ژنانی کۆچبەری عەفرین لە قامیشلۆ داوای گەڕانەوەی پارێزراو دەکەن

ژنانی شاری عەفرین، کە دوای چەندین جار لە کۆچکردنیان لە قامیشلۆی ڕۆژئاوا نیشتەجێ بوون، خواستی خۆیان بۆ گەڕانەوەی پارێزراو بۆ عەفرین دەربڕی.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ-دوای چەندین ساڵ لە کۆچکردنی زۆرەملێ و چاوەڕوانییەکی زۆر، ئاماژەکانی گەڕانەوە بۆ شاری عەفرین دەستیان بە دەرکەوتن کردووە، لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات”هەسەدە” و حکومەتی کاتی سووریا، کۆچبەرەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی لاپەڕەی کۆچکردنیان هەڵبکەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان و دەست بە لاپەڕەیەکی نوێ بکەن.

 

سۆزان ئۆسۆ ئاماژەی بەوەشکرد، خێزانەکەی بۆ ماوەی نۆ ساڵ بەرگەی سەختی کۆچکردنیان گرتووە، هەروەها گەڕانەوەیان دواکەوتووە بەهۆی ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە ئەنجامدراون.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، دەمانەوێت لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانمان بگەڕێینەوە، دەمانەوێت مافەکانمان دەستەبەر بکرێت، ساڵانێکە کۆچمەن کردووە، ئێستاش دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، داواکاریی ئێمە ئەوەیە وەک کورد بگەڕێینەوە بۆ عەفرین بە مسۆگەری نێودەوڵەتییەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر خاکی خۆمان بەردەوام بین لە ژیانی خۆمان بەبێ ئەوەی پێشێلکاری بەرامبەرمان بکرێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئامادەکارییەکانیان بۆ گەڕانەوە بەردەوامە، بەڵام ئەوەی نیگەرانیان دەکات، مامەڵەی چەتەکانی تورکیا و جیهادییەکانی هەتەشە لەگەڵ گەلی کوردە، هەروەها ئێمە ساڵانێکە شەڕ دەکەین بۆ پاراستنی بوونی خۆمان و ناسنامەکەمان، دەبێت ئەم شەڕە بوەستێت، دەبێت ئاشتی و دیموکراتیک بەدیبهێنرێت، بۆیە زۆر گرنگە مافەکانمان لە دەستووری سووریادا مسۆگەر بکرێت.

 

عەریفە حەبش دەنگی پڕ لە حەسرەتی گەڕانەوەیە بۆ عەفرین وتی: خاکەکەمان زۆر جوانە، نۆ ساڵ بەسەر کۆچکردنمان تێپەڕیوە، لەماوەی کۆچکردنماندا ئەوەندە ئازار و ماڵوێرانی و سەختیمان بینی، لە عەفرینەوە بەرەو شەهبا هەڵاتین، پاشان بۆ ڕەققە، دواجار گەیشتینە قامیشلۆ.

 

ئەو ساڵە سەختانەی کۆچکردنی بە "ساڵانی بەرخۆدان" پێناسە کرد، جەختی لەسەر پێویستی گەڕانەوەی بە شکۆمەند کردەوە، وتی: کاتێک دەگەڕێمەوە بۆ عەفرین، نازانم چ هەستێکم دەبێت، یەکەم شوێن کە دەڕۆم گۆڕستانی شەهیدانە، پاشان بەرەو گوندەکەم دەڕۆم، کاتێک دەگەڕێینەوە دەبێت گەڕانەوەمان بە شکۆمەندی و بەهێزەوە بێت، ئەگەر هێزە ئەمنییەکان لەگەڵمان نەبن، ناگەڕێینەوە.

 

ئامینە حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ عەفرین بە پارێزراوی و بە ئارامی بژین، هەروەها هەرگیز بە خەیاڵماندا نەدەهات بگەڕێینەوە بۆ عەفرین، خواستی ئێمە ئەوەیە بە پارێزراوی و بە شکۆمەندیەوە بگەڕێینەوە، دەمانەوێت ژیانمان ئاوەدان بکەینەوە، داواش لە هەموو وڵاتان دەکەین مسۆگەری بارودۆخی پارێزراوی گەڕانەوەمان بکەن.