ژنانی ئایسلەندا داوای دادپەروەریی و یەکسانی لە کارو موچەدا دەکەن

لە ئایسلەندا ماوەی چوار ڕۆژە نزیکەی دەیان هەزار ژن، مانگرتنیان لە کارەکانیان ڕاگەیاندووە و داوای مافی دادپەروەریی و یەکسانی لە کار و موچەکانیاندا دەکەن.

 

ناوەندی هەواڵ- ڕۆژی٢٤ی تشرینی یەکەم، لە وڵاتی ئایسلەندا بە دەیان هەزار ژن، کە لە نێویاندا "کاترین جاکۆبسدۆتیر" سەرۆک وەزیران هەیە، مانگرتنیان لە کارەکانیان ڕاگەیاندووە و داوای مافی دادپەروەریی و یەکسانی لە پێدانی موچە و کۆتایهێنان بە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان دەکەن.

بەپێی ئامارەکان تا ئێستا لە زۆرێک لە ناوەندەکاندا بۆ هەمان کار و ئەرک، بەراورد بە پیاوان، ژنان بەڕێژەی ٢١% کەمتر موچەیان پێ دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە توێژینەوەیەکی زانکۆی ئایسلەندا ئاشکرا بووە، کە ٤٠%ی ژنان ڕووبەڕوویی زایەندپەرستی دەبنەوە.

لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بە بڕیارێکی فەرمیی، بانگەشەی کۆتاییهێنان بە جیاوازیی مووچەی نێوان ژن و پیاو کراوە، بەڵام ئەمە بۆ دووەم جارە ژنان لەو وڵاتەدا مانگرتنی سەرتاسەریی ئەنجام دەدەن و داوای مافی یەکسانیی و دادپەروەریی دەکەن، جاری یەکەم، لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٥دا ، ژنان ناڕەزایەتی و مانگرتنیان بۆ  گرنگی نیشاندانی بەشداریی و پێویستی کاری ژنان لە کۆمەڵگە و ئابووریی وڵاتەکەدا نیشاندا، کە لەو کاتەدا ژنان بە ڕێژەی ٦٠% کەمتر موچەیان وەردەگرت.