ژنێک لە دەستڕێژێکی گولـلەدا بریندار بوو
لە شاری کۆیە ژنێک دەستڕێژی گولەی کرایە سەر و بە هۆیەوە بریندار کرا.
ناوەندی هەواڵ
عەلی عەبدوڵا بەڕێوبەری پۆلیسی کۆیە ئاماژەی بەوە کرد، ئێوارەی دوێنێ لە نزیک قشڵە لە قەزای کۆیە دەستڕێژی گولە کراوە بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک، بە هۆیەوە یەکێک لە سەرنشینەکانی کە ژنێک بووە بریندارە و هۆکاری دەستڕێژیەکەشی ڕوون نەکراوەتەوە.
بەڕێوبەری پۆلیسی کۆیە ئاماژەی بەوەش کردووە بڕیاری دادوەر بۆ گرتنی تەقەکەرەکە دەرچووە بە ناوی (ی،ت،ع) بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەکراوە.
ڕۆژانە بەردەوام گوێبیستی ڕووداوی کوشتنی ژن و دەستدرێژی و توندوتیژی دەبین کە ڕاستەوخۆ دەکرێتە سەر ژنان، یاخود ژنان بەشێک دەبن لە بەرکەوتەکانی ڕووداوەکان، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کۆمەڵگە شوێنێکی ئارامی بۆ ژنان تیایدا نابینرێت.
ت.پ