڵییەتێکی باوکسالار، دیکتاتۆر و داگیرکەرەوە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێندراوە.
هاوکات، ئامانجی ئەم ڕاپۆرتە ئاشکراکردنی ئەم پێشێلکارییانەیە و مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەزموونەکانی منداڵان نەک تەنها وەک کارەساتێکی مرۆیی، بەڵکو وەک هێرشێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی، جەنگ بە شێوەیەکی سیستەماتیک ئاسایشی جەستەیی و دەروونی منداڵان، هەستی ئینتما، مافی خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان دەکاتە ئامانج.
دەتوانن ڕاپۆرتەکە لێرەدا بە زمانی ئینگلیزی " ڕاپۆرت" و لێرەشدا " ڕاپۆرت"ەکە بە زمانی ئەڵمانی دابگرن.