ژنانی ئێزدی هۆشداری دەدەن: هەر هەوڵێک بۆ داماڵینی چەک لە شنگال پێشەکییەکە بۆ کۆمەڵکوژییەکی نوێ

دوابەدوای لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە شنگال و هەوڵی سوپای عێراق بۆ کۆکردنەوەی چەک لە ناوچەکە، ژنانی ئێزدی نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕی و دووپاتیان کردەوە کە ئامانج لەم هەنگاوانە ئەوەیە کە پێکهاتەکە بێ پاراستن بمێنێتەوە.

شنگال

 

گرژییەکان لە قەزای شنگال ڕوو لە زیادبوون دەکات، دوای لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا و جموجۆڵەکانی سوپای عێراق بۆ کۆکردنەوەی چەک لە ناوچەکە، ئەمەش نیگەرانی بۆ ئێزدییەکانی دروستکردووە، هۆشداری ئەوەیان داوە کە جێهێشتنی کۆمەڵگە بەبێ پاراستن دەرگا بەڕووی کارەساتێکی نوێدا دەکاتەوە.

 

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی دەرکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە ٩ی شوبات ڕایگەیاند، کە بوونی گروپە چەکدارەکان لە عێراق بەتایبەتی لە شنگال نوێنەرایەتی "کێشەیەکی ئەمنی" دەکات بۆ تورکیا، هەروەها ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئاسایش و سەروەری عێراقیشەوە هەیە و ڕەنگە بەم نزیکانە گۆڕانکاری بەدرێژایی هێڵی شنگال، مەخموور، قەندیل ڕووبدات، بۆیە هاوکاری نێوان ئەنقەرە و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە زۆر گرنگە.

 

ئەم لێدوانانە لەگەڵ هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ کۆکردنەوەی چەک لە شنگال، ترسێکی بەرفراوانی لای ئێزدییەکان لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان دروستکردووە، کۆمەڵگەی ئێزدی بەتایبەتی ژنان ڕەتکردنەوەی ئەم پلانانەیان دەربڕیوە کە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بوونی خۆی سەیری دەکات.

 

نافیە شنگالی و نازلین ئیدۆ، ئەندامانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ"  ڕایانگەیاند، ئەم هەوڵانە بۆ ئەوەیە کە کۆمەڵگەکەمان بەبێ پارێزراوی جێبهێڵین، ئەمەش پێشەکییەکە بۆ کۆمەڵکوژییەکی دیکە.

 

“پلانێکی مەترسیدار بەسەر شنگالدا دەسەپێندرێت”

نافیە شەنگالی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە خانسۆر و ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" ڕوونیکردەوە، کە پلانێکی مەترسیدار لە شنگال و سەرتاسەری نەینەوا جێبەجێ دەکرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠١٤ پێش کۆمەڵکوژی ٣ی ئاب، هێزەکانی عێراق چاودێری شنگالیان دەکرد و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە چەک لە دانیشتووانی شنگال کۆدەکەنەوە، دوای ماوەیەکی کەم داعش هێرشی کردە سەر و کۆمەڵکوژییەکەی ئەنجامدا، هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە کە ئەرکی پاراستنی ناوچەکەیان پێسپێردرابوو، بەبێ بەرخۆدان کشانەوە، گەلەکەمانیان بۆ چارەنووسی خۆیان بەجێهێشت، هەرگیز ئەم وازهێنانە لەبیرناکەین.

 

وتیشی: ئەمڕۆ هیچ چەکێک لەناو کۆمەڵگەکەدا نییە کە کۆبکرێتەوە، ئێمە هێزی تایبەت بە خۆمان هەیە: یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال، یەکینەکانی پاراستنی ژنان، ئێزدخان ئاسایش، ئەمانە هێزەکانی ئێمەن، ئەوانیش ئەوانەن کە ئێمە دەپارێزن، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات یادەوەرییەکانی ئەو ڕۆژە تاریکانە دەهێنێتەوە یاد.

 

"هەوڵدان بۆ خۆشکردنی ڕێگا بۆ کۆمەڵکوژی نوێ"

نافیە شنگالی جەختی لەسەر پێویستی یەکگرتنەوەی کۆمەڵگە و هێزەکانی بەڕگری کردەوە، هەروەها پێویستە گەلەکەمان هۆشیار بێت بەرامبەر هەڕەشەی هێرشی نوێ و هەڵەکانی ساڵی ٢٠١٤ دووبارە نەکەینەوە، ئەگەر ئەوکاتە ڕێکخراو بونایە، دەمانتوانی ڕێگری لە کۆمەڵکوژیەکە بکەین، ئەمڕۆ دەبینین کە کەسانێک هەن هەوڵدەدەن هەمان سیناریۆ دووبارە بکەنەوە، جێهێشتنی کۆمەڵگە بە بێ پاراستن واتە خۆئامادەکردن بۆ کۆمەڵکوژییەکی نوێ.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر هێزێک فشار بخاتە سەر شنگال، بە هاوبەشی داعش دادەنرێت، مەگەر بە پێچەوانەوە نەسەلمێنرێت، نابێت جارێکی دیکە گەلەکەمان لە ژێر ڕەحمەتی ترس یان هەڕەشەدا بمێنێتەوە.

 

”جێگیرکردنی سوپا لە ناوخۆی گوندەکانمان قبوڵ ناکەین"

وتیشی: ئێمە جەخت لەسەر پێویستی پشتبەستن بە هێزە ئێزدییەکانمان دەکەین، دەبێت هێزەکانی بەرگریمان یەکبگرن، دواتر خەڵک تا کۆتایی لە پشتیانەوە بوەستێت، ئێمە گەڕانەوەی سوپا بۆ گوندەکانمان ڕەتدەکەینەوە، لە سەردەمی سەدامیشدا بنکەی سەربازی لە چوارچێوەی ناوچە نیشتەجێبووەکان دامەزرا، ئەمەش کارەساتی بەسەر گەلەکەماندا هێنا، ڕێگە نادەین ئەمە دووبارە ببێتەوە، سبەی ڕەنگە ژنێک نەتوانێت بە ئازادی ماڵەکەی بەجێبهێڵێت.

 

"متمانەمان بە گەلەکەمان بێئەندازەیە"

نازلین عەدۆ، ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئێزدی"تاژێ"  ڕایگەیاند، پێویستە گەلی ئێزدی خاکی خۆیان بپارێزن، هەروەها گەلەکەمان دژی ئەو پلانە نوێیانە بوەستن کە دژی شنگال داڕێژراون و چەکەکانی خۆیان ڕادەستی هیچ لایەنێک نەکەن، پێشتر خیانەتمان لێکراوە، بۆیە دەبێت وریا بین، لە ساڵی ٢٠١٤ گەلەکەمان چەکەکانی خۆی ڕادەست نەکرد، لە سایەی ئەمەشەوە زۆرێک توانیان بژین، ئەمڕۆ ئێمە بەهێزتر و ڕێکخراوترین.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیوای من ئەوەیە گەلەکەمان خاک و شاخەکانی و هەموو ئەو شتانەی کە خاوەندارێتی دەکات بپارێزێت، متمانەیەکی زۆرمان بە گەلەکەمان هەیە، پێمان وایە ئەمجارە ڕێگە نادەن کۆمەڵکوژییەکە دووبارە ببێتەوە.