ژنانی کۆبانێ: لەژێر ناوی "دۆسیەی کۆبانێ" قڕکردنی سیاسی بەڕێوەدەچێت
ژنانی کۆبانێ جەختیان لەوە کردەوە کە دەوڵەتی تورکیا دۆسیەی کۆبانێ وەک ئامرازێکی یاسایی بۆ درێژەدان بە سیاسەتەکانی سەرکوت و نکۆڵی بەکار دەهێنێت، ئەم دۆسیەیە نوێنەرایەتی شکۆ و بوونی گەلی کورد دەکات.

بەرچەم جودی
کۆبانێ-ساڵانێکە دەوڵەتی تورکیا شێوازی جۆراوجۆری بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی قڕکردنی سیاسی لەدژی پارتی دێم و ڕێکخراوەکانی، هەروەها دژی تەڤگەرەکانی ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی لە باکووری کوردستان و تورکیا، پرسێکی سەرەکی لەم چوارچێوەیەدا دۆسیەی کۆبانێیە.
لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠١٤ داعش هێرشی کردە سەر شاری کۆبانێ لە فوراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم هێرشە بەرخۆدانی کۆمەڵگەی بەرفراوان لەلایەن هاوڵاتیان و شەڕڤانان و پێشەنگە ناوخۆییەکانەوە بەرەوڕوو بووەوە، ئەم خۆڕاگرییە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ بە سەرکەوتن کۆتایی هات و پشتیوانی بەربڵاوی هەموو تەڤگەری مەدەنی و سیاسی و مافی مرۆڤەکانی باکووری کوردستانی وەرگرت، دوابەدوای ئەم سەرکەوتنە، دەوڵەتی تورکیا هەڵمەتێکی بەربڵاوی دەستگیرکردن لە دژی ئەو کەسانەی کە پشتیوانی ئەم بەرخۆدانەیان دەکرد کە ناوی لێنرا "کەیسی کۆبانئ" دەستیپێکرد، ئەم هەڵمەتە ساڵانێکە بەردەوامە، لەم دۆسیەیەدا زیاتر لە ١٠٠ سیاسەتمەدار دادگایی کراون و بە سەدان کەسیش لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.
"پرسی کۆبانی بابەتی شکۆ و بوونە"
لە بەرامبەر فشار و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا، ژنانی کۆبانێ لە ڕێگەی ئاژانسەکەمانەوە هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ئەو کەسانە دەربڕی کە لەم دۆسیەیەدا دەستبەسەرکراون، هەدلە حەسەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە دەوڵەتی تورکیا بە شێوەی جۆراوجۆر دوژمنایەتی خۆی بۆ سەرکەوتنی کۆبانێ نیشان دەدات، وتی: وەک ژنانی کۆبانێ لە دڵەوە سڵاو لە هەموو ئەو ژنە چالاکوانانە دەکەین کە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم پرسە دەستگیر کراون، هاوسۆزیش لەگەڵ بەرخۆدانیان بۆ ئازادی وەستاوین.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی کۆبانێ بابەتی شکۆمەندییە، لە ساڵی ٢٠١٤دا هەمووان پشتیوانی خۆیان پێشکەش بە کۆبانێ کرد وەک بەڵگەیەک لەسەر شکۆ و پاراستنی چارەنووسی گەلی کورد و مرۆڤایەتی، ئەو ژنە شەڕڤان و فەرماندانەی یەپەژە کە گیانی خۆیان بەخت کرد لە شەڕی دژی داعش، بوونە ئیلهامبەخشێک بۆ هەموو ژنانی جیهان، ژنانی باکووری کوردستان لەم ڕووەوە ڕۆڵێکی بەرچاویان بینیوە، تا ئێستاش هەموو ئەو ژنان و تاکانەی کە بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی کۆبانێ، لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەیەدا دادگاییکردنەکانیان بەردەوامە، بەم شێوەیە دەوڵەتی تورکیا بە شێوەی جۆراوجۆر دوژمنایەتی خۆی بۆ ئەم سەرکەوتنە نیشان دەدات، یەکێک لەوانە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیە کە پشتیوانی لەم بەرخۆدانەدا دەکەن.
"دەوڵەتی تورکیا لەبری ئەوەی بەرەو ئاشتی هەنگاو بنێت، بەردەوامە لە چەوساندنەوە"
هەدلە حەسەن جەختی لەوەکردەوە کە دەوڵەتی تورکیا لەبری ئەوەی خەریکی ڕێبازی ئاشتی و دیموکراتیک بێت، درێژە بە سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی دەدات، بەداخەوە پراکتیکەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باکووری کوردستان بەردەوامن و پرسی کۆبانێش یەکێکە لەو سیاسەتانە، هەرچەندە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لە سێ مانگ لەمەوبەر داوای ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی کرد، هەرچەندە پەکەکە پابەندبوونی خۆی بەم دیدگایە دەربڕی، بەڵام حکومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بەرەو ئاشتی نەناوە، بەپێچەوانەوە، ئێستاش دەبینین هەمان سیاسەت و گرتن و هەڵوێستی سەرکوتگەرانە بەردەوامە.
"ئەو بانگەوازەی لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیپێکردووە، دەبێت لە ساڵی ٢٠٢٥دا بە سەرکەوتووی کۆتای پێبێت"
هەدلە حەسەن لە کۆتاییدا وتی: بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبێ لە ڕێگەی ڕۆحی کۆکردنەوەی کۆمەڵگە لە کۆبانێ بگۆڕدرێت بۆ سەرکەوتن، لە ساڵی ٢٠١٤ کە شەڕەکانی کۆبانێ لە ڕادەبەدەر سەخت بوون، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازێکی مێژوویی دەستپێکرد بۆ کۆبونەوەیەکی گشتگیر بۆ بەرگری لە کۆبانێ و جوڵەی وەک لافاوێک بۆ پشتیوانیکردن لە کۆبانێ، لەو کاتەدا دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دا ئەم بانگەوازە لاواز بکات و کاریگەرییەکانی سنووردار بکات، بەربەستی زۆر خرایە ڕوو بەڵام سەرەڕای ئەوەش بانگەوازەکە سەرکەوتوو بوو و کوردەکان لە دەوری کۆبانێ کۆبوونەوە و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لە بەرخۆدان، بۆیە جارێکی دیکە لەو باوەڕەداین کە بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی سەرکەوتوو دەبێت و یارمەتیدەر دەبێت بۆ گۆڕینی چارەنووسی گەلی کورد، کە بانگەوازێکە بۆ شکۆ و مانەوە بۆیە ئەم بانگەوازەش بە ڕۆحی کۆبونەوەی کۆمەڵگە بۆ کۆبانێ تەرخان دەکەین و وەک سەرکەوتنێکی نوێ یادی دەکەینەوە
"وەک جەستە و ڕۆح یەکگرتوون"
سەمیرە ئەحمەد شایەتحاڵی بەرخۆدانی کۆبانێ تیشکی خستە سەر یەکڕیزیی هاوڵاتیانی باکووری کوردستان لەگەڵ کۆبانێ. وتی: من شاهیدی گەمارۆدانی کۆبانێ بووم لە ساڵی ٢٠١٤ و بەشێک بووم لەو بەرخۆدانە، ئێمە بە چاوی خۆمان پشتیوانی هاوڵاتیانی باکووری کوردستانمان بینی، بۆ ماوەی ١٣٤ ڕۆژ گەلەکەمان دەستبەردار نەبوو، ئێمەش هەوڵەکانمان لەگەڵ باکووری کوردستان یەکخست، بە سەدان گەنجیان بەشداری شەڕی سەر زەویەکانی کۆبانێ بوون، گیانیان بەخت کرد، کۆمەڵکوژییەکەی بەرسوس یەکێکە لە دیارترین هێماکانی یەکڕیزیی نێوان باکووری کوردستان و کۆبانێ، کە تێیدا بە پراکتیکی بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەرببڕیت بە دڵسۆزییەوە ڕۆڵی ئەخلاقی و نەتەوەیی خۆیان جێبەجێ کرد
"لە سایەی دۆسیەی کۆبانێدا گۆشەگیری سیاسی بەردەوامە"
سەمیرە ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا هەموو ئەو کەسانەی کە پشتیوانی کۆبانێیان کردووە دەستگیر کردووە و دۆسیەی بۆ کردووەتەوە، وتی: هەر کەسێک لە ساڵی ٢٠١٤ هەر پاڵپشتییەکی بۆ کۆبانێ کردبێت، بووەتە ئامانجی سیاسەتەکانی جینۆسایدی سیاسی دەوڵەتی تورکیا، تەنانەت ئەوانەی سڵاو یان قسەی هاوسۆزییان بۆ کۆبانێ ناردووە، ئەمڕۆ لە زیندانەکانی تورکیا بە ناوی دۆسیەی کۆبانێ دەستگیر دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، چۆن دەکرێت ئەمە کەیسێک بێت ئەگەر دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا سەدان کەسی بەهۆیەوە دەستگیرکردبێت؟ لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆبانێیەوە تا ئەمڕۆ هاوڵاتیانی،کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا پشتیوانی خۆیان پێشکەش بە کۆبانێ بەتایبەتی و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەگشتی کردووە، سەدان چەکداری زۆر وڵاتیش بەشدارییان لە شەڕی داعشدا کردووە، بۆچی ئەو کەسانە لەلایەن حکومەتەکانیانەوە دەستگیرنەکراون؟ ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەوڵەتی تورکیا دۆسیەی کۆبانێ وەک ئامرازێک بەکار هێناوە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتەکانی جینۆساید و نکۆڵی لە ڕێگەی یاساییەوە، تا ئەو تێگەیشتنە و ئەم سیاسەتانە نەگۆڕدرێن، ناتوانین پێکەوە باسی ئاشتی و دیموکراتی بکەین.