ژنانی ئەفغانستان سنووردارکردنەکان نازانن و شەوی یەڵدایان بەڕێوەبرد
ژنانی ئەفغانستان شەوی یەڵدایان کردە شەوێکی بەرخۆدان لە دژی بڕیارەکەی حکومەتی تاڵیبان, لە میانەی ئاهەنگەکەدا، ئەو ژنانە ڕایانگەیاند کە لە بەرامبەر دواکەوتوویی بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2024/12/20241222-yakdaa-jpg030a88-image.jpg)
بەهاران لاهیب
پەروان- شەوی ٢١ی کانوونی یەکەم کە بە شەوی یەڵدا ناسراوە، یەکێکە لە درێژترین شەوەکان و لە چەند وڵاتێکدا وەک شەوی پێشوازیکردن لە زستان ئاهەنگ دەگێڕدرێت، لەم شەوەدا جوانترین جلوبەرگ لەبەر دەکرێت، مێزی خواردن دادەنرێت، هۆنراوە دەخوێندرێتەوە و بە درێژایی شەو هەڵپەڕکێ دەبێت.
لە وڵاتی ئەفغانستان کە تاڵیبان بە بیرۆکەی دژە شارستانییەت زاڵە، ئاهەنگی شەوی یەڵدا و نەورۆز وەک 'کوفر' سەیر دەکرێت، ئەوانەی ئەم ڕۆژانە ئاهەنگ دەگێڕن لەلایەن تاڵیبانەوە بە 'کافر' ناودەبرێن، ئەگەر بگیرێن، ڕووبەڕووی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و تەنانەت مردنیش دەبنەوە، بەڵام ژنان لە زۆر شوێنی ئەفغانستان ئەمساڵ هێشتا شەوی یەڵدایان بەڕێوەدەبرد، ژنەکان جلوبەرگیان لەبەر کرد و بە درێژایی شەو هەڵپەڕین و هۆنراوەیان دەخوێندەوە، ئەمەش وەک جۆرێک لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر تاڵیبان.
دژی سنووردارکردنەکان، بڕیاری گۆڕینی شەوی بەرخۆدان
یەکێک لەو بەرنامانە لەلایەن ژنانی ناڕازی پارێزگای پەروانەوە بەڕێوەچوو، هەروەها ئەو دەرفەتەمان قۆستەوە و بەشداریمان لە ئاهەنگەکەدا کرد، لە کاتی ئاهەنگەکەدا کە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەڕێوەچوو، بۆچوونی ژنانمان وەرگرت، ئەو ژنانە ناڕەزایی خۆیان لە قەدەغەکردنی ئەم شەوە دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ئەمە دەبێتە هۆی بەرخۆدان بۆ ئەوان.
تاڵیبان دەڵێن نەورۆز و شەوی یەڵدا 'کوفر'ن.
لەیلا ڕامین کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی ئەم بەرنامەیە ڕایگەیاند، دەزانێت گەلەکەی لە نەهامەتی و دیلێتی تاڵیباندا دەژین و وتی: لە سووریا ئەوانەی هاتوونەتە سەر کار، تێگەیشتنی تاڵیبانیان هەیە، دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکدا هاوشێوەیە، کاتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینیمان کە پیاوانی ئایینی تاڵیبان ئاهەنگی شەوی یەڵدایان بە 'کوفر' پێناسە کردووە و فەرمانی دەستگیرکردنی ئاهەنگگێڕانیان داوە، بڕیارماندا ئەم شەو بکەینە هێمای بەرخۆدان.
"بیرۆکەکانیان دژی ژن و دژە مرۆڤایەتییە"
ژنێک بە ناوی ڕازیە وەفا تیشکی خستەسەر ئەو هەڵوێستە دواکەوتووانە کە بەرامبەر بە ژنان کە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامیدا زاڵن و وتی: تالیبان لە ئەفغانستان، داعش لە سووریا، مەلاکان لە ئێران، حکوومەتی فاشیستی تورکیا و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی کە ئایینداریی توند زاڵە، هەموویان یەک لۆژیکیان هەیە هەمان کرادار دەکەن، بیرکردنەوەکانیان دژی ژن و دژە مرۆڤایەتییە، بەڵام بەپێی سیاسەتی حکومەتە پشتیوانەکانیان، لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان، جیاوازی لە نێوانیاندا دروست بووە، بەڵام لە لایەکی ترەوە بەرخۆدان هەیە بەرامبەریان، لەبیرت نەچێت ڕۆژێک دێت هەموو ژن و پیاوە خوێندەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکدەگرن و خۆیان لە ستەم ڕزگار دەکەن.