ژنانی باکووری کوردستان: لە سووریا ژنان و ناسنامە جیاوازەکان دەکرێنە ئامانج
ژنانی باکووری کوردستان سەرنجیان ڕاکێشا بۆ سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سووریا کە دژی ژنان و منداڵان ئەنجام دەدرێن، لەوانە: گۆڕینی دیموگرافیی بە زۆرەملێ، ڕفاندن و کوشتن. لەبەر ئەوەش، بانگەوازیی هاوپشتیی نێودەوڵەتییان کرد.
ئەکین ستێرک
ئامەد – ژنان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێرشەکان بۆ سەر ژنان، پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە ژێر دەسەڵاتی هەتەشە داجیهادی لە سووریا، ڕووی لە زیادبوون کردووە. ژنان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەوەی ڕوودەدات سیاسەتێکی سیستماتیکە و تێکۆشانی ئازادیی ژنان دەکاتە ئامانج. هەروەها ژنان بانگەوازییان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ژنان کرد بۆ گەورەکردنی هاوپشتی.
له سووریا دوای ئهوهی حكوومهتی كاتی و هەتەشە هاتنه سەر دهسهڵات، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دژی گەلانی جیاواز و لە سەرووشیانەوە عەلەوییەکان، لەگەڵ هێرش بۆ سەر ژنان و منداڵان بەردەوامە. لەم قۆناغەدا کە ڕفاندنی ژنان و منداڵان، گۆڕینی زۆرەملێی ئاین و کوشتن بوونەتە ڕۆژەڤ، ڕێکخراوەکانی ژنان، داکۆکیکارانی مافەکان و نوێنەرانی ئاینەکان ڕایانگیاند کە ئەوەی ڕوودەدات تەنها وەک کێشەیەکی ئەمنی هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت.
ژنانی باکووری کوردستان لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسەکەمان دوان و ڕایانگیاند کە لە سووریا ڕێکخراوە دیموکراتییەکان کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن، ئیرادەی گەلان بۆ پێکەوەژیان و ناسنامە جیاوازەکان دەکرێنە ئامانج، هەروەها بانگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان کرد کە بێدەنگ نەبن.
'لەسەرەتادا هێرش دەکەنە سەر ژنان و منداڵان'
داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ، نوور تەن ئەرتوگروڵ، هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهاتەکانی سووریا کرد و ڕایگەیاند کە لە شەڕ و ململانێکاندا لە سەرەتادا ژنان و منداڵان دەبنە ئامانج و وتی: هێرشەکانی سەر ژنان بەشێکن لە سیاسەتی ترساندن و سەرکوتکردنی کۆمەڵگە. پێویستە ڕووداوەکانی سووریا لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. ڕووداوەکانی سووریا پرۆسەیەکی کورتخایەن نین. بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای وڵاتەکە، پێویستە ڕووداوەکانی ڕابردوو لەبەرچاو بگیرێن. بەتایبەتی کاتێک شەڕ دەستپێدەکات، لە سەرەتادا هێرش دەکرێتە سەر ژنان یان منداڵان. بۆ ترساندن و سەرکوتکردنی گەل، ژنان و منداڵان وەک لاوازترین ئەڵقە دەبینرێن و دەکرێنە ئامانج. ئەوەی ئەمڕۆ لە سووریا ڕوودەدات، نموونەی هەرە دیاری ئەمەیە.
سیاسەتەکانی دژی ژنان

نوور تەن ئەرتوگروڵ، سەرنجی ڕاکێشا بۆ سەر سیستەمی فرەناسنامە و فرەئاینیی سووریا و ڕایگەیاند کە کورد، عەرەب، ئەرمەنی، سریانی، ئێزدی، تورکمان و پێکهاتە ئاینییە جیاوازەکان لەم وڵاتەدا پێکەوە دەژین. نوور تەن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم فرەڕەنگییە دەکرێتە ئامانج، هەروەها ڕفاندن، کوشتن و شێوازە جیاوازەکانی ئەشکەنجەدانی ژنان لە ڕابردووشدا دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە بووە.
پرۆسەی هەتەشە
نوور تەن ئەرتوگروڵ سەبارەت بە دەرکەوتنی هەتەشە بەم شێوەیە دوا: من پێم وایە هەتەشە کە ساڵانێک بوو لە ئیدلب مەشق و ڕاهێنانی پێدەکرا و پڕچەک دەکرا، بە پاڵپشتیی هێزە جیهانییەکان گەورە کراوە. هەرچەندە ئەوان لە سەرەتادا بە ناوی شەڕی دژی داعشەوە دەستیان بە جووڵە کرد، بەڵام دەبینین کە دواتر کۆنترۆڵەکە ڕادەستی هەتەشە کرا.
'ئامانجەکە لاوازکردنی کوردە'
نوور تەن ئەرتوگروڵ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو سیاسەتانەی لە سووریادا بەڕێوەدەچن، لەسەر بنەمای پێگەی ستراتیژیی ناوچەکە و سەرچاوە ژێرزەمینییەکانن. نوور تەن ڕایگەیاند کە هێزە جیهانییەکان دەیانەوێت مۆدێلێکی بەڕێوەبردن بنیات بنێن کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بێت و بەم شێوەیە بەردەوام بوو و وتی: لەو پرۆسەیەدا، ئەو دەستکەوتانەش کە کورد بەدەستی هێناون دەکرێنە ئامانج. ئامانجەکە ئەوەیە کە تا دەکرێت کورد لاواز بکەن، لە کاتێکدا کە لە لاوازترین دۆخی خۆیاندایە ناچاریان بکەن لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن و مافەکانیان سنووردار بکەن.
'لە هەموو کایەیەکدا سەرکوتکردن بەردەوامە'
نوور تەن ئەرتوگروڵ، سەرنجی ڕاکێشا بۆ سەر سیاسەتەکانی سەرکوتکردن لەسەر بنەمای ناسنامە و بیروباوەڕ و وتی : گەل و پێکهاتە ئاینییە جیاوازەکان ڕووبەڕووی پێشێلکاریی جۆراوجۆری مافەکانی مرۆڤ دەبنەوە. ئەمڕۆ مرۆڤەکان بەهۆی ناسنامەکەیانەوە دەکوژرێن، ژنان دەڕفێندرێن و گوشاریان دەخرێتە سەر بۆ ئەوەی ئاینی خۆیان بگۆڕن. جیاکاری و سەرکوتکردن لە زۆر بواردا، لە پەروەردەوە بگرە تا ژیانی ڕۆژانە، بەردەوامە." نوور تەن ئەرتوگروڵ باسی لە پەیوەندییەکانی ڕژێمی ئێستای سووریا لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکاندا کرد و ڕایگەیاند کە ئەکتەرە جیهانییەکان لە پێشهاتەکانی ناوچەکەدا کاریگەرن و ژنان، منداڵان، کورد، عەلەوی و ئێزدییەکان باجی ئەم سیاسەتانە دەدەن.
'لەو خاڵەدا دیپلۆماسی زۆر گرنگە'
نوور تەن ئەرتوگروڵ ڕایگەیاند کە ئەم پرۆسە بەردەوامە پرۆسەیەکی درێژخایەنە و تەئکیدی لەوە کردەوە کە پێویستە تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەکان بەردەوام بێت و وتی: ئەمە پرۆسەیەکی درێژخایەنە. ئارامی، بەرخۆدان و دەستبەردارنەبوونی مافەکان پێویستە. لەم خاڵەشدا دیپلۆماسی زۆر گرنگە. پێویستە کورد پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەرە پێبدات و ئەم دەرفەتانە بە شێوازێکی کاریگەرتر بەکاربهێنێت.
'نەبینە شەریکی ئەم ستەمە'

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی زانایانی ئاینیی ئێلح دادێن ، سەباحەت ئینال ئاجار، ڕایگەیاند ئەو ئاینانەی کە لە ژێر ڕکێفی دەوڵەتدان ئەم ستەمە دەکەن و وتی: لە ئیسلامدا شتی وا نییە. هەموو بیروباوەڕەکان یەکسانن و هیچ ئاینێک مافی ئەوەی نییە ستەم لە ئاینێکی تر بکات. ئەمڕۆ لە ژێر ناوی ئیسلامدا ستەم لە ژنان و منداڵان دەکرێت. ئەمە لە ئیسلامدا نییە. ئەوانەی ئەم ستەمە دەکەن موسڵمانی ڕاستەقینە نین، ئەوان ئەم زوڵمە لە ژێر ناوی ئایندا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن. بەپێی هیچ ئاینێک، هیچ مرۆڤێک ناتوانێت مرۆڤێکی تر بکوژێت یان ستەمی لێبکات. ئەمە لە ڕووی ئەخلاقییەوە لە ئایندا قبووڵنەکراوە. ئەوان ئەمڕۆ ئاین بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن. ئەوان بەم ئاینەی کە لە ژێر دەستی دەوڵەتدایە، هەموو شتێک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن؛ ژنان دەکوژن، دەیانڕفێنن و بە زۆرەملێ ئاینیان دەگۆڕن. ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵناکرێت. پێویستە ئێمە هەڵوێستەکانمان دژی ئەم عەقڵییەتە توندتر بکەین و لە پاڵ ژنانی عەلەوی لە سووریادا بوەستین. نابێت هیچ کەسێک لە هەمبەر ئەم ستەمەدا بێدەنگ بێت. ئەگەر دەنگمان دژی ئەم کارهەستانە بەرز نەکەینەوە، ئەوا بەو واتایەیە کە ئێمەش شەریکی ئەم ستەم و هێرشانەین. بەبێ جیاوازی لە نێوان عەلەوی، تورک، یان کورد، پێویستە ئەمڕۆ هەموو کەسێک دژی ئەم زوڵمە دەنگی بەرز بکاتەوە. با نەبینە شەریکی ئەم ستەمە.
'دەیانەوێت پرۆسەکە تێکبدەن'
سەباحەت ئینال ئاجار سەرنجی ڕاکێشا بۆ سەر پرۆسەی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' و وتی: ئەمڕۆ پرۆسەیەک دەستیپێکردووە و لە سووریادا یەکگرتنێکی دیموکراتی دێتە ئاراوە. بەڵام دەبینین کە هیچ شتێک بەم یەکگرتنەوە بەستراو نییە؛ ستەم و زۆرداری هێشتا بەردەوامە. لە شەڕەکاندا هێشتا ژنان ئامانجی یەکەمن. لەبەر ئەمەش، بڕوامان بەم پرۆسەیە و یەکگرتنەکە لۆژ دەبێت. ئەو کۆمەڵانەی کە دژی ئەم پرۆسەیەن، نایانەوێت ئاشتی و دیموکراسی بنیات بنرێت. لە کاتێکدا مرۆڤەکانی سەر بە ئاین و توێژە جیاوازەکان ئاشتییان دەوێت، ئەم کۆمەڵانە دەیانەوێت پرۆسەکە تێکبدەن.
'تێکۆشانی ژنان کراوەتە ئامانج'
نوێنەری فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکانی میزۆپۆتامیا نافییە گەچگێل، ڕایگەیاند کە لە سووریا هێرشەکانی سەر ژنان لە ڕووی سیاسییەوە ئەنجام دەدرێن و تێکۆشانی ئازادی و ڕێکخراوەیی کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەچێت دەکرێتە ئامانج، و وتی: ژن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی سووریادا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. ئامانجی هێرشەکان شکاندنی ئەو بەرخۆدانەیە کە ژنان نیشانیان داوە. بێگومان هێرشەکانی سووریا سیاسین و بە ئەنقەست دەکرێن؛ چونکە لە سووریادا بەرخۆدانی ژنان، خاوەندارێتیی ژنان و شۆڕشی ژنان هەیە. ئەم تێکۆشانەی کە ژنان بەڕێوەی دەبەن، دەکرێتە ئامانج.
ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەکەدا

نافییە گەچگێل ڕایگەیاند کە ژنان لەو پرۆسانەی بەڕێوەدەچن ڕۆڵێکی پێشەنگیان گرتووەتە ئەستۆ، و بانگەوازیی هاوپیوندی لە نێوان گەل، بیروباوەڕ و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا کرد و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: پێویستە ئەم پرۆسەیە نەک تەنها لەلایەن ژنانەوە، بەڵکو لەلایەن هەموو گەل، بیروباوەڕ و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەوە، بەتایبەتی گەلانی کورد و تورکەوە لەباوەش بگیرێت. ئەم پرۆسەیە بۆ هەموومان گرنگە و بەتایبەتی بۆ ژنان خاوەن بایەخێکی گەورەیە.
'دەستکەوتەکانی ژنان کراونەتە ئامانج'
نافییە گەچگێل ئاماژەی بەوە کرد کە ژنانی سووریا ڕێکخراو و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی خۆیان بنیات ناوە، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دەستکەوتانەی ژنان بەدەستیان هێناون دەکرێنە ئامانج. نافییە وتی: لە سووریا، ژنان ئیرادەی خۆیان نیشان داوە، ژیان و بەڕێوەبردنی خۆیان بنیات ناوە. لەبەر ئەمەشە دەیانەوێت ئەو تێگەیشتنە لە ئازادی و ئەو مۆدێلە کۆمەڵایەتییەی کە ژنان خوڵقاندوویانە، بخەنە ژێر گوشارەوە.
'دەیانەوێت ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی دوور بخەنەوە'
نافییە گەچگێل ڕایگەیاند کە ژنان هەم بەهۆی ڕەگەزەکەیان و هەم بەهۆی ناسنامەکەیانەوە ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە و وتی: ئەم دۆخە تەنها پەیوەندی بە ژنانی سووریاوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هەموو ژنانەوە هەیە. ئێمە هەم بۆ پاڵپشتیکردنی ژنانی سووریا و هەم بۆ بەرزکردنەوەی دەنگمان دژی هێرشەکانی سەر تەواوی ژنان، دژی ئەم ڕووداوانە دەوەستینەوە.
نافییە گەچگێل سەرنجی ڕاکێشا بۆ سەر ڕۆڵی ژنان لە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا و ئاماژەی بەوە کرد ئەو عەقڵییەتەی کە بەرگەی بەهێزبوونی ژنان ناگرێت، هەوڵ دەدات ژنان لە ژیانی گشتی دوور بخاتەوە. نافییە داواکارییەکانی بۆ کۆیلەکردنی ژنان بەم شێوەیە ڕوون کردەوە: تێڕوانینێک هەیە کە دەیەوێت بیرکردنەوە، ڕەنج و هێزی کۆمەڵایەتیی ژنان نەبینرێت. ئەوان دەیانەوێت وەک ڕابردوو ژنان لە ماڵەوە بهێڵنەوە، ئیرادەیان سنووردار بکەن و لە ژیانی کۆمەڵایەتی دووریان بخەنەوە.
'توندوتیژی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ قبووڵنەکراون'
نافییە گەچگێل باسی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سووریا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە توندوتیژی دژی ژنان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ قبووڵنەکراون و بەم شێوەیە درێژەی پێدا: ئێمە قبووڵی ناکەین چەندین ئاین یان بیروباوەڕ وەک هۆکارێک بۆ توندوتیژی و مامەڵەی نامرۆڤانە بەکاربهێندرێن. پێویستە هەر کەسێک هەڵوێستێکی هاوبەش دژی هێرشەکانی سەر ژنان و ئەو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە ڕوودەدەن، پەرە پێبدات.
نافییە گەچگێل بانگی هاوپشتیی لە ژنانی جیهان کرد و وتی: من بەتایبەتی بانگ لە ژنان دەکەم؛ پێویستە پاڵپشتی لە تێکۆشانی ژنان لە سووریا بکرێت و لە دژی ئەو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە ڕوودەدەن، هەڵوێستێکی هاوبەش نیشان بدرێت.