ژنێک لە هەولێر لەلایەن باوک و براکانییەوە ئەشکەنجدراوە

ژنێک لە هەولێر لەلایەن باوک و براکانییەوە ئەشکەنجەدراوەو هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە براکانی لە هێزە ئەمنییەکاندایە هەوڵدەدرێت کەیسەکەی ون بکرێت و ئاڕاستەی دادگا ناکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٤ی ئادار، لە بەردەم دادگای هەولێر، ژنێک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەلایەن باوک و براکانییەوە ئەشکەنجە دراوەو بەهۆیەوە چاوێکی لەدەستداوە، بۆیە سکاڵای تۆمار کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێک لە براکانی لە کەرتی پۆلیسدا کار دەکات، ڕێگریی لە سکاڵاکەی دەکرێت بچێتە دادگا و هەوڵدەدەن لەژێر فشاری هەڕەشەی کوشتندا دەستبەرداری سکاڵاکەی بێت.

 

ئەو ژنە کە دایکی دوو منداڵە ئاماژەی بەوەکرد، شەوی ٣ی شوباتی ئەمساڵ لەلایەن باوک و براکانی هێرشکراوەتە سەر ماڵەکەیی و بە دەمانچە و چەک هەڕەشەیان لێ کردووە، پاشان منداڵەکانیان ڕفاندووە و دەرگای ماڵەکەیان قفڵ کردووە، بەڵام بە فەرمانی دادوەر دەرگای ماڵەکەی بۆ کراوەتەوە و گەڕاوەتەوە ماڵەکەی.

 

جارێکی دیکە لە ٥ی شوبات هێرشیان کردووەتە سەری و ئەشکەنجەیەکی زۆریان داوە، بەهۆیەوە برینی زۆر لە لەشیدا درووست بووە و چاوێکی لەدەستداوە، لەو کاتەدا کە دووگیان بووە منداڵەکەشی لەدەستداوە.

 

لەبارەی هۆکاری ئەشکەنجەدانەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، باوک و براکانی دەیانەوێت لەو خانووەی پاش کۆچی دوایی هاوژینی یەکەمی بۆی ماوەتەوە دەری بکەن و دەستبگرن بەسەر ئەو موڵکەدا، داوایکرد، سکاڵاکەی ون نەکرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادگا زوو بە دەم کێشەکەیەوە بچن، چونکە ژیانی خۆی و منداڵەکانیشی لە مەترسییەکی جدییدایە.