ژنانی ئێزیدی و عێراق ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان دەربڕی

ژنانی عێراقی و ئێزیدی کە لە سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق کۆبوونەتەوە، بە دروشمی "نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد"، دژی سزای لەسێدارەدان لەسەر ڕۆژنامەنووسی کورد پەخشان عەزیزی و چالاکوان شەریفە محەمەدی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەغدا

 

ڕۆژی ٢٥ی تەمووز لە بەغدا، سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق بە نزیک بوونەوە لە ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە سەرۆکایەتی کۆمەڵەی ژنانی عێراق و تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" و ڕێکخراوی کولتووری ئۆر بۆ ژنان و منداڵان، بە دروشمی "بە تێکۆشانی هاوبەش، لە دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن" بەڕێوەچوو, ژنانی عێراقی و ئێزیدی لە کۆنفرانسەکەدا چەندین بابەتی گرنگیان سەبارەت بە خەباتی ژنانی ئێزدی و فەرمانی ٧٤ تاوتوێ کرد.

 

دوای کۆنفرانسەکەش بە بەیاننامەیەک وەڵامی سزای لەسێدارەدانیان دایەوە کە ئێران بەسەر ڕۆژنامەنووسی کورد پەخشان عەزیزی و چالاکوان شەریفە محەممەدیدا سەپاندوویەتی، لە بەیاننامەکەیاندا ئەو ژنانە بە دروشمی "نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد" داوای هۆشیاری و پشتیوانییان لە ژنان دەکەن.

 

 بەیاننامەکە لەلایەن مونا هیلالی، بەرپرسی ڕێکخراوی کولتووری ئۆر بۆ ژنان و منداڵان، خوێندرایەوەو تێیدا هاتووە: ئێران هەمیشە ژن و کەسانی بێتاوان لەسێدارە دەدات، ئەم عەقڵیەتە ڕەتدەکەینەوە و شەرمەزاری دەکەین، ئێستاش سەبارەت بە شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی بڕیار دراوە و زیندانییەکی دیکەش بە ناوی "وریشە مورادی" مەترسی لەسەرە.

 

"پێویستە ژنان یەک دەنگ بن"

 مونا هیلالی داوای لە ڕێکخراوەکانی ژنان کرد هەڵوێستی توند لە دژی بڕیارەکانی ئێران بگرنەبەر و وتی: بە ناوی ژنانی عێراقەوە حکومەتی ئێران شەرمەزار دەکەین و دەڵێین نابێ ئێران ڕووبەڕووی ئەو بڕیارە ببێتەوە کە دوورە لە ڕەوشتی مرۆڤایەتی و لەهەمانکاتدا دەبێت واز لە بڕیارەکەی بۆ کردنەوەی سێدارەی ژنان و بەتایبەتی ژنانی کورد بهێنێت، وەک ژنانی عێراقی داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی ژنان دەکەین کە هەڵوێستی بەهێزیان هەبێت بەرامبەر بەم بڕیارە نایاساییە، "نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد".

 

  بەیاننامەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.