ژنانی کورد لە کراسنۆدارەوە پەیامی پشتیوانی بۆ هەڵمەتی "ژنان ڕۆژئاوا دەپارێزن" نێردرا
ژنانی کورد لە شاری کراسنۆداری ڕووسیاوە پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵمەتی "ژنان ڕۆژئاوا دەپارێزن" دەربڕی.
ناوەندی هەواڵ
ژنانی کورد لە شاری کراسنۆداری ڕووسیا لە ماڵی گەل کۆبوونەوەو پشتیوانیی خۆیان بۆ ژنانی بەرخۆدێر و پێشەنگ دەربڕی.
لە ڕاگەیاندراوێکدا سینەما محەمەد، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەل وتی: ئێمە وەکو ژنانی کورد لە ڕووسیا بە داخێکی گەورەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەم هێرشە دڕندانەیەی دەکرێتە سەر گەلی کورد و ژنانی کورد قبووڵناکەین و شەرمەزاری دەکەین. سەدان ساڵە دەیانەوێت ژنی کورد لەناوبەرن. بەڵام ئەم قڕکردن و کۆمەڵکوژییەی بەتایبەت لەسەر ژنانی کورد ئەنجامیدەدەن، هەرگیز ئەنجامی نابێت. لەبەرئەوەی ئێمە خاوەن پێشەنگین، خاوەن شەڕڤانانی ژنین کە ئەمڕۆش لە بەرانبەر چەتەکانی داعش و زیهنییەتی دواکەوتوو شەڕدەکەن و بەرەنگاردەبنەوە.
سینەما محەممەد بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ژنە. لەبەرئەوە ئێمەش وەک ژنانی کورد بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ ئەو ژنانەداین کە ئێستا لە سەنگەرەکان، گۆڕەپانەکان، لە شەقامەکان بەرگری دەکەن، پشتیوانی لە بەرخۆدانیان دەکەین. هەرچەندە ئێمە لە کوردستان دووریش بین، بەڵام دڵ و مێشکمان لەگەڵیانە.
ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" کۆتایی هات.