ژنانی مەسەدە ستراتیژی داهاتووی خۆیان مسۆگەر کرد

ژنانی ئەندامی مەسەدە ستراتیژی داهاتووی خۆیان بۆ پەرەپێدانی ژنان لە ئاستی سیاسی و ڕۆشنبیریدا دیاری کردو ئاماژە بەوە کرا کە بەپێی پلانەکە دەرفەتی کار بۆ ژنان دابین دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ماڵپەڕی فەرمی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک "مەسەدە" ئەو ژنانەی لە ئەنجومەنەکەدا خەبات دەکەن یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان لە ١٢ی شوبات ئەنجامدا، ئەمەش لە دوای چوارەم کۆنگرەی مەسەدەیە کە لە کۆتایی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەکە بە بەشداری  لەیلا قارەمان، هاوسەرۆکی مەسەدە، جاندا محەمەدم جێگری هاوسەرۆکی مەسەدە، جیهان خدرۆ، سەرۆکی نووسینگەی ژنانی مەسەدەو هەموو ئەندامانی نووسینگەکە. هەروەها نوێنەرانی ژنانی مەسەدە لە دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی زووم بەشدارییان کرد.

 

"مەسەدە بەردەوام دەبێت لە خەباتی خۆی بۆ دروستکردنی دیالۆگ"

بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، لەیلا قارەمان، هاوسەرۆکی ڕێکخراوی مەسەدە داوای لە هەموو ژنانی سووریا کرد پێکەوە کاربکەن دژی بەربەستەکان و ڕۆڵێک بگێڕن لە چارەسەرکردنی کێشەی سووریا. مەسەدە بەردەوام دەبێت لە خەبات بۆ دامەزراندنی دیالۆگی ناوخۆیی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلی سووریا.

 

"مەسەدە بۆ سیستمێکی دیموکراتیک کاردەکات"

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سیاسی کرا، جاندا محەمەد، جێگری هاوسەرۆکی مەسەدە وتی: ئەو ناکۆکییانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و هەرێمی ڕوودەدات ئاماژە بەوە دەکەن کە گرژییەکان بەردەوام دەبن و هیچ چارەسەرێک نییە، هەموو لایەنێک دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت و کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر دۆسیەی سووریا، مەسەدە پڕۆژەیەکی نیشتمانییە بۆ تەواوی گەلی سووریا و کار بۆ یەکگرتنەوەی وڵاتەکە و بنیادنانی سیستمێکی دیموکراتیک دەکات.

 

باس لە ڕەوشی ژنان کرا

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی ژنان و بەربەستەکانی بەردەمیان کرا، جیهان خدرۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی ژنانی مەسەدە داوای کاری هاوبەش دەکات بۆ هەموو ژنانی سووریا بۆ بەدیهێنانی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و یاساییەکانیان و مسۆگەرکردنی دەستووری داهاتووی سووریا.

 

لە کۆبوونەوەکەدا پلانێکی کار بۆ گەشەپێدانی ڕۆڵی ژنان دانرا

لە کۆبوونەوەکەدا پلانێکی کارکردن دانرا بۆ پەرەپێدانی ڕۆڵی ژنان و بەهێزکردنی ئاستی ڕۆشنبیری و سیاسییان، بەپێی پلانەکە، دەرفەتی کار بۆ ژنان دابین دەکرێت و کار بۆ بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی سیاسی و بەڕێوەبەریدا ئەنجام دەدرێت، بەگوێرەی ماڵپەڕی مەسەدە کۆبوونەوەکە بە ئەنجامی پڕۆژەکە کۆتایی هات بۆ پەرەپێدانی ژنانی سووریا لە گۆڕەپانی سیاسیدا.