ژنانی قامیشلۆ داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن

ئەندامانی ماڵی ژنان و ئەندامانی کۆنگرەی ستار لە بەردەم بینای ماڵی ژنان لە گەڕەکی خەربی قامیشلۆ کۆبوونەوەو ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکردەوە.

قامیشلۆ

 

ئەندامانی ماڵی ژنان و ئەندامانی کۆنگرەی ستار لە بەردەم بینای ماڵی ژنان لە گەڕەکی خەربی شاری قامیشلۆ کۆبوونەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.

 

راگەیەندراوەکە لەلایەن بەهیە سلێمان، بەڕێوەبەری ماڵی ژنان خوێندرایەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئازادیی جەستەیی مافێکی بنەڕەتییە کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دیاری کراوە، بەتایبەتی ڕێککەوتننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و ستانداردی مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانییەکان.

 

ڕاگەیەندرا کە بەردەوامی دەستبەسەرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێشێلکردنی ئەو یاسا و پێوەرانەیە، هەروەها برینێکی کراوەی لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا بەجێهێشتووە، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان گیانی خۆی لە پێناو پاراستنی کەرامەتی گەلان و مافەکانیان بۆ ئازادی و دیموکراسی بەخشی. بیرو فەلسەفەی مایەی هیوا و ئیلهامبەخش بوون بۆ ملیۆنان کەس.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دەستبەسەرکردنی ڕێبەری گەلی کورد، بەربەستێکە لەبەردەم پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەدا. ڕاگەیەندرا کە دەبێت ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستبەجێ و بێ مەرج ئازاد بکرێت، هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرا کە بەرپرسیارێتی یاسایی و مرۆیی خۆیان جێبەجێ بکەن و کۆتایی بەم نادادپەروەرییە مێژووییە بهێنن.

 

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درێژەپێدەری ئازادی ژنە و خەبات بۆ ئازادی جەستەیی ئەو خەباتێکە بۆ ژیان و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادییە، پرسی ژنان پەیوەندی بە هەموو مرۆڤایەتییەوە هەیە و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و دادپەروەری هەمیشەیی.