ژنێکی کورد دوو خەڵاتی باڵای ئەکادیمی لە ئەمریکا بەدەستدەهێنێت
د. رۆنای باکان، لێکۆڵەر و زانای کورد وەک رێزلێنانێک بۆ تێزی دکتۆراکەی کە لەسەر سیاسەتەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیا و بەکارهێنانی خاک و کەلەپور دژ بە شوناسی کوردی لە باکووری کوردستان لێکۆڵینەوەی تێدا کردووە، دوو خەڵاتی وەرگرت.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی زانستە سیاسییەکانی ئەمریکا "APSA" دوو خەڵاتی زانستیی باڵای بەخشییە د. رۆنای باکان، وەک رێزلێنانێک بۆ تێزی دکتۆراکەی کە لەسەر سیاسەتەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیا و بەکارهێنانی خاک و کەلەپور دژ بە شوناسی کوردی لە باکووری کوردستان لێکۆڵینەوەی تێدا کردووە.
د. رۆنای باکان، کە دەرچووی بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی "جۆنز هۆپکینز"ـی ئەمریکییە، لەڕێگەی تێزی دکتۆراکەیەوە بە ناونیشانی "شارسازیی دژەقۆڕغکاری: زەوی و کەلەپور لە ناوچە کوردییەکانی تورکیادا"، توانی بە شێوازێکی زانستی و مەیدانی، پەردە لەسەر سیاسەتەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیا و سڕینەوەی شوناسی کوردی لە باکووری کوردستان لابدات و سەرنجی لێژنەی دادوەریی نێودەوڵەتی ڕابکێشێت.
خەڵاتەکان بریتی بون لە: خەڵاتی باشترین تێزی دکتۆرا: لەلایەن بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA) کە ساڵانە تەنیا دەدرێتە ناوازەترین کار و خەڵاتی رێزلێنانی تایبەت بۆ باشترین توێژینەوەی مەیدانی: لەلایەن بەشی دیموکراسی و ئۆتۆکراسیی کۆمەڵەکەوە، بەهۆی بوێری لە کۆکردنەوەی زانیاری لە ناوچە دژوارەکاندا.
لیژنەی دادوەری لەبارەی کارەکەی د. رۆنای نوسیویانە: ئەم کارە نموونەی هەرە بەرزی ئەو توێژینەوانەیە کە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێن و تێڕوانینێکی تەواو نوێ و ڕەسەن پێشکەش دەکات.
د. رۆنای باکان لە ئێستادا وەک لێکۆڵەری پۆست-دکتۆرا لە پەیمانگای زانکۆی ئەوروپی کار دەکات، وەک هەنگاوی داهاتووش بڕیاریداوە وەک یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە زانکۆی بەناوبانگی "فۆڕدهام" لە ئەمریکا دەستبەکاربێت.