ژنانی بەتەمەن لە گەمارۆی شەڕو تێچووی زۆری ژیان و نایەکسانی پێکهاتەیی

زۆرێک لە کەسانی بەتەمەن بەهۆی شەڕ و بەرزبوونەوەی نرخ و نائەمنی ئابووری ڕووبەڕووی سەختییەکی نوێ دەبنەوە، بەڵام بۆ ژنانی بەتەمەن، ئەم قەیرانانە نایەکسانی درێژخایەنی هەن و سیستمی پشتیوانی لاوازی ئێستا ئاڵۆزتر دەکەن و ژیانیان قورستر دەکات.

 جوان شەریف زادە

 

بۆکان-ژنانی بەتەمەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەگشتی ڕووبەڕووی بارودۆخی ژیانێکی لەڕادەبەدەر سەخت دەبنەوە، کە بەهۆی شەڕ و بەرزبوونەوەی نرخ و نەبوونی پشتیوانی کۆمەڵایەتییەوە خراپتر دەبن، لە نێوان هەژاری و تەنهایی و دابەزینی چاودێری تەندروستیدا، تەمەن دەبێتە قۆناغێکی توندتر بۆیان.

 

فاتمە.ع، ژنێکی بەتەمەن لە یەکێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی: هەرگیز منداڵم نەبووە، هاوژینی یەکەمم بەهۆی ئەوەوە جێی هێشتم، دوای مردنی هاوسەری دووەمم کە ٣٠ ساڵ لە من گەورەتر بوو و بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ لەگەڵیدا ژیام، شتەکان هێندەی تر سەختتر بوون، منداڵەکانی هاوژینەکەم هیچیان لە میراسەکە پێنەدام، لەم ساڵانەدا پشتم بە هاوکاری خەڵک بەستووە، بەڵام هەستی تەنهایی زیاتر دەردەکەوێت لەکاتی شەڕ و سەختیدا، بۆ چەند ساڵێک، چەند مانگێکە، بەهۆی هاوکاری کەسانی میهرەبانەوە لە ژوورێکی بچووکدا دەژیم.

 

ئەم قسانە لە ژنێکەوە هاتوون کە لە نێو وێنەی شەڕ و بەرزبوونەوەی نرخ و زیادبوونی دڵەڕاوکێی ئابووری و سیاسیدا ژیانی نەبینراو بووە، ئەو یەکێکە لە زۆرێک لە ژنە بەتەمەنەکان کە ژیانیان لە مەیدانی تەنهایی و هەژاری و پەرەسەندنی نائەمنیدا گیراوە.

 

ژنانی بەتەمەن لە لوتکەی ئازارەکانیان

ژنانی بەتەمەن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری ئابووریی فرەلایەن و کێشەکانی تەمەن و نەبوونی پشتیوانی دەبنەوە، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ١٢٪یی دانیشتووانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتەمەنن، سەرەڕای دیاردەی "فێمینیزەکردنی تەمەن" لە ئێراندا، وەک لە زۆرێک لە وڵاتانی دیکەدا، نەبوونی پێکهاتەی فەرمی و یاسای پشتیوانی ژنانی بەتەمەنی خستووەتە پەراوێز، دۆخێک کە بەهۆی شەڕ و قەیرانە ئابوورییەکانەوە خراپتر بووە.

 

کێشەکانی تەمەن بۆ ژنان توندترن لە پیاوان، کە ئەمەش ڕاستییەکە لە بارودۆخە مەترسیدارەکانی وەک شەڕ و نائەمنیدا بە ڕوونی دەردەکەوێت، بەڵام دۆخی ژنانی بەتەمەن تەنها بە تەمەن یان قەیرانی ئابووری ڕوون ناکرێتەوە، چونکە زۆرێکیان لە تەمەندا ڕووبەڕووی کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەو نایەکسانییانە دەبنەوە کە بە درێژایی ژیانیان بەرگەیان گرتووە.

 

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە کە لە سەردەمی شەڕی ئێران و ئەمریکا ئەنجامدراون، ٥٦٪ی بەتەمەنکان تووشی زیادبوونی دڵەڕاوکێ بوون، ٣٦٪ ڕووبەڕووی دابەزینی تەندروستی جەستەیی بوونەتەوە، ٣٧٪ی چالاکییەکانی ڕۆژانەیان قورستر بووە، ٤٨.٦٤٪ی تووشی تێکچوونی باری دارایی بوون، ٦٠٪ی باسیان لە زیادبوونی تێچووی ژیانیان کردووە و نزیکەی ٣١.٧٢٪ی ڕایانگەیاندووە کە دۆخی ئابوورییان بە خێرایی خراپتر بووە.

 

لە گرفتە هەرە بەرچاوەکان سەختی دەستکەوتنی دەرمان بوو بەهۆی کەمی یان نەتوانینی کڕینی دەرمان، ژنان بە تایبەتی تووشی کێشە بوون لە بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانە و دۆخی دارایی لە ناوچە گوندنشینەکان و شارە بچووکەکاندا بە توندیتر تێکچوو.

 

بلتەمەن لە ژێر شەڕ و نایەکسانیدا

ژمارەیەکی زۆر باس لە ژنانی بەتەمەنەکان هەیە کە ناچار بوون خۆراکەکانیان کەم بکەنەوە یان دەستبەرداری ڤیتامین و دەرمانەکان بن، هەندێکی تریش بە گۆشەگیری دەژین و بەدەست کێشەی دەروونی و ترسێکی توندەوە دەناڵێنن.

 

توران.م، تەمەنی ٧٥ ساڵە و دانیشتووی شاری بۆکانە، بە تەنها دەژی و نموونەی سەرەکی ئەم جۆرە حاڵەتانەیە، تەندروستی و باری ژیانی و باری دەروونی لە سەرەتای شەڕەکەوە بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە، ئێستا دەنگی شەڕ زەبر و زەنگ و برینە کۆنەکانی ڕابردووی بیردەخاتەوە.

 

وتیشی: دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانە، تەنانەت کڕینی نانیش، هەمیشە ئاڵەنگاریەک بووە بۆ من چونکە دوکانەکان یان داخراون یان زۆر قەرەباڵغن، بەڕاستی ترسام لەوەی بچمە دەرەوە، ئێستا، دەرمان گرانترە، بۆیە داوام لە پزیشکەکان کردووە تەنها پێداویستییە سەرەکییەکان بنووسن، تاکە سەرچاوەی داهاتم دوکانێکی کرێیە، بەڵام چیتر بەس نییە پێی بچمە لای پزیشک یان زۆر شت بکڕم، ئێستا دەترسم نەخۆش بم و پێویستم بە نەخۆشخانە بێت.

 

بیرکردنەوەکان لەسەر نایەکسانی

دۆخی ژنانی بەتەمەن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بە درێژایی تەمەنیان ڕووبەڕووی دەرئەنجامی نایەکسانی کۆبووەوە بوونەتەوە، شلێر.ک، چالاکوانی ژن لەم چوارچێوەیەدا وتی: بەشێکی زۆر لە ژنانی بەتەمەن دەرفەتی بەشداریکردنی بەردەوامیان لە بازاڕی فەرمی کاردا نەبووە.

 

شلێر.ک چالاکوانی ژن وتی: ئەو کارە ناوماڵ و چاودێریەی کە بە درێژایی تەمەنیان ئەنجامیان داوە وەک کاری ئابووری ناناسرێت و بەهۆی کۆت و بەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە زیاتر لە پیاوان بەدەست تەنهایی دەناڵێنن، جگە لەوەش لەدەستدانی هاوژین یان نەبوونی منداڵ دەتوانێت بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پێکهاتە پیاوسالارەکاندا.

 

هەروەها ڕوونی دەکاتەوە، کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکان و ناسەقامگیری ئابووری و گرژییە سیاسی و سەربازییەکان، ئەم بارودۆخانە ئاڵۆزتر دەبن و ژیان بۆ ژنانی بەتەمەن بە شێوەیەکی بەرچاو قورستر دەکەن.