ژنانی جەزائیر لە ڕۆژی جیهانی ژنان دەستپێشخەرییەک بۆ پاڵپشتیکردنی منداڵانی کچ دەستپێدەکەن
بە دروشمی "دەستپێشخەری پەیوەندی و سەرکردایەتی"، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، کۆمەڵێک ژنی گەنجی جەزائیری دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵایەتییان لە چوارچێوەی پرۆگرامی "EU Jeel Connect" دەستپێکرد، بە ئامانجی پشتگیریکردنی منداڵانی کچ و هۆشیارکردنەوەی خەڵک.
جەزائیر
لە ڕۆژی جیهانی ژناندا وڵاتانی جیاواز لە جیهاندا بۆنە و چالاکی هەمەچەشن ڕێکدەخەن بۆ ئاهەنگگێڕان بە ڕۆڵی ژنان و هەوڵدان بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە پرسەکانی یەکسانی و بەهێزکردنیان لە کۆمەڵگەدا، ئەمە جگە لەوەی تیشک دەخەنە سەر دەستکەوتەکانی ژنان و ئەو ئاڵەنگاریانەی کە تا ئێستاش ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
هاوکات لەگەڵ یادی ڕۆژی جیهانی ژنان، کۆمەڵێک ژنی گەنجی جەزائیری دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵایەتییان دەستپێکرد بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی منداڵانی کچ و دروستکردنی کەشی گفتوگۆکردن سەبارەت بە یەکسانی ڕەگەزی و دەرفەتی یەکسان، هەروەها دەستپێشخەرییەکە جەخت لەسەر گرنگی شکاندنی ئەو چەشنە کۆنەپەرستانە دەکاتەوە کە هێشتا ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەورە داوە، لەگەڵ بەرەوپێشبردنی بەشداری چالاکانەیان لە بوارە جیاوازەکاندا.
ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە پرۆگرامی (EU Jeel Connect)، بە دروشمی "دەستپێشخەرییەکی پەیوەندی و سەرکردایەتی"، ئەم بەرنامەیە هەوڵدەدات گەنجان بەهێز بکات و هانیان بدات بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان، ئەمە جگە لە پاڵپشتیکردنی بەڕێوبەری و وەبەرهێنان و سودوەرگرتن لە دەرفەتە بەردەستەکان، هەروەها پێشخستنی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزراوە جیاوازەکان لە چەندین بواردا.
ئامانجی دەستپێشخەرییەکە دروستکردنی کەشی گفتوگۆ بوو کە ڕێگە بە منداڵانی کچ بدات زیاتر دەربارەی مافەکانی ژنان و چەمکەکانی دادپەروەری و یەکسانی ڕەگەزی بزانن، لەڕێگەی پێدانی زانیاری هۆشیاری و گفتوگۆی کراوە سەبارەت بەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، هاوکات جەخت لەوە کرایەوە، کە بەهێزکردنی ژنان سەرەتا لە هۆشیارییان لە مافەکانیان و باوەڕیان بە توانای خۆیان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری دەست پێدەکات.
هەروەها چالاکییەکە بە ئامادەبوونی ژنان لە پاشخان و ئەزموونی جیاواز جیاکرایەوە، لەنێویاندا ژنانی خاوەنکار کە گەشتە پیشەییەکان و چیرۆکی سەرکەوتنەکانیان باسکرد، ئەمەش دەرفەتێکی بۆ ئامادەبووان ڕەخساند کە ئەزموونەکان بگۆڕنەوە و فێربن لە ئیلهامبەخشی ژنە نمونەییەکان کە خۆیان لە بوارە جیاوازەکاندا جێگیر کردووە، ئەم ئەزموونانە وەک سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش بوون بۆ ژنانی گەنج، تیشکیان خستە سەر گەشەسەندنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا و توانای ئەوان بۆ کاریگەری ئەرێنی لە کەرتەکانی وەک پەروەردە، ئەندازیاری، و بەڕێوبەریدا.
دەستپێشخەرییەکە جەختی لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ژنان لە کایەی گشتی و پاڵپشتیکردنی بەشداریکردنیان لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا کردەوە، بە ناساندنیان وەک هاوبەشی بناغەی لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و هاوسەنگتردا، هەروەها وتاردەران جەختیان لە گرنگی بەردەوامی دەستپێشخەرییەکانی گەنجان کردەوە کە پەرە بە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لەسەر پرسەکانی ژنان دەدەن و کاردەکەن بۆ چەسپاندنی کولتووری یەکسانی لەناو کۆمەڵگەدا.
ئەم دەستپێشخەرییە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی پابەندبوونە لەلایەن گەنجانی جەزائیرەوە بۆ بەرگریکردن لە کێشەکانی ژنان و بەهێزکردنی منداڵانی کچ، لەڕێگەی دەستپێشخەرییە مەیدانییەکانەوە کە هەوڵدەدەن هۆشیاری و بەرزکردنەوەی متمانە بەخۆبوون، هاندانی ژنان بۆ چوونە ناو بوارە جیاوازەکان بەبێ سنووردارکردن یان چەشنە کۆنەپەرستانەکان، بەمەش بەشداریکردن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەک کە دان بە تواناکانی ژناندا بنێت و دەرفەتی تەواویان پێبدات بۆ بەشداریکردن، کاریگەریکردن، گۆڕین.