ژنێکی کورد لە خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کوژرا
خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران بەردەوامە و ڕژێمی ئێران بە چەک ڕووبەڕووی خۆپیشاندانەکان دەبێتەوە و لەو چوارچیوەیەشدا، ژنێکی کوردی خوێندکاری زانکۆ لە تاران کوژرا.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەبارەی کوژرانی ژنێکی کورد لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕایگەیاند، ژنێکی گەنجی کورد بەناوی ڕۆبینا ئەمینیان لە نزیک زانکۆی بەهەشتی تاران لەکاتی ناڕەزایەتییەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییە سەرکوتکارەکانی ڕژیمی ئێران کوژرا، هەروەها فیشەکەکە بە پشتە سەری کەتووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو ژنە گەنجە خەڵکی شاری مەریوان و دانیشتووی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بۆ درێژەپێدانی خوێندنی باڵا، ڕووی لە تاران کردبوو، خوێندکاری کۆلیژی شەریعەتیی تاران بوو، هەروەها دامودەزگا ئەمنییەکان نەیانهێشتووە تەرمەکە بە بنەماڵەی ڕۆبینا بدرێتەوە، بەڵام بنەماڵەکەی بە نهێنی تەرمەکەیان ڕفاندووە.
باس لەوەشکراوە، بنەماڵەی ڕۆبینا کاتێک بۆ ناسینەوەی تەرمی کچەکەیان چوونەتە نەخۆشخانەیەکی تاران، ژمارەیەک تەرمی زۆریان بینیووە کە زۆرینەیان گەنج بوون و هەرهەموویان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم کوژرابوون.