ژنانی کۆیە یەك سەدەیە دەستبەرداری کاری ئاش نەبوون

هەرچەندە بوونی بەرهەمی ىازرگانی بازاڕی تەنیوە، بۆ بەرهەمی پایزەو زستانەی وەک برنج و ساوەرو بروێش لەکۆندا تەنها ئاشەکان سەرچاوەی بوون، لە ئێستادا لەگەڵ نەمانی ئاشەکان، ژمارەیەکی کەم هێشتا ماون و لە کۆیە ژنان پارێزگاری لەم میراسە دەکەن.

شلێر کۆیی

 

کۆیە-لەگەڵ هاتنی وەرزی پایزو لەگەڵ گزنگی بەیانی، ژنانی سنووری كۆیە ڕوولە ئاش دەكەن بۆ لێكردنی باراشەكەیان كە ساوەرو بروش و گەنمە كوتاووە، هەرچەندە ئاشەكە تەمەنی یەك سەدەیە، بەڵام ئەوان هیشتا متمانەیان تەنیا بەو ئاشەیە، دەكەن بەدەست و بازی خۆیان زادو زەخیرەی زستان دابین دەكەن، هەۆسەكەو بیژینگ و هێڵەگی لەدەستە سەرقاڵی  زادوو زەخیرەكەیە تا بەپاكی بیبەنەوە بۆماڵێ.

 

ئاشی مام خدر، بە یەکێک لە شوێنەوارە هەرە گرنگ و کۆن و جوانەکانی شاری کۆیەی دادەنرێت، کە نزیکەی سەدەیەکە کار دەکات و کەوتووەتە به‌رامبه‌ر قشڵه‌ی كۆیه‌و له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ٨٠١ مه‌تر دووجا دروست كراوه، ئەم ئاشە ئێستا تەمەنی ٩٩ ساڵە، کە له‌ كۆیه‌ دامه‌زراوه‌ و تاوەکو ئه‌مڕۆ له‌ كاركردن نەوەستاوە بەیانیان جمەی دێت لەخەڵك، ئاشەکە یەکەم ئاشی ئاگری بووە لە کوردستان و عێراق، تاوەکوو ڕۆژگاری ئەمڕۆش لەکاردایە و ئامێرەکەی لە کار نەکەوتووە. هاوڵاتییان ئێستاش بۆ بۆ باراش لێكردن و ئاماده‌كردنی جۆره‌كانی ئارد، گه‌نمه‌كوتا، ساوار، بڕوێش ، قەرەخه‌رمان، نیسك، ئاری نۆك، برنج، ڕوو لەو ئاشە دەکەن.

 

زانا خدر، كوری مام خدری ئاشەوان وتی: ئیستا تەمەنی ئاشەكە ٩٩ ساڵە تا ئێستا كاردەكات رۆژانە لەكاتژمێر شەشی بەیانیەوە لێرەین بۆ لێكردنی دانەوێڵەكان، ئەو ئاشە كە تا ئیستا ماوەتەوە بەهۆی گرنگی پێدان و بەهرەمەندی مام خدر خۆی بووە كەتوانیویەتی بیپارێزێت  تائەمرۆ، ئێمەش ئامانجمان ئەوەیە ئەو ئاشە بەزیندوویی بمێنتەوە، ئەوە تاكە شوێنەواری زیندووە تا ئێستا ماوەتەوە، بووەتە پێناسەی کۆیە.

 

" دانەوێڵەی بازرگانی تامی نییە"

 ئاواز تایەر، دانیشتوی شاری كۆیەیە، تەمەنی ٦٥ ساڵە و ماوەیەکی زۆرە لەو ئاشە باراش لێدەكات وتی:  لەپیش ئەنفالەكەی دەشتی كۆیەوە ئیمە هاتوینە شاری و لەتەمەنی ٢٥ ساڵان دەبووم لەگەڵ بابم دەهاتمە ئاشی مام خدر، باراشمان لیدەكرد تائێستاش بەردەوامم ، ئەمساڵ لەبەرنەخۆشیەكەم نەمتوانی ساوەر بكوڵێنم، دوایی بوكەكەم بۆی ئامادە كردم، منیش هاتووم لەگەڵیان تا ئامادەی بكەین، لەوەتەی هەم ساوەر و بڕوێشی بازارم نەخواردووە، یەك جار لەبازاڕ ساوەرم کڕی، هاوژینەکەم نەیخوارد، چونكە دانەوێڵەی بازرگانی تامی نییە و كەلێی دەنێی وەك هەویری لێدێت، جگە لەوەش سوودی نییە وەك خۆماڵیەكە، بەتایبەت گەنمەکوتاوەکەی بەهەموو بارێك خۆشە.

 

ئاواز تایەر لەگەڵ قسەکانی ژیانی سەردەمی  كۆنی بیردەكەوتەوە پێیوایە ژیانی ئەوسەردەم بەهۆی خۆراكی تەندروست زۆر لەئیستا باشتربوو وتی: هەرچەندە زۆر ماندووبوین ئەوكات، بەڵام كەس نەخۆش نەدەكەوت وەك ئیستا، ئەوكات هەموو دڵخۆش دەژیاین.

 

قەدریە جەبار، خەڵكی گوندی حاجی قەڵایەو لەگەل خێزانەكەی هاتووە بۆباراش لێكردن، سەبارەت بەگرنگی ئەو خۆراكانەی خۆماڵێن وكاری دەستی خۆمان وتی: ئەوە ساوەری خۆمانە بۆخۆمان دەیكوڵێنین و لێی دەكەین، چونكە حەزمان لێیە هی دەستی خۆمان بێت گەرنا هی بازاڕیش كیشەی نییە، خەڵك بەكاری دێنن چونكە هەموو كەسێك جێگاو ڕێگای نییە، بۆخۆی ساوەرەكە بكوڵێنێت وبتوانێت بیهێنێتە ئاش.

 

بەیان عومەر، ژنێكی دیكەی گەنجی ناو ئاشی مام خدرە كە هاتووە باراشەكەیان لێبكات وتی: من جگە لەوەی خۆم فەرمانبەرم، بەڵام هەوڵمداوە خۆراكی تەندروست ئامادە دەكەم بۆ ماڵەوەو ساڵەنە گەنمەكوتاو ساوەر دەكوڵێنم، چونكە پێویستە پشت بەبەرهەمی خۆماڵی ببەستین بەتایبەت ئێستا گەنم زۆرەو تەندروستەو گەنمەكە خاوێنە بەدەستی خۆمان كوڵاندوومانە.