ژنانی حەلەب: ژن پایەیەکی دڵنیاییە لە نووسینی دەستووردا
ژنانی سووریا هەمیشە لە دڵی ڕووداوەکاندان، بەرەنگاری نادادپەروەری و ستەمکاری دەبنەوە، ئەوان تەنها بڕگەیەکی زیادکراو نین بۆ بەڵگەنامەی دەستووری، بەڵکو خودی بنچینەی دەستوورن.
					سیرین محەمەد
حەلە- دوای ئەوەی جیهادییەکانی ''هەتەشە'' لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت، تا ئەمڕۆش ڕۆڵی ژنان لە پەراوێزدا ماوەتەوە، لەڕاستیدا دۆخەکە خراپتر بووە، ژنان تەنها ٣٪ی کورسییەکانی ئەنجومەنی گەلیان بەدەستەوەیە.
لە کاتێکدا کە ڕۆڵ و بەشداری ژنان لە هەموو بوارەکاندا لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بە تەواوی پەراوێز خرابوو، حکومەتی کاتییش هەمان ڕێبازی دوورخستنەوەی ژنان لە ژیانی سیاسیدا پەیڕەو دەکات، ژنانی سووریا هەمیشە دژ بە نادادپەروەری و ستەمکاری و چەوساندنەوە بوون، ئەوان تەنها بڕگەیەکی زیادکراو نین بۆ بەڵگەنامەی دەستووری، بەڵکو خودی بنچینەی دەستوورن.
بەم پێیە ژنانی بەشداربوو لە سیمپۆزیۆمێک کە لەلایەن بەشی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کۆنگرەی ستار لە شاری حەلەب سازکرابوو، بە دروشمی "دادپەروەری ژنان: مسۆگەریەک بۆ دەستوورێکی سووریای دیموکراتیک"، جەختیان لەسەر پێویستی بەشداریکردنی ژنان بە ڕێژەی ٥٠٪ کردەوە، هەروەها داوای پەیڕەوکردنێکی نموونەی شۆڕشی ژنانیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد.
"ئەزموونی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باشترین بەڵگەیە بۆ دیموکراتیک و دادپەروەری"
خالیدە عەبدۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی حەلەبی پارتی سووریای داهاتوو، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و باسی لە ڕۆڵی ژنان لە قەیرانی سووریادا کرد، ڕایگەیاند: ئەوان بەردەوامن لە ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی لە هەموو گۆڕەپانەکان و بوارەکاندا، هەروەها ژنانی سووریا ئازاری زۆریان چەشتووە و بەرەنگاری زۆر شتبوونەتەوە، وە لە ئەنجامی شەڕەکەدا ناچار بوو ن ڕۆڵی ژن و پیاو بگێڕن.
بە وتەی خالیدە عەبدۆ، ژنان لە هەموو بوارەکاندا هێزی خۆیان سەلماندووە و ئەزموونی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باشترین بەڵگەیە بۆ ئەمە، ژنانی ئەوێ لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت سەربازیشدا ڕۆڵیان هەیە، لەم ڕوانگەیەوە پێویستە حکومەتی کاتی سووریا دەستوور هەموار بکاتەوە بۆ دروستکردنی دەستورێکی دیموکراتیک کە مافەکانی هەموو ژنانی سووریا دەستەبەر بکات، هەروەها دەستەبەرکردنی بەشداریکردنی یەکسانی ژنان لەگەڵ پیاوان لە بڕیاردان، کە ئەمەش شتێکی بنەڕەتییە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و بونیادنانی سووریایەکی نوێ بۆ هەموو سووریاییەکان، وە بەردەوامبوون لە دوورخستنەوەی ژنان مسۆگەری بونیادنانی سووریایەکی ئازاد و دیموکراتیک و فرەیی ناکات.
"گەلان بەبێ ژنان بونیاد نابن"
ئەزنیف پارتیکیان، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە کۆنگرەی ستار لە شاری حەلەب، پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا بەم شێوەیە پێناسە دەکات، ''پەپولەی ژیان، بەبێ ئەوان گەلان بونیاد نابن، تۆوی نیشتمانپەروەری و ئیرادەی بەرگریکردن لە نیشتمان لە دڵی نەوەکانی داهاتوودا دەچێنن''.
ئەو کۆت و بەندەکانی بەردەم ڕۆڵ و بەشداری ژنان لە هەموو بوارەکاندا شەرمەزار کرد و ئەمەی بە پێشێلکردنی ماف و ئازادی و ئیرادەیان زانی، جەختیشی لە گرنگی سەرلەنوێ سەیرکردنەوە و چالاککردنی ڕۆڵی ڕاستەقینە و سەرەکی ژنان و داننان بە هەموو ماف و ئازادییەکانیان لە دەستووری نوێی سووریادا کردەوە.
غسون مامیش، یەکێک لە ئامادەبووانی سیمپۆزیۆمەکە کە ڕۆژی ١ی تشرینی دووەم لە شاری حەلەب بەڕێوەچوو، پێی وایە ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە گۆڕینی کۆمەڵگە و بەشداریکردن لە گەشەکردن و پێشکەوتنی، جەختی لە پێویستی ڕۆڵی ژنان لە دەستوور و بڕیاردان و بەشداریکردن لە ئەنجومەن و کۆنگرە و هەموو چالاکییەکان و هەوڵەکان کردەوە، بۆ بونیاند نانی سووریایەکی ئازاد و دیموکراتیک.