ژنانی بازرگان هەلی کارییان بۆ هەزاران هاوڵاتی ڕەخساندووە
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی تاڵیبان، ژنان ڕۆڵی کارایان هەبووە لەبنیاتنانەوەی ئەفغانستان لەکەرتە جیاوازەکانی وڵاتدا، بەتایبەت لە بواری بازرگانی کە ئێستا ٨٠٠ بازرگان هەلی کارییان بۆ هەزاران کرێکار ڕەخساندووە. ناوەندی هەواڵ
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی تاڵیبان، ژنان ڕۆڵی کارایان هەبووە لەبنیادنانەوەی ئەفغانستان لە کەرتە جیاوازەکانی وڵاتدا، بەتایبەت لە بواری بازرگانی کە ئێستا ٨٠٠ بازرگان هەلی کارییان بۆ هەزاران کرێکار ڕەخساندووە.
ناوەندی هەواڵ
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٠١ لە وڵاتی ئەفغانستان، ئەو وڵاتە هەوڵی گەشەکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی بەرهەمی داوە.
بە پێی وتەی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئەفغانستان ژنان بەشدارن لە گەشەکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بە ڕێژەی ٪٥٠ و بەڕێژەی ٪١٠ لە هەناردەکردندا.
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی ژنانی ئەفغانستان، وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئەفغانستان فەواد ئەحمەدی دەڵێت "ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە هەناردەکردنی زەعفەران، میوەی وشککراو، پێداویستی ڕازاندنەوەی دەستی و جلوبەرگ بۆ وڵاتە جیاوازەکان ".
فەواد ئەحمەدی ئاماژەی بەوەشدا بەرهەمەکانی وڵاتی ئەفغانستان لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی، ڕێڕەوی ترانزێت و هێڵی ئاسنەوە بۆ وڵاتانی چین، هیندستان، ئەوروپا و ئەمریکا دەنێردرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە بازرگانانی ژن زیاتر لە پارێزگاکانی کابول، بەلخ، هەرات، قندهار و جەلالئابادی ئەفغانستان بەرهەمەکانیان هەناردە دەکەن، وە ئەمساڵ وەزارەت پلانی هەیه بەرنامەی ڕاهێنان له گەشەپێدان و گەشەکردنی بازرگانانی ژن جێبەجێبکات.
پەروەرش ئۆراخڵ، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئافرەتانی ئەفغانستان ڕایگەیاند: "لە سەرانسەری وڵاتدا ٥٢ کۆمپانیای پیشەسازی هەن کە بەرهەمەکانیان لەلایەن بازرگانانی ژنەوە هەناردە دەکرێت، و زیادکردنی ژمارەی بازرگانانی ژن لە کەرتی هەناردەکردنی وڵاتدا دڵنیای بە ئێمە دەبەخشێت".
کێشەی ژنانی بازرگان لە ئەفغانستان
ژمارەیەک لە ژنە بازرگانەکانی ئەفغانستان گلەییان لە نەبوونی ئاسایش و نەبوونی بازاڕی فرۆشتنی گونجاو لە ناوخۆی ئەفغانستان هەیە.
بەپێی وتەی ئەو ژنانەی ئاژانسە لێدوانی لێوەرگرتوون، ژنانی بازرگان کێشەییان لەگەڵ زۆری تێچووی هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان و ماوەی زۆری هەناردەکردنیان هەیە، کە کاتێکی زۆری دەوێت تا بەرهەمەکان هەناردەی وڵاتانی دەرەوەی ئەفغانستان دەکرێت.
لە ئێستادا زیاتر لە ٨٠٠ بازرگانی ژن لە ئەفغانستان هەیە، کە هەلی کارییان بۆ هەزاران هاوڵاتی ئەو وڵاتە ڕەخساندووە، شارەزاییانی بواری بازرگانی و ئابووریش جەخت لەوەدەکەنەوە، پێشکەوتنی ئابووری ژنان یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری ئابووری و کەمکردنەوەی توندوتیژی کۆمەڵایەتی.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، گەشەسەندنی بازرگانی ژنان یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی داهاتی نەتەوەیی و ئابوری سەربەخۆیی ژنان بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەرەو خۆبژێوی بڕوات.