ژنانی مهاباد بەدەست پەراوێزخستنەوە دەناڵێنن

ژنان نیوەی دانیشتووان پێکدەهێنن و دوو بارگرانییان لەبەردەمدایە، ئەوان ئەو دەنگانەن کە بەهۆی هەژموونی ڕژێمەوە پەراوێزخراون.

ڤیان مێهرپەروەر

 

مهاباد-لە ئەنجامی تێکەڵنەبوون لە سیستمی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، ژنان لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەدەست وەدەرنان، هەژاری، توندوتیژی خێزانی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، ئالوودەبوون، نەخوێندەواری دەناڵێنن، بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسێک هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە بگرێتەبەر.

 

لە هاوسەرگیری منداڵانەوە بۆ توندوتیژی خێزانی

سارا یەکێکە لەو ژنانەی لە شاری مهاباد بەدەست پەراوێزخستنەوە دەناڵێنێت، لە منداڵیدا ناچار بووە هاوسەرگیری بکات. سەبارەت بە ژیانی خۆی وتی: لە تەمەنی هەرزەکاریدا دایک و باوکم لەدەستدا، لە تەمەنی شانزە ساڵیدا هاوسەرگیریم کرد، منداڵێکم هەبوو، دوای ماوەیەک منداڵەکەم ڕفێندرا، بە مردوویی دۆزرایەوە، هاوژینەکەم سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکردم، منیش لە تەمەنی بیست ساڵیدا زیندانیکرام، دوو ساڵ لە زیندان مابوومەوە بەبێ ئەوەی بزانم چ تاوانێکم ئەنجامداوە، دوای ئەوەی دەستبەرداری مارەییەکەم بووم، ئازادکرام.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئازادکردنم دووبارە هاوسەرگیریم لەگەڵ پیاوێک کردەوە کە ٣٠ ساڵ لە من گەورەتر بوو، بەڵام ڕووبەڕووی پرسێکی تر بوومەوە، ئەویش توندوتیژی بوو، ئەە بەردەوام لێی دەدام، ژنانی وەک من زۆرن، هاوژینەکانی یەکێکیان لە گەڕەکەکەمان ئالوودەبووە و ناچاری کردووە لەشفرۆشی بکات، هەرچەندە دوو منداڵی هەبووە.

 

"کوڕەکانم پەیوەندییان بە داعشەوە کرد، هاوژینەکەشم بەهۆی ئالوودەبوونەکەیەوە گیانی لەدەستدا"

لە پەراوێزی شارەکەدا، دابەزینی ئابووریی باو بازنەی هەژاری فراوانتر دەکات، هەژاری کولتووری بەرهەم دەهێنێتەوە. ڕەنگە زۆرێک لەو کەسانە ببنە قوربانی یان کاریگەری ڕێبازە مەترسیدارەکانی وەک ئالوودەبوون و تاوان. بۆ نموونە کەلسوم بەهۆی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هاوژینەکەی لەدەستدا و دوو کوڕە هەرزەکارەکەی فێڵیان لێکرا و پەیوەندییان بە داعشەوە کرد و کوژران. کچەکەی لە عێراق هاوسەرگیری کردووە و ساڵانە جارێک سەردانی دایکی دەکات.

 

سەبارەت بە ژیانی خۆی، کەلسوم،وتی: لە تەمەنی گەنجیدا هاوسەرگیری کردووە، بەڵام هاوژینەکەم ئالوودەی مادەی هۆشبەر بووە و ژیانی منداڵەکانی تێکداوە. جلەکانم لە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان وەردەگرم و بە پاککردنەوەی ماڵی هاوڵاتی، پاکەتکردنی بەرهەمەکان، کارکردن لە کورەی خشت، یان میوە هەڵگرتن دەژیم.

 

وەدەرنان و هەژاری و وازهێنان

شیدا، یەکێکە لەو ژنانەی لەگەڵ دایکیدا لە ناوچەی زەوییە شارەوانییەکان دەژی، نازناوی "ئەندازیار"ی لێنراوە. بەهۆی نەخۆشی ئیسکەلەرۆسیسەوە پرسی ڕۆیشتنی هەیە. سەبارەت بە ژیانی خۆی وتی: دوای مردنی باوکم تەنها دایکم مایەوە، دایک و باوکم لە گوندەوە کۆچیان کرد بۆ شار، ئێمەش هیچ موڵک و سەرمایەمان نەبوو، خوێندم و بڕوانامەی ئەندازیاریم بەدەستهێنا، هەموو شتێک باش بوو تا ئەو ڕۆژەی بێهۆش بووم، دواتر بۆم دەرکەوت کە نەخۆشم، بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە ئیتر شایستەی کارکردنم نەبووم، کەسیشم نەبوو پشتگیریم بکات، ماوەی ١٤ ساڵە ژنی ماڵەوەم، ژیانم بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرەو خراپتر دەچێت بەهۆی هەژاری و ڕەتکردنەوە و نەخۆشییەوە.

 

شیدا بەهۆی نەخۆشی و هەژاری پاڵیان پێواوە بۆ پەراوێز. بە وتەی ئەو، زۆرێک لە ژنانی گەڕەکەکەی هەرگیز نەچوونەتە زانکۆ و هەندێکیشیان تەنانەت بڕوانامەیان بەدەست نەهێناوە. ئەوانەی بەدەستیان هێناوە دوای هاوسەرگیری لە ماڵەوە ماونەتەوە.

 

"لە کوچەیەک دادەنیشین و باسی ئازارەکانمان دەکەین"

تەنانەت ژنانی ئەم ناوچەیە لە پارک و یانە وەرزشییەکان و کتێبخانەکان بێبەشن.  لە هەلی کۆمەڵایەتی بێبەش دەکرێن و "سەلامەتی" بۆ ئەوان وشەیەکی نامۆیە. بێمتمانەیی بە دەسەڵات، کاری بێ موچە یان کەم موچە، ماڵە بچووک و قەرەباڵغەکان، کەمی ڕێژەی خوێندەواری، هاوسەرگیری منداڵان و زۆر شتی تر هەمووی بەشێکن لە گفتوگۆ و ژیانی ڕۆژانەی ئەم ژنانە. هەندێک جار، جگە لە کوچە و دراوسێکانیان کەس نادۆزنەوە. وەک زەینەب وتی: لە کوچە دادەنیشین و باسی ئازارەکانمان دەکەین. ئازارێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە حکومەتێکی بێکاریگەردا هەیە.

 

ئازاری ژنانی پەراوێزی مەهاباد لە ئەزموونە تاکەکەسییەکان تێدەپەڕێت، نوێنەرایەتی بەڵگەنامەی زیندوو دەکات لە نادادپەروەری پێکهاتەیی و هەڵاواردنێکی بەردەوام کە لە ئەنجامی بۆشایی کۆمەڵایەتی و بێباکی دامەزراوە فەرمییەکان دێتە ئاراوە.

 

ئەو ژنانەی لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان پێکراوە، تەنیا قوربانیی هەژاری یان توندوتیژی خێزانی نین، ئەوان قوربانی دەسەڵاتێکن کە ساڵانێکە دەستبەرداری بەرپرسیارێتیەکانی بووە.

 

دەسەڵاتدارانی ئێران لە ڕێگەی سیاسەتە ناکاریگەرەکانیان و نەبوونی پلانی هەمەلایەنەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بێبایەخکردنی پێکهاتە پەراوێزخراوەکان، ڕاستەوخۆ بەشداری لە توندبوونەوەی ئەم کارەساتانەدا دەکەن. هەژاری، ئالوودەبوون، هاوسەرگیری منداڵان، پەیوەستبوونی منداڵان بە گروپە توندڕەوەکان، وازهێنان لە خوێندن و دەستنەکەوتنی دەستڕاگەیشتن بە کەمترین مەرجەکان بۆ ژیانێکی شایستە، تەنها دەگمەن نین، ئەوان دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بێهەڵوێستی دەسەڵاتدارانن لەم بوارانەدا.

 

بەڵام دەسەڵات بە تەنیا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ ناگرێت. کۆمەڵگەی شار و چینی ناوەڕاستیش بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆدایە، بەو پێیەی ئەو ژنانە و بنەماڵەکانیان "بەدوور گرتووە" و "بەدەر"یان کردووە، بە بەزەییەوە سەیریان دەکەن و دان بە ڕۆڵی خۆیاندا نادەن لەم دوورخستنەوە و جیاکارییەدا.

 

پەراوێزخستنەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی سەرهەڵنادەن، ئەوان دەرئەنجامی نادادپەروەریین. کاتێک نیوەی دانیشتوانی پەراوێزخراو ژنانن کە تووشی ئەم توندوتیژییە فرەڕەهەندە دەبن، گرنگترین پرسیار دێتە ئاراوە: کەی دەنگی ئەم ژنانە دەبیسترێت؟  تا کەی بێدەنگی کۆمەڵگە و خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە سەرکوتکردنی ئەو دەنگانە بەردەوام دەبێت؟.