ژنانی میدیاکار لە هەڵەبجە توندوتیژی زارەکییان بەرامبەر دەکرێت

لە ڕاپرسییەکدا ئاماژە بەوەکراوە کە ژنانی میدیاکار لە هەڵەبجە توندوتیژی زارەکییان بەرامبەر دەکرێت.

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- بە بۆنەی ١٢٤هەمین ساڵیادی یادی ڕۆژنامەگەی کوردی، ڕادیۆی دەنگی نوێ ڕاپرسیەکی تایبەتی ئاشکراکرد کە تایبەت بوو بە ژنانی میدیاکار لە شاری هەڵەبجە، لە ڕاپرسیەکەدا کە کرابوو بە دوو بەشەوە بەشێکیان تایبەت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەشێکیان بە ژنانی ڕۆژنامەنوس بوو.

 

لەو بارەیەوە ڕەنگین سەلام سەرپەرشتیاری ڕاپرسیەکە بۆ ئاژانسەکەمان دواو وتی : "ئەم ڕاپرسیە لەماوەی هەفتەیەکدا ئەنجاممان داوە کە ڕێکخراوی نوێ تایبەت بە پاراستنی ژنان و مافەکانی ژنان ئەنجامی داوە، راپرسیەکە لە دوو بەش پێکهاتووەو بەشێکیان تایبەت بوو بە دەزگا میدیییایەکان کە ژنانی کارمەند بوون تیایدا".

 

 باسی لەوە کرد لە ساڵی ١٩٩٦ تا ئیستا زۆربەی ژنان بەشدارییان تیادا کردووەو بەرەو پێش چوون هەبووە لە بەرنامە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کات بەسەربردنەکان، ئەوەی جێی سەرنجە کەمترین ژن لە ئۆفیسەکان کاردەکەن، هەروەها بە شێوەی فری لانس کارەکانیان دەکەن.

 

 بەشی دووەمی ڕاپرسیەکە تایبەتە بە ژنانی ڕۆژنامەنووس، کە تێیدا هاتووە زۆربەی ژنان توندوتیژی زارەکییان بەرامبەر کراوە.

 

سەبارەت بەوەی ئایا ژنانی ڕاگەیاندنکار خۆیان کارەکان دیاری دەکەن یاخود لە دەزگاکانەوە بۆیان دیاری دەکرێت؟ ڕەنگین سەلام باسی لەوەکرد بەپێی ڕاپرسییەکە ژنانی ڕۆژنامەنوس لە ئۆفیسەکانیانەوە کارەکانیان بۆ دیاری دەکرێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو کە خاڵێکی تر جیاوازی کردنی مووچەیە لەنێوان ژنان و ڕەگەزی بەرامبەر، ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکان کە ژنان کەمتر کاربکەن، هەروەها بوونی کەمترین گرێبەست لە دامودەزگاکان بەربەستێکی سەرەکییە لە کارەکانی ژنان و دەزگاکان پێیانوایە کە دەبێت ژنان بە کەمترین مووچە زۆرترین کار بکەن.