ژنانی جۆلەمێرگ گیای بەنرخ لە شاخەکان کۆدەکەنەوە
لە جۆلەمێرگ کە بە شاخ دەورە دراوە، دروێنەی گیاکان بە توانەوەی بەفر دەستپێدەکات. گژوگیاکانی وەکوو ڕەشکەو سیابۆ لە بەرزاییەکانی شاخەوە کۆدەکرێنەوە و دوای رەنجی سەخت، دەبنە سەرچاوەی داهات بۆ خێزانەکە.
مەمیهان هیلبین زەیدان
جۆلەمێرگ-گیای وەک سیابۆ و مەندە کە لە شاخە بەرزەکاندا دەڕوێت، لەلایەن ژنانی کوردستانەوە کۆدەکرێتەوە و لە خواردنە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردێت، لەوانە دروستکردنی پەنیر بە سیریک، ئەم گیایانە کە تامێکی بە تام و جیاواز بە خواردنە بەناوبانگەکان دەبەخشن، پێیان دەوترێت ‘دەرمان’.
ئەم گیایانە کە بەزۆری لە مانگی نیساندا کۆدەکرێنەوە، بەهۆی درێژخایەنی زستان و درەنگ توانەوەی بەفر لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا کۆکراونەتەوە.
گەنجینەی ناو شاخەکان
خەزال ئاکین، تەمەنی ٤٥ ساڵە و دایکی حەوت منداڵە، بژێوی ژیانی بە کۆکردنەوەی گیا لە شاخەکان پەیدا دەکات، کارەکەی کاتێک دەستپێدەکات کە خۆر هەڵدێت. خەزال لەگەڵ منداڵەکانی دەچێت بۆ کۆکردنەوەی گیا لە شاخەکان.
کاتژمێر ٥:٠٠ی بەیانی لە ماڵەوە بە ئۆتۆمبێل بەرەو چیای گوڵۆرت بەڕێکەوتین. بەڵام ئۆتۆمبێلەکە تەنها بۆ خاڵێکی دیاریکراو بەرزبووەوە. بەو پێیەی کارەکە کاتێکی زۆری دەویست، ئەو خواردن و ئاوەی لەگەڵ خۆمان هێنابوومان لەسەر پشتمان دانا و بەڕێکەوتین.
پێش ئەوەی کاری کۆکردنەوەی گیا دەستپێبکات، لە خاڵێکدا دەوەستن و ئاگر هەڵدەکەن. دوای ئەوەی چا لەسەر ئەم ئاگرە دروست دەکرێت و دەیخۆنەوە، هەریەکەیان ڕوو لە لایەک دەکەن و دەستدەکەن بە کۆکردنەوەی گیا.
بە گونی لەسەر پشت و چەقۆ بە دەستەوە هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆن و لە هەر خاڵێکدا هەر گیایەک بدۆزنەوە کۆی دەکەنەوە. ئەو گیایانەی کە کۆیان دەکەنەوە بریتین لە مەندە و سیابۆ. ئەو ژنانە ڕوونی دەکەنەوە کە ئەم گیایانە هەم کۆگای ڤیتامینەکانن و هەمیش دەرمانن.
کاتێک کیسەکانی سەر پشتیان پڕ دەبن، هەم بۆ پشوودان و هەم بۆ ئەوەی ئەو گیایانە کە کۆیان کردۆتەوە بخەنە ناو کیسەیەکی گەورەترەوە، دەیکەنەوە، پاشان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی کە چایان لێ دروست کردووە، هەموو بەیانییەک لە کاتژمێر ٥:٠٠ی بەیانی بۆ ٣:٣٠ی پاشنیوەڕۆ بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، خەزال ئاکین ڕوونی دەکاتەوە کە خێزانەکەی کیلۆیەک سەوزە بە ١٣٠ لیرە دەفرۆشن، کیلۆیەک برنجیش بە ٢٠٠ لیرە دەفرۆشن. دەڵێت: ئێمە ڕەنجی کارەکانمان وەرناگرین، بەڵام ئەمە کاری ئێمەیە.
سەرچاوەی بژێوی ژیان لە خاکەوەیە
خەزال ئاکین بەڕەچەڵەک خەڵکی باشووری کوردستانە. بەڵام ساڵانێک لەمەوبەر لەگەڵ خێزانەکەی ڕوویان لە جۆلەمێرگ کردووە. لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە، ڕوونی دەکاتەوە کە بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەی شوانە، گەشتێکی زۆری کردووە بۆ زۆر گوندی گەڤەر وتی: دوای ئەوەی هاتووین بۆ گەڤەر دەستم کرد بە کۆکردنەوەی گیا، نزیکەی ٢٠ ساڵە گیا کۆدەکەمەوە، لەمەوە بژێوی ژیانم دابین دەکەم، هەم دەیفرۆشم و هەم بەکاری دەهێنم.
خەزال ئاکین باسی لەوەشکرد، ساڵانی ڕابردوو تا مانگی حوزەیران کۆکردنەوەی سەوزەواتەکان تەواو نەدەبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی درێژخایەنی بارانبارین، دواتر دەستیان بە کۆکردنەوەیان کردووە، ئەمساڵیش بەرهەمدارترن وتی: شایانی ئەو ناڕەحەتییە نییە کە پێیدا تێدەپەڕین، بەڵام ئێمە بەڕێوەی دەبەین، بە ٢٠٠ لیرە بۆ هەر کیلۆیەک لە بازاڕدا دەفرۆشرێن، شاخەکان کە سەوزە تێیدا دەڕوێت، ئێمە چەقۆ بۆ دروێنەکردنی سەوزەکان بەکاردێنین، گوناهە لە ڕەگەوە ببڕدرێت.
کارەکانی خەزال ئاکین کاتێک خۆر ئاوا دەبێت کۆتایی دێت، دواتر سەوزەکانی پاک دەکاتەوەو ئامادە دەبێت بۆ فرۆشتن.