ژنانی کۆبانێ: تا کۆتایی دەسکەوت و شۆڕشی ژنان دەپاریزین
ژنانی کۆبانێ ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا کە بۆ سەر کانتۆنی مەنبج و گوندەکانی کۆبانێ و وتیان: تا کۆتایی دەستکەوتەکانمان و شۆڕشەکەمان دەپارێزین.
ئێلڤین محەمەد
کۆبانێ-هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، لەو هێرشانەدا دەیان ژن و منداڵ کوژران، لەسەر بانگەوازی سەفەربەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، خەڵکی ناوچەکە دەستیان بە چالاکی کرد.
ژنانی شاری کۆبانێ لە کانتۆنی فورات کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر بەو هێرشانە دەربڕی و ڕایانگەیاند کە تا کۆتایی دەسکەوتەکانیان دەپارێزن.
"دەزانین ئامانج دەستکەوتەکانی کوردە"
یەکێک لە ژنانی شاری کۆبانێ ڕوکەن عەقید عەبوک ئاماژەی بەوەکرد، دەزانن مەبەست لەم هێرشانە دەستکەوتەکانی کوردە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە ڕاستیدا ئەم هێرش و شەڕانە کە ئەمڕۆ دەیبینین قبوڵکراو نین، ئەم خێزانانە لە مەنبجەوە دێن، چەتەکان لەژێر ناوی ئاییندا ئازاری ژنان دەدەن، موڵکی خەڵک دەدزن.
ڕوکەن وتیشی: ئامانجی هێرشەکان بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردە و وتی: دەرکەوت ئامانجیان تەنها مەنبج نییە، چونکە دەبینین ئامانجی هێرشەکانی سەر گوندەکانی کۆبانێ، قامیشلۆ، حەسەکەو ڕەققە لەناوبردنی کوردە، هەروەها بەڵێن دەدەین کە هەمیشە شوێن خەباتکارانمان بکەوین و هەمیشە بەڵێنەکەمان نوێ دەکەینەوە، هەرچەندە هەوڵی لەناوبردنی ئێمە بدات، ئێمە هێزمان زیاد دەکەین و شوێن شەڕڤانەکانمان دەکەوین.
"تا کۆتایی لەگەڵ منداڵەکانمان بەرخۆدان دەکەین"
مەحبوبە بۆتان کە یەکێک لە ئەندامانی ناوەندی کولتووری و هونەری باقی خیدۆیە ، بۆچوونی خۆی لەبارەی هێرش و هەڕەشەکانەوە دەربڕی و ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی هێرشەکانی ئەمڕۆ بۆ سەر مەنبج و کۆبانێ دەزانن و وتی: دەیانەوێت ئەم شوێنانە بە هەمان شێوەی سەرێکانی، گیرێ سپی و عەفرین بە ئەمنی بکەن، هەر لەو ڕۆژەوە کە ئەم شارانەیان داگیرکردوە تا ئەمڕۆ هەموو کردەوە نامرۆییەکان بەسەر خەڵکدا ئەنجام دەدەن، ئەمڕۆش دەڵێن ئێمە هێرش دەکەینە سەر تیرۆریستان، بەڵام ئێمە سەیری شوێنە داگیرکراوەکان دەکەین، دەزانین کە ئەوان گەورەترین تیرۆریستن، لە بەر چاوی دونیای ئەمڕۆدا چی لە خەڵک و ژنانی عەفرین و ناوچەی داگیرکراو دەکەن، هەموو کردەوە مامرۆییەکان لەسەر خەڵکی ئەو شوێنە داگیرکراوانە ئەنجام دەدرێن، ئێستاش بەم هێرشانە دەیانەوێت شوێنی پارێزراو داگیر بکەن و هەمان کردار لەسەر خەڵکی ناوچەکە ئەنجام بدەن، ئەوان هەموو شتێک دەکەن لە تاڵانکردنەوە تا دزینی موڵکی خەڵک.
مەحبوبە بۆتان ڕایگەیاند، تا کۆتایی لەگەڵ شەڕڤانانیدا دەبن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمەی ژن، هەمیشە لەگەڵ منداڵە بەرخۆدێرەکانمان دەبین، ئامانجی دوژمنمان شکاندنی هێز و ئیرادەی گەلەکەمانە، بەڵام تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین و لەگەڵ منداڵەکانمان دەبین، پێویستە هەموو گەلەکەمان لەگەڵ شەڕڤانەکانیدا بێت و هەموومان پێکەوە شٶڕشەکەمان دەپارێزین.