ژنانی قامیشلۆ: لە دژی هەر جۆرە توندوتیژییەک تێکۆشان بەرز دەکەینەوە

ژنان لە قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دووپاتیان کردەوە، دادپەروەری نادرێت بەڵکو بەدەستدێت و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی پێویستی بە هۆشیاری و ڕێکخستن و پەروەردە هەیە.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ-  باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنان هەڵوێستێکی پتەویان لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک هەبووە کە بەرامبەریان دەکرێت، دەنگیان بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە هەموو شوێنێک داوای مافەکانیان بکەن، هەروەها ژنانی قامیشلۆ جەختیان لەوە کردەوە، دادپەروەری نادرێت بەڵکو دەستی بەسەردا دەگیرێت، پاراستنی مافەکانی ژنانیش هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە پارێزگاری لە کەرامەتی مرۆڤ بکات و بەشداریی ئازاد و کارای ژنان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا بچەسپێنێت، ئەمەش وایان لێدەکات ببنە هێزێکی ڕاستەقینە لە داڕشتنی ئایندەدا.

 

ژنانی قامیشلۆ باسیان لە پرسی توندوتیژی دژ بە ژنان کرد، جەختیان لەوە کردەوە، کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و سەختییەکان ئامادەیی چالاکانەی خۆیان لە بوارە جیاجیاکاندا سەلماندووە و بوونەتە بڕیاردەری ڕاستەقینە.

 

نافیە ئەسعەد، ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی ماڵی ژنان، دووپاتی کردەوە کە توندوتیژی دژی ژنان هێشتا بەربڵاوە، هەروەها پێویستە ژنان بەهۆشیاری و بەهێزییەوە ڕەتی بکەنەوە و ڕێگە نەدەن هیچ کەسێک بەرامبەریان پراکتیزەی بکات. بۆیە "پێویستە ژنان خۆیان بپارێزن و توندوتیژی بەهیچ شێوەیەک قبوڵ نەکەن، ڕاستە لە ڕابردوودا تووشی زۆر پێشێلکاری بووین، بەڵام توانیمان خۆمان پەروەردە بکەین، خۆمان ڕێکبخەین، زنجیرەکانی ئەم توندوتیژییە بشکێنین، ئەمڕۆ ئامادەین بۆ پەروەردەکردن و ڕێکخستنی هەموو ژنان، بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن و ژیانێک لەسەر بنەمای ئازادی و کەرامەت بونیات بنێن".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە توانیمان لە سایەی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان ڕووبەڕووی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ببینەوە لە ناوچەکانماندا،  بۆیە لێرەوە پێویستە هەموو ژنانی جیهان لەم فەلسەفەیەوە فێربن بۆ ئەوەی ئازادی خۆیان بەدەستبهێنن، ئێمە هەوڵدەدەین بچینە ناو خوێندنگاکانەوە و لەگەڵ گەنجان دابنیشین و هۆشیارییان بەرزبکەینەوە و پەروەردەیان بکەین، چونکە ئێمە توندوتیژی بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین، ئێمە یاساکانی بنەماڵە دەخوێنینەوە و فێردەبین و لە سروشتی ئەو کەسانە تێدەگەین کە توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن، ئەم هۆشیارییەش ئەوەیە کە هێزمان پێدەبەخشێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و شکاندنی".

 

ڕوونیشی کردەوە، ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سایەی خەباتی ژنان بووەتە هێمایەکی جیهانی، هەروەها "ئێمە لە سایەی بەهێزی ژنە تێکۆشەرەکاندا خۆڕاگر بووین، ئیرادەی خۆمان لە ئیرادەی ئەوانەوە وەرگرتووە، کۆنگرەی ستار چەترێک پێکدەهێنێت کە هەموو ژنان یەکدەخات، وەک چۆن دەرگاکانمان بەڕووی هەموو پێکهاتەکاندا دەکەینەوە بەبێ جیاوازی، هەروەها خەباتی ژنانی ناوچەکە سنوورەکانی ناوچەکەی تێپەڕاندووە و بەسەر جیهاندا بڵاوبووەتەوە، لە کاتێکدا بەرخۆدانی ژنان لە زیندانەکان و لەسەر لوتکەی شاخەکان نموونەیەکی گەورەی ئیرادە بوو، ئێمە منداڵەکانمان بە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانە پەروەردە دەکەین، بۆ ئەوەی درێژکراوەی ئەم خەباتە و دامەزرێنەری ئایندەیەکی ئازادتر و دادپەروەرتر بن".

 

ئیلهام ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی ژنان لە ئەنجومەنی قامیشلۆ ڕوونی کردەوە،  ئەوان لە کۆمۆنە و ئەنجومەنەکان سیمینار سازدەکەن، هەروەها "ژنەکانمان ڕووبەڕووی توندوتیژی و ئازارێکی زۆر بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بوونیان لە بوارە جیاوازەکاندا سەلماندووە، ئێمە دەچینە کۆمۆنەکان، گەڕەک و ئەنجومەنەکان، گوێ لە ئازارەکانی ژنان دەگرین، هەروەها سیمیناری هۆشیاری لەسەر پرسی توندوتیژی ئەنجام دەدەین".

 

جەختیشی لەوە کردەوە،  ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری کە تێیدا ژنان شانبەشانی پیاوان لە هەموو دامودەزگاکاندا بەشداری دەکەن، دەنگی ژنانی گەیاندۆتە جیهان و دەسەڵاتێکی گەورەی پێبەخشیون، هەروەها "پێویستە ژنان داوای مافەکانی خۆیان بکەن و خۆیان پەروەردە و بەڕێکخستن بکەن  بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی چالاک لە کۆمەڵگەدا".

 

ڕەفعە عوسمان، هاوسەرۆکی کۆمۆنەی شەهید ئارام لە قامیشلۆ،  ڕوونیکردەوە، چەندین کێشەی توندوتیژی لەناو کۆمۆنەکاندا باسدەکرێت، هەروەها "زۆرێک هێشتا هۆشیارییان نییە و توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن،  بۆیە ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە چارەسەرەکە لە بەشداریکردن و پەروەردەیی ژناندایە".

 

ژنانی قامیشلۆ هەڵوێستی پتەوی خۆیان دووپات کردەوە، جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە خەباتی خۆیان لە دژی توندوتیژی و بۆ ئازادی: هەرگیز توندوتیژی قبوڵ ناکەین، لە ڕێگەی پەروەردە و ڕێکخستنەوە شکستی پێدەهێنین، بۆ بونیاتنانی ئایندەیەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر.