ژنێکی کۆچبەر لە ڕێگادا بۆ ئەوروپا گیانی لەدەستدا

ژنێکی کوردی تەمەن ٢٧ ساڵ لە ڕێگای وشکانی نێوان تورکیا و یۆناندا بەهۆی هیلاکی زۆرەوە گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەرواری ١٥ی ئەم مانگە، ژمارەیەک کۆچبەر لە وڵاتی تورکیاوە ڕوویان لە وڵاتی یۆنان کرد، لە ڕێگەیەدا و بە هۆی زۆری ماندووبوونەوە ژنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دڵی وەستا و گیانی لەدەستدا.

 

بەپێی زانیارییەکان لە پشتی نیوز، ئەو ژنە ناوی مێهری نەبیزادەیە، تەمەنی ٢٧ ساڵە ، خەڵکی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، خاوەنی دوو منداڵی تەمەن چوار ساڵ و حەوت ساڵە، لەگەڵ هاوسەر دوو منداڵەکەیەدا ویستوویەتی بگاتە وڵاتانی ئەوروپا.

مێهری بەهۆی ئەوەی چەند ڕۆژێک بە پیادە دەڕۆن ماندوویەتی تەنگی پێهەڵدەچنێت، بەو هۆیەوە دڵی لەلێدان دەکەوێت و گیان لەدەستدەدات.

 

بەهۆی سەختی دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا کۆچدەکەن، ساڵانەش ژمارەیەکی زۆر لەو کۆچکەرانە بەهۆی سەختی ڕێگاکەوە گیان لەدەست دەدەن.