ژنێکی کورد بەهۆی پۆشینی دەسماڵی نەورۆزەوە سزای بەسەردا سەپێندرا

زەینەب عەتە کە کوردەو لە نەورۆزی ساڵی پاری بسمیلی باکووری کوردستان شاڵێکی لە خۆی پێچابوو، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخستنی" سزای ١٠ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە باکووری کوردستان ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگی نەورۆز بەردەوامە، ئەمساڵ ئاگری نەورۆز لە ٥٣ ناوەند دەکرێتەوە. لە چەندین شوێن ئامادەکارییەکان بۆ نەورۆز دەستیپێکردووە، بەڵام قەدەغەکردن و سزای ئارەزوومەندانە بەرانبەر بە ئاهەنگەکان بەردەوامە.

 

زەینەب عەتە کە ساڵی ڕابردوو لە ئاهەنگی نەورۆز لە بسملی ئامادەبوو، بە تۆمەتی ئەوەی کە دەسماڵی بە ڕەنگی سەوز، سوور و زەرد پۆشیووە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخستنی" سزای ١٠ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. لە دەرکردنی سزاکەدا بڕیاردرا کاتی جێبەجێ کردنی بڕیارەکە دوابخرێت.

 

هەمان ڕۆژ لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد

ڕووداوەکە لە ١٥ی ئاداری ٢٠٢٥ ڕوویداوە. زەینەب عەتە بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی نەورۆز لە ناوچەکە ڕۆشتە مەیدانەکە، بەڵام بە تۆمەتی ئەوەی دەسماڵی سەوز، سوور و زەردی لە منداڵێک بە دیاری وەرگرتووە و پۆشێوێتی، پۆلیس بانگیان کرد و ڕاپۆرتێکیان لەسەر ئامادە کرد. پاشان سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی بسملی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخستنی" لێکۆڵینەوەی لە زەینەب عەتە دەستپێکرد. دوابەدوای لێکۆڵینەوەکە سکاڵایەک ئامادەکرا و داواکرا کە زەینەب عەتە سزا بدرێت.

 

١٠ مانگ سزای زیندانی

لەم پڕۆسەیەدا زەینەب عەتە لە دادگای سزای قورسی ئامەد تۆمەتەکەی ڕەتکردەوە. بڕیارەکە سەبارەت بە زەینەب عەتە مانگی ڕابردوو دەرچووە. دادگا ئەو دەسماڵە سێ ڕەنگەی بە "تاوان" نیشانداو سەرەتا سزای ساڵێک زیندانی بەسەر زەینەب عەتەدا سەپاند، دواتر سزاکە بۆ ١٠ مانگ کەمکرایەوە.