ژنانی کۆبانێ: هێرش و هەڕەشەکان بۆ سەر شارەکەمان بەردەوامن

لە ١١یەمین ساڵیادی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، ژنانی ئەو شارە جەختیان لەوە کردەوە: کە ئەو ڕۆحی بەرخۆدان و کۆکردنەوەی کۆمەڵایەتیەی بەرجەستەبوو لەو ساتەوەختە مێژووییەدا سەرکەوتنێکی لەبیرنەکراوی بەدەستهێنا.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- لە ساڵی ٢٠٠٤ داعش وەک لقێکی قاعیدە دروست بوو و بە خێرای دەستیکرد بە جێگیربوون لە ناوچەکەدا، لە ساڵی ٢٠١٣ بە فەرمی دامەزراندنی بە "دەوڵەتی خەلافەت" لە عێراق و سووریا ڕاگەیاند، پاشان لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرفراوان کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەند شارێکی هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا.

 

لە سەرەتای فراوانبوونیدا، داعش دەستی بەسەر ناوچە بەرفراوانەکانی عێراق و سووریادا گرت، لەوانە موسڵ، دێرەزوور، تەبقا، ڕەققە و مەنبەج، ڕەققەی بە پایتەختی بەناو "دەوڵەتی خەلافەت" ناساند، لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠١٤، بە ڕێنمایی تورکیا، داعش پێشڕەوی کرد بۆ سەر شاری کۆبانێ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام کۆبانێ جیاواز بوو لە هەموو شارەکانی تر، داعش ڕووبەڕووی بەرخۆدانی توند و بێ وێنەی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بووەوە، ئەم هێزانە دوای ١٣٤ ڕۆژ لە شەڕ توانیان هێرشەکە بەرپەرچ بدەنەوە و بەرخۆدانیان لە ٢٦ی کانونی دووەمی ٢٠١٥ بە سەرکەوتن گەیشتە لوتکە.

 

١١ ساڵ بەسەر یادەوەری هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ تێدەپەڕێت، سەرەڕای سەرکەوتنەکەش هێشتا کاریگەرییەکانی ئەم بەرخۆدانە لە کۆبانێ دیارە و ڕووداوەکانی لە هزری خەڵکەکەیدا دەمێننەوە،

 

سلاڤا بوزو یادەوەرییەکانی شەڕەکەی وەبیرهێنایەوە و ئاماژەی بە توندی هێرشەکانی داعش کرد بۆ سەر شاری کۆبانێ، کە هێرشەکان لەڕادەبەدەر توندوتیژ بوون، ئاوارەبوونی دانیشتوانی شارەکەش کاریگەرییەکی ئازاربەخشی لەسەر هەموومان هەبوو، سەرەڕای بارودۆخی سەخت و دڕندەی شەڕەکان، هەروەها بەرخۆدانی کۆبانێ بە توندی خۆی گرتووە و سەرکەوتووە، وتیشی: توانیمان کۆبانێ بونیاد بنێینەوە و پشت بە هیوا و ئاواتەکانمان بۆ داهاتوویەکی باشتر ببەستین.

 

ئاماژەی بە ڕۆڵی دەوڵەتی تورکیا لە داعش کرد، وتی: دەوڵەتی تورکیا داعشی بەرەو کۆبانێ ئاڕاستە کرد، سەرەڕای نەهێشتنی داعش لە کۆبانێ، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە پلەی یەکەم بەرپرسە لە هێرشەکانی ئەیلوولی ٢٠١٤،  هەروەها بەردەوامە لە هەڕەشەکردن و هێرشکردنە سەر کۆبانێ، هەر لەبەر ئەمەشە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ڕووبەڕووی هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا بووینەوە بۆ داگیرکردنی کۆبانێ.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە داعش پشتگیری لە ئایدۆلۆژیایەکی مەترسیداری جیهادی دەکات، لێکەوتەکانیش بە ڕوونی لە شنگال و زۆر ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا دەرکەوتوە، ئەوان بە تایبەتی کردەوەی نائەخلاقییان بەرامبەر بە ژنان ئەنجامداوە، ئێمەش دەزانین چییان بەسەر ژنانی ئێزدیدا کردووە، و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی تا ئەمڕۆ داعش بەردەوام بێت لە چالاکییەکانی لە سووریا.

 

"کۆبانێ بووەتە خاڵی وەرچەرخان لە چارەنووسی ناوچەکەدا"

نەسرین یوسف، ئاماژەی بەوەدا، کە کارەکانی ئێستای جیهادیەکانی هەتەشە شەڕی کۆبانێان بیردەخاتەوە، ئێمە ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٥داین، ساڵانێکی زۆریش بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕیوە، بەڵام کاتێک دەبینین ئەو کارانەی شانەکانی داعش ئەنجامی دەدەن یان چۆن چەتەکان ڕێکدەخرێنەوە، دیسانەوە سیناریۆی شەڕی کۆبانێمان بیر دێتەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداوەکانی ئێستای سووریا بە هەمان میتۆدۆلۆژیا و عەقڵیەت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هێشتا مەترسی داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوونی هەیە و هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەم مەترسییە زیاتر دەکات، هەروەها  بەردەوام لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی کۆبانێ و دەستکەوتەکانی.

 

"بەرخۆدانی کۆبانی بووەتە وەڵامێک بۆ دەیان هەوڵی داگیرکاری"

شیرین شێخ خزر لە هەڵسەنگاندنی هێرشەکەی داعشدا ئاماژەی بەوەدا، کە ١٥ی ئەیلوول تەنها وادەی هێرشەکان نییە، بەڵکو خاڵی وەرچەرخانە و سەرەتای داڕمانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، کە مەترسییەکی بەرفراوانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دروستکرد، لەگەڵ بەرخۆدانی کۆبانێ کە ١٣٤ ڕۆژی خایاند، پەیوەندی قوڵی ئێمەی بە خاک و نیشتمانمانەوە ئاشکرا کرد، ئامادەی ئێمەی پشتڕاستکردەوە بۆ بەرگریکردن لێیان بەبێ گوێدانە ئاڵەنگاریەکان، ئەم بەرخۆدانەش پەیامێکی ڕوونیشی هەڵگرتبوو کە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی شۆڕشەکەمان و داگیرکردنی خاکەکەمان بە ئاسانی تێناپەڕێت.

 

ئاماژەی بە ئازایەتی شەڕڤانان لە کۆبانێ کرد، وتی: ڕۆح و خەباتێکی تایبەت لەو شارەدا سەریهەڵدا، کە هێرشی داعش بێ وێنەی بوو و ئاڵەنگاریەکی نوێی بۆ خەڵکی کۆبانێ دروستکرد، بەو پێیەی ئەم چەتانە بە باشی ڕاهێنراو بوون چەکی قورس و پێشکەوتوویان پێدەدرا، سەرەڕای ئەوەش، ڕۆحی شەڕکردن کە لەوێ بەرجەستە بوو، هاوخەباتی کۆمەڵایەتی دەرکەوت و ئەو بەرگرییەی کە گەیشتە لوتکەی هەموو پێشبینیەکانی هەڵوەشاندەوە، هەروەها هێزەکانمان بوونەتە قەڵغانێکی ڕاستەقینە کە لە ڕۆحی سەرکەوتنی کۆبانێ وەرگیراوە .