ژنانی حەسەکە: هاندانی ناتەبایی بڵێسەی نەورۆز ناکوژێنێتەوە

دوابەدوای ئەو ڕووداوانەی ئەم دواییە لە کاتی ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆزدا ڕوویان دا، ژنانی شاری حەسەکە پێیان وایە ئەم ڕووداوانە ئامانجیان هاندانی ناتەباییە لەناو پێکهاتەکان و ڕێگریکردنە لە پێشکەوتن بەرەو گەیشتن بە ڕێککەوتن.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-لە کاتی بۆنە مێژووییەکانی وەک جەژنی نەورۆزدا کە گەلی کورد بۆ دووپاتکردنەوەی میراس و مێژووی خۆی ئاهەنگ دەگێڕێت، هەندێک وڵات و قەوارە هەوڵی بەکارهێنانی هەندێک ڕووداو دەدەن بۆ هاندانی ناتەبایی و دووبەرەکی لەناو کۆمەڵگەی سووریادا.

 

گەلی کورد پێداگری دەکات، لە هەموو هەلومەرجێکدا، لەسەر بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە پیرۆزە، وەک چۆن بە ڕۆژێکی گرنگی نەتەوەیی دەزانێت، لەو چوارچێوەیەشدا ژنانی شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵوێستی خۆیان دەربڕی و پابەندی خۆیان بە ڕۆح و پەیامی نەورۆز دووپات کردەوە.

 

هەدیە محەمەد، یەکێک لەو دایکە کوردانەی کە ساڵانە یادی جەژنی نەورۆز دەکەنەوە، وتی: بە درێژایی مێژوو، هەوڵی زۆر دراوە، تا ئەمڕۆش بەردەوامە، بۆ چاندنی ناتەبایی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکەدا بۆ ئەوەی گەلی کورد نەتوانێت یادی ڕۆژی نەتەوەیی خۆی بکاتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک ڕژێمی بەعس لە دەسەڵاتدا بوو، چەندین سیاسەت و پراکتیزەی ستەمکارانە لە دژی گەلی کورد هەبوون، ئامانج لێی ئەوە بوو کە نەتوانن یادی ڕۆژی نەتەوەیی خۆیان بکەنەوە، بەڵام نەیانتوانی ڕێگری لە کورد بکەن، چونکە جەژنی نەورۆز ڕۆژێکی نیشتمانییە.

 

"ڕۆحی نیشتمانی بەهێزترە لە سیاسەت و پراکتیکەکانی تایبەتی"

هەدیە محەمەد ڕوونیشیکردەوە، گەلی سووریا بەدرێژایی مێژوو ملکەچی ئەو سیاسەتانە بووە بە ئامانجی دروستکردنی دووبەرەکی و گەندەڵی، هەروەها قۆناغی ئێستا پێویستی بە هۆشیاری زیاتر و تێگەیشتنی قووڵتر هەیە.

 

وتیشی: لە ساڵانی ڕابردوودا کاتێک داعش هەڕەشەی لە ئاسایش و سەقامگیری کرد لە ساڵی ٢٠١٨، گەلی کورد ئاهەنگی جەژنی نەورۆزیان دەگێڕا، سەرەڕای ئەو بۆردوومانانەی لەو کاتەدا ڕوویدا و زیانی گیانی ژنان و منداڵان و گەنجانی لێکەوتەوە، کەس نەیتوانی بڵێسەی نەورۆز بکوژێنێتەوە، لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورکیا لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨دا شاری عەفرینی داگیرکرد، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە کوردان، بەڵام سیاسەتەکانی لە ڕۆحی نەتەوەیی بەهێزتر نەبوون.

 

دووپاتی کردەوە، قۆناغی ئێستا، دوابەدوای ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی کاتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات”هەسەدە”، شایەتحاڵی کردەوەی تاکەکەسییە لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمی کە نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی سووریا ناکەن، و ئامانجیان دروستکردنی ناکۆکی و پاڵنانی سووریایە بەرەو شەڕی ناوخۆ و کۆمەڵکوژی.

 

"شەڕی ناوخۆ لە بەرژەوەندی گەلی سووریا نییە"

زەکیە محەمەد ئاماژەی بەوەدا، کە هەرچییەک ڕووبدات و هەندێکیش چەند هەوڵی بڵاوبوونەوەی ناتەبایی بدەن، کەس ناتوانێت بڵێسەی نەورۆز بکوژێنێتەوە، ئێمە گەلانی ئەم ناوچەیەین وماوەیەکی زۆرە پێکەوە ژیاوین، ئەم کردەوانەی تاکەکەسی بە ئامانجی دروستکردنی ململانێ، نوێنەرایەتی گەلی سووریا و بەتایبەت گەلی کورد ناکەن، کورد ئاشتی دەوێت، هەروەها لە سروشتی خۆیدا نییە ململانێ هەڵگیرسێنێت یان سووریا بەرەو شەڕ ببات.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە هەموو کەسێک یەک گەلە و لەسەر یەک خاک دەژی، پێویستە هۆشیار بین و لە هەموو ڕووداوێک تێبگەین بۆ ئەوەی نەخلیسکێینە ململانێ و وێرانکاری، ئێمە ئەو کارانە قبوڵ ناکەین، هەروەها نوێنەرایەتی ئێمە ناکەین وەک پێکهاتەیەک کە پێکەوە دەژین، داوا لە هەموو لایەک دەکەین وریا بن، چونکە کەسانێک هەن دەیانەوێت شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێنن، ئەمەش لە بەرژەوەندی گەلی سووریا نییە.

v