ژنانی گەنج لە ڕێکەوتنی "لەبری خوێن" پێشکەش دەکرێن
تا ئێستاش نەریتی "لەبری خوێن" لە هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونی هەیە، کە ژنانی گەنج لە نێوان کەسوکاری بکوژ و قوربانیدا ئاڵوگۆڕ دەکرێن بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەک کە لەلایەن پیاوانەوە دەستیپێکردووە.

نەسیم ئەحمەدی
کرماشان-لە نەریتی "لەبری خوێن"دا، ژنێکی گەنج کە زۆرجار خوشک یان کچی بکوژەکەیە، وەک ژنێک پێشکەش بە ئەندامێکی خێزانی قوربانییەکە دەکرێت، وەک کاڵایەک بۆ یەکلاکردنەوە بەکاردێت، نەک بۆ هەر تاوانێک کە ئەنجامی داوە، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی ژنە.
فەوزیە.م، تەمەنی شەستەکان، چیرۆک و ئەزمونی خۆی لەگەڵ هاوسەرگیری "لەبری خوێن" دەگێڕێتەوە، وتی: دوای ئەوەی برا ٢٠ ساڵانەکەم تۆمەتبارکرا بە کوشتن، و لەناو ململانێیەکی درێژخایەنی نێوان ئەو دوو خێزانەدا، خوشکەکەم هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕەکەی قوربانییەکە کرد، کە تەنها بۆ ماوەی مانگێک بەرگەی گرێت و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، دواتر ناکۆکییەکە جارێکی دیکە هەڵگیرسا، منیش لە شوێنی ئەو پێشکەشکرام.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەمەنم یازدە ساڵ بوو، بێ ئاگا بووم لە ڕادەی ئەو ئازارانەی چاوەڕێی دەکردم، دوای هاوسەرگیرییەکە ڕۆژانە لێم دەدرا و زەلیل دەکرام، تەنها ئەو کاتە تێگەیشتم بۆچی خوشکەکەم بەرگەی ئەوەی نەگرێت و کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا، بەڵام من خۆڕاگر بووم، نەک بۆ براکەم، بەڵکو بۆ خوشکە شەش ساڵانەکەم، کە دەمزانی ئەگەر کۆتای بە ژیانم پێبهێنم ئەوا دەبێتە قوربانی داهاتوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەنجا ساڵ تێدەپەڕێت لەو کاتەوەی ماڵەکەم بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە کوشتنی براکەم بکەم، بەڵام ئەمڕۆش نەمتوانیوە لە دایک و باوکم خۆشبم کە من و خوشکەکەمی کردە قوربانی بۆ ئەوەی کوڕەکەیان لە زیندان ڕزگار بکات.
"ڕەگ و ڕیشەی مێژووی پیاوسالاری"
لە زۆرێک لە کولتوورە کۆنەکاندا پەیکەری گەورەی ئەندامانی نێر هەبوون، کە پەرستن و ڕێزیان لێدەگیرا و ئەو نەریتانەی باوەڕیان بە پیرۆزی مرۆڤ هەبوو دەتوانرێت بە سەرەتای سەرهەڵدانی پیاوەتی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دابنرێت لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم پیرۆزییە تەنها بە ڕابردووەوە نەبوو، بەڵکو تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
بە درێژای مێژوو بە پێی فێرکارییەکانی بیری پیاوسالاری، پیاوان تەنها لەبەر ئەوەی نێر بوون، لە سەرووی ژنانەوە بەهایان پێدەدرا، بۆیە هەموو بڕیارەکان بە شێوەیەک دەدرا کە بەرژەوەندی پیاوان مسۆگەر بکات.
ئاڵوگۆڕی ژن وەک قەرەبووی تاوانێک کە پیاو ئەنجامیداوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوەڕەی کە پیاو باڵادەستی و پلەو پایەی بەرزترە لە ژنان، کە وای لێکرد وەک کاڵایەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هەروەها دەتوانرێت لە کاتی پێویستدا لەلایەن پیاوانی خاوەن باڵاوە ئاڵوگۆڕ بکرێت، بۆ پاراستنی پیاو لە زیندان یان مردن.
ڕۆڵی پیاوان و میکانیزمی "پارەی خوێن"
لەم جۆرە ئاڵوگۆڕەدا کە بە "لەبری خوێن" یان "فسلیە" ناسراوە، سەرچاوەی کێشەکە، بڕیاردەر و بازرگان و وەرگر هەموویان پیاون، لەکاتێکدا ژن تەنها وەک ئامرازێک بۆ بەستنەوەی ئەم کارلێکانە بەکاردەهێنرێت.
پیاوێک کوشتنێک ئەنجام دەدات، پاشان پیاوانی تر بڕیار دەدەن کە ژنێک لە بنەماڵەی بکوژەکە وەک قەرەبووی خوێنڕشتنەکە پێشکەش بە بنەماڵەی قوربانییەکە دەکرێت، لایەنی دیکەی ئەم ڕێکەوتنە پیاوێکە کە ڕەنگە پێشتر ژنێکی دیکەی هەبێت، بەڵام ژنێکی نوێ قبوڵ دەکات، تەنها لەبەر ئەوەی وەک قەرەبوو پێشکەشی کراوە.
هەموو ئەوانەی ئەم ئۆپەراسیۆنە ژنکوژە ڕێکدەخەن و بەڕێوەی دەبەن، پیاون کە بە "پیاوی گەل" ناسراون. ئەرکی ئەوان چاودێریکردنی تەواوەتی ئەم نەریتە پیاوانەیە و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی توندی بۆ ڕزگارکردنی پیاوان، تەنانەت لەسەر حیسابی ژنانیش.
"داب و نەریتە ژنکوژییەکان بەردەوامن"
مریەم مورادی (ناوی خوازراو)، لێکۆڵەری نەریتە کۆنەکان، وتی: لە ڕابردوودا و تەنانەت ئەمڕۆش ژنانی گەنج لە مامەڵەی دیپلۆماسی لە نێوان دوو زلهێزدا بەکاردەهێنرێن، جا چ وەک دیاری یان وەک ئامرازێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەک لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین داب و نەریتی ژنکوژی، کە تا ئێستاش بەربڵاوە، ئاڵوگۆڕی ژنانی گەنج لە ململانێ خێڵەکیدا، کە بکوژەکان کچەکە وەک قوربانییەکی زیندوو پێشکەش بە خێزانی قوربانییەکە دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم داب و نەریتە گوناهبارە، هەرچەندە لەلایەن زۆر کەسەوە بە شتێکی ڕابردوو دادەنرێت، بەڵام هێشتا بەردەوامە و ساڵانە زۆرێک لە ژنانی گەنج قووت دەدات، هێشتا کەسانێک هەن وەک داب و نەریتی کۆن سەیری دەکەن کە شایەنی ڕێزن.
ڕوونیشیکردەوە، ئەمڕۆ بەهۆی ئەو هەوڵە بەرچاوانەی کە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مافەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی داب و نەریتە پیرۆزە دێرین و ژنکوژییەکان دراون، کۆمەڵگە زیاتر ئاگاداری کاریگەرییەکانی ئەو نەریتانە و سروشتی پیاوسالارییان بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کەسانێک هەن کە پێیانەوە دەلکێن و پێداگری لەسەر پێویستی پاراستنیان دەکەن، لەسەر بنەمای بیروباوەڕی پیاوسالاری ڕەگداکوتاوی قووڵ.
"هەوڵەکانی هۆشیاری و هەوڵی تۆمارکردنی کولتووری"
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پارێزگاکانی وەک فارس، لوڕستان، جهار مەحاڵ و بەختیاری، خوزستان و ئەوانی دیکە هەوڵیان داوە ئەم نەریتە لە لیستی میراسی نامەعنەوی کولتووری خۆیاندا تۆمار بکەن، ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی پشتگیری لەم نەریتە دەکات، چونکە هەوڵ دراوە لە ژێر ناوێکی نوێدا پێناسە بکرێتەوە بۆ پاککردنەوەی بنچینەی ژنکوژییەکەی.
لە نێو ئەو کەسایەتیانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا جەختیان لەسەر پێویستی تۆمارکردنی ئەم نەریتە کردووەتەوە، بەرپرسی پێشووی دادگای شوش هەیە، کە ئەم نەریتە بە ڕێوڕەسمی ئاشتەوای و یەکلاییکردنەوە، و بە هێمای دادپەروەری گەڕاندنەوە زانیوە و پێداگری لەسەر تۆمارکردنی فەرمی کردووە.
بەڵام ئەم پێشنیازە کە هەوڵ دەدات ئەم نەریتە ژنکوژییە بگۆڕێت بۆ نمونەیەکی دادپەروەری چاکسازی، پێچەوانەی پێناسە پەسەندکراوەکانی ئەم چەمکەیە، چونکە دادپەروەری چاکسازی ئاماژەیە بۆ "بەشداری خۆبەخشانە لە نێوان لایەنی زیانلێکەوتوو و لایەنی بەرپرسیار" بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکی هەبوو.
لەسەر بنەمای ئەم پێناسەیە، کە جەخت لەسەر خۆبەخشی دەکاتەوە، دەتوانرێت بڵێین ئەم نەریتە بە هیچ شێوەیەک خۆبەخشانە نییە، بەڵکو پراکتیزەیەکی زۆرەملێیە کە ژن ناچاردەکات ملکەچی بکات، لە کاتێکدا یەکلاییکردنەوەی ڕاستەقینە لە نێوان پیاوانی دوو لایەنی ناکۆکدا دەکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ ڕەچاوکردنی بۆچوون یان ڕەزامەندی ئەو ژنە بکرێت کە وەک ئامرازێک لەم مامەڵەیەدا بەکاردەهێنرێت.
دوای ئەوەی داواکاری گشتی پێشوو لە شوش جەختی لەسەر پێویستی تۆمارکردنی ئەم نەریتە وەک ڕێوڕەسمێکی میراسی کردەوە، زۆرێک لە ژنانی شارەکە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەم هەنگاوە و هاشتاگی "نابم بە پارەی خوێن، نابم بە فاسلیە"، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەندێک سەرنج ڕابکێشرێت بۆ ڕەتکردنەوەی تۆمارکردنی ئەم نەریتە.
لە ئێستادا پرۆسەی تۆمارکردن ڕاگیراوە، بەڵام چالاکوانان و شارەزایانی ئەو بوارە هۆشداری دەدەن لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی تۆمارکردن لە ساڵانی داهاتوودا.
"مەترسی تۆمارکردنی فەرمی و کاریگەرییەکانی لە داهاتوودا"
پەروین.س ، چالاکوانی مافەکانی ژنان، وتی: بەدووری نازانرێت ئەم نەریتە لەگەڵ تۆمارکردنی نیشتمانی لە بڕیارێکی خێڵەکییەوە بگۆڕێت بۆ پراکتیکێکی یاسای لە داهاتوودا، بە جەختکردنەوە لەلایەن هەندێک تاک کە زۆربەیان پیاون، لەسەر گرنگی تۆمارکردنی ئەم نەریتە بۆ بەردەوامبوونی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە زۆرێک لە پیاوان بە پشتیوانی و کاریگەری خۆیانەوە هەوڵی تۆمارکردنی بدەن و لە داهاتوودا بیگۆڕن بۆ ڕێوڕەسمێکی پیرۆز.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ئەم گفتوگۆیانە هۆشدارییەکە کە دەبێت بە ڕاستی وەربگیرێت، چونکە هەوڵدان بۆ تۆمارکردنی ئەم نەریتە دەتوانێت ببێتە هۆی قوربانیدانی داهاتووی زۆرێک لە ژنانی گەنج و دواتر گیر دەبن لەم پراکتیزەیەدا.
سەرچاوەی ڕاستەقینەی ئەم نەریتە لە ڕووکەشترین بیروباوەڕی پیاوسالاری و سەپاندنی باڵادەستی پیاوەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشەی لێکۆڵینەوەی قوڵ و شیکاری وردی پێویست نییە، چونکە ڕاستەوخۆ لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە باڵادەستی پیاوان بەسەر ژناندا دامەزراوە، بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک دەبینرێت کە ئەم ڕێبازە بە تەواوی دژە ژنە.
بۆیە پێدانی ناسنامەیەکی فەرمی بە ئەم نەریتە لە ڕێگەی تۆمارکردنی نەتەوەی و پیرۆزکردنی، دەتوانێت لە داهاتوودا بیکاتە بەشێک لە ناسنامەی کولتووری و ڕەنگە تەنانەت ئایینی کۆمەڵگە کە ئەمەش زۆرێک لە ژنانی گەنج دەکاتە قوربانی فۆرمێکی نوێی کۆیلایەتی، کە تێکەڵەیەکە لە پیرۆزی و نەریت، و بازرگانییان پێوە دەکرێت و وەک کاڵا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.