ژنانی سوەیدا داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل دەکەن

خەڵکی شاری سوەیدای سووریا کە لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی کەرەمە بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان، داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا-ژنانی سوەیدا کە بەشداری ناڕەزایەتییەکان دەکەن، داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلیان کرد، ئەویش بە هۆکاری تێکچوونی بارودۆخی ژیان، سیاسی، خزمەتگوزاری و ئابووری لە هەموو بوارەکاندا بەدەستی حکومەتی شام، ژنان جەختیان لەوە کردەوە سەرەڕای ئەو تەحەددایانەی کە تا ئێستاش هەیە خاوەن ئیرادەن بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری.

 

"شۆڕش شکۆمەندی گەلی سووریای گەڕاندەوە"

ڕیمە تەیفور وتی: ڕژێمی ستەمکار دروستکەری برسێتییە، تاوانی منداڵەکانمان چییە بەبێ کڕینی جلوبەرگی نوی جەژنیان کرد، گەلەکەمان لە شاری جەرامانە کە دەکەوێتە جەرگەی شامەوە، ماوەی چەند مانگێکە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە خزمەتگوزارییەکان، ئاویان نییەو کارەبای نیشتیمانیش دەپچڕێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی ئەم شۆڕشەوە توانیمان قسەی ڕاستی بکەین، ئەمەش متمانە بەخۆبوونمانی زیادکرد و بەربەستی ترسی شکاند، هەروەها شکۆمەندی ئێمەی گەڕاندەوە، بەو پێیەی گەلی سووریا هۆشیارو پەروەردەیە.

ڕژێم منداڵەکانمانی لێ دوور خستینەوە"

ئیلهام ئەلنەبوانی، دایکی چوار گەنجی کۆچبەر کە ١٤ ساڵە بەهۆی حکومەتی شامەوە نەیبینیوون، وتی: لە مەدانەکە ئامادەم بۆ ئەوەی دەنگم بەرزبکەمەوە دژی نادادپەروەری سێ جار باوکمیان دەستگیرکرد ، هەروەها براکەم و منداڵەکانم، چونکە لەگەڵ بیروڕای سیاسی ئەوان ناکۆک بوون، لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانەکەش تەقەیان لە ماڵی باوکم کرد بۆ ئەوەی تیرۆر لەناو منداڵان و ژناندا دروست بکەن، نەبوونی پێداویستییەکانی ژیان یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وای لێکردم بەردەوام بم لە ناڕەزایەتی، هەموو مانگ و نیوێک ئاو جارێک دێت و هەر پێنج کاتژمێر جارێک کاتژمێرێک کارەبامان هەیە، دەزانین کە وڵاتەکەمان یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتان لەڕووی سامانی کشتوکاڵی و نەوتییەوە، بەروبوومەکانمانیان سووتاندو دارەکانیان بڕییەوە بۆ ئەوەی لە هەوا بێبەشمان بکەن، لەم مەیدانەدا بەردەوام دەبین تا دەگەینە داواکارییەکەمان.

لە وڵاتە ستەمکارەکاندا، ئەنجومەنی گەل تەنها نمایشە"

ڕەدینا ئەلخەتیب ڕایگەیاند، لە ١٥ی تەمووزدا شایەتحاڵی هەڵبژاردن دەبن بۆ ئەنجومەنی گەل، دەسەڵاتی یاسادانان دەبێت ئیرادەی گەل بێت، بەڵام لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تەنها نمایشێکە لە وڵاتە پاوانخوازەکاندا، تا ئەمڕۆش هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.

 

جەختی کردەوە لەوەی، دۆخی خراپی ژیان و سیاسی و خزمەتگوزاری و ئابووری هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ شەرعیەتی ئەنجومەنی گەل، کە ڕێککەوتنی حکومەت بۆ بەکرێدانی فۆسفات و شتی تر پەسەند دەکات، بۆیە ئەنجومەنێکە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەل ناکات، بۆیە پەیامێک بۆ گەل دەنێرم کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن بۆ ئەوەی بتوانین نیشتمانێکی باشتر بۆ منداڵەکانمان دابمەزرێنین.