ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان داوای دانپێدانانی دەستووری یەپەژە دەکەن

ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ یەپەژە دووپات کردەوە، جەختیان لەسەر پێویستی دانپێدانانی دەستووری و یاسایی لە سووریای نوێ کردەوە، ئەمەش وەک پێزانین بۆ ئەو ڕۆڵەی کە لە پاراستنی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمی داعش بینیویانە.

نەغم چاچان

 

قامیشلۆ-پانزە ساڵە یەپەژە خەباتێکی بەرفراوانیان لە بەرگریکردن لە ئازادی و بوون و کەرامەتی ژنان ئەنجامداوە، سەرەڕای دەستکەوتە سەربازی و سیاسیەکانی ئەم هێزانە و ڕۆڵی ئەوان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، حکومەتی کاتی سووریا وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆی ژنان دانیان پێدا نانێت.

 

لەو چوارچێوەیەدا، پلاتفۆرمی بۆنە هاوبەشەکانی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ٢٦ی نیسان دەستپێکردنی هەڵمەتێکی هاودەنگی لەگەڵ یەپەژە بە دروشمی "هەموومان یەپەژەین... یەپەژە بوونی ئێمەیە" ڕاگەیاند، ئەم هەڵمەتە پاڵپشتییەکی بەربڵاوی لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئەوروپای بەدەستهێناوە.

 

"یەپەژە بۆ ماف و ئازادی خەباتی کردو بوو بە هێزێک بۆ ژنان"

نیشمیە عەبدوڵا لە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستانەوە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی پێشەنگانەی یەپەژە لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا و وتی: یەپەژە بۆ ماوەی ١٥ ساڵە خەباتێکی ناوازەی بۆ مافەکانی ژنان و ئازادی ئەنجامداوە، لە ڕێگەی بەشداریکردنی لە بواری سەربازیدا سەلماندی کە ژنان توانای پاراستنی بوونییان هەیە و لە بوارە جیاوازەکاندا ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە، شەڕڤانان و فەرماندەکانی یەپەژە، بە ئیرادەی بەهێزییان، توانیان ڕووبەڕووی داعش ببنەوە و شکستی پێبهێنن.

 

جەختی لە پێویستی ژنان لە سەرانسەری جیهان کردەوە کە پشتیوانی ئەم هێزە بکەن و "بەردەوام بن لە خەبات بۆ چەسپاندنی جێگەی ئەو هێزە لە دەستووری نوێی سووریادا"، وتی: پێویستە یاسا بۆ مسۆگەری پاراستنی ژنان دەربکرێت، بەو پێیەی یەپەژە نوێنەرایەتی هێزی هەموو ژنان دەکات و بەشداریی کردووە لە شکاندنی بیرکردنەوەی باوکسالاری باو.

 

نیشمیە عەبدوڵا داوای لە هەموو ژنانی جیهان کرد هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ یەپەژە دەرببڕن و بۆ پشتیوانیکردنیان بڕژێنە سەر شەقامەکان.

 

"یەپەژە تا کۆتایی دەمێنێتەوە"

ئەبڵا ئەحمەد پاڵپشتی خۆی بۆ یەپەژە دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگی خاوەندارێتی هێز و متمانە بەخۆبوونی ژنان کردەوە، وتیشی: هەمیشە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی ژنان، زۆر گرنگە ژنان لە هەموو پێکهاتەکانەوە بە ئیرادە و هێزێکی هاوبەشەوە بتوانن بوونی خۆیان بپارێزن، وەک ژنێکی عەرەب پشتیوانی یەپەژە دەکەم، چونکە لە سەختترین بارودۆخدا بوونی خۆی سەلماندووە، یەپەژەش هەمیشە دەمێنێتەوە، چونکە نوێنەرایەتی هەموو ژنان دەکات.

 

"دەبێت ژنان ڕۆڵیان هەبێت لە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیکدا"

جیهان عەلی جەختی لە گرنگی پاراستنی بوونی دەستووری یەپەژە لە سووریا کردەوە. وتی: ئەو هێزەی داعشی تێکشکاند، یەپەژە بوو، زۆر گرنگە ژنان لە هەموو پێکهاتەکانەەوە یەکبگرن و ئەو دەستکەوتانەی بە ساڵانێک خەبات بەدەستیان هێناوە بپارێزن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی کاتی ڕۆڵی ژنان قبوڵ ناکات، چونکە ترسی لە هێز و ئیرادەی ژنان هەیە، بۆیە دەبێت ژنان ڕۆڵێکی بنەڕەتییان هەبێت لە پڕۆسەی  دیموکراتیکدا، یەپەژەش دەبێت بەشێک بێت لەو پرۆسەیە، هەروەها پێویستە شوێنی دەستوری و یاسایی خۆیشی هەبێت، چونکە ئەو قەوارەیەی توانای دەستەبەرکردنی هەبوون و مافەکانی ژنانی لە سووریای نوێدا هەیە.

 

"دەبێت بەهێزیی یەپەژە لە ئاستی جیهانیدا بناسرێت"

سۆزان ئەحمەد، خەڵکی عەفرین، ڕوونیکردەوە، یەپەژە نوێنەرایەتی ناسنامە و هێزی ژنان دەکەن، وتی: پێویستە یەپەژە دانپێدانان و پشتیوانی جیهانی وەربگرێت، لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە ئامانجی پاراستنی بوونی ژن و ئازادی و ئیرادەی ژنان دامەزراوە، هەموومان نوێنەرایەتی یەپەژە دەکەین و زۆر گرنگە کە حکومەتی کاتی بە فەرمی دانی پێدا بنێت.