''ژنان سیمبولی خواوەندەکان بوون''
کەلسوم حسین، چالاکوان دەڵێت: هەمیشە پیاوان لە توانای ژنان ترساون، چونکە توانای ژن لەپیاو بەهێزترە و ئەو پیاوانەشی هێرش دەکەنە سەر ژنان، لە لاوازی و بێ ئیرادەیی خۆیانەوەیە، ئەگینا ژنان زۆر بەهێزن و سیمبولی خواوەندەکان بوون لەمێژوودا.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- پاش ئەوەی شەڕ بەرۆکی ڕۆژئاوای کوردستانی گرت، قوربانی سەرەکی لە ڕووی کۆمەلایەتی و سیاسی و کولتووریەوە ژنان بوون، ئەمەش کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە، هەروەها لە باشووری کوردستانیش چەندین چالاکی جۆراو جۆر و ڕێپێوان بەڕێوەچوو بەمەبەستی پاڵپشتی و پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەندێک لە پیاوانی ئاینی لە ڕێگەی میدیا و میمبەرەوە هەڵسان لە توانایی ژنانیان کەم کردەوە و خەبات و قوربانییەکانیان بە گرنگ نەبینی.
''ژنان لە کۆنەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەهێزو بەتوانابوون''
کەلسوم حسین، چالاکوانی بواری کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان، وتی: ژنان لە کۆنەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەهێزو بەتوانابوون، ئەمەش وایکردووە کە پیاوان لە توانای ژنان بترسن، هەروەها لە دوای سیستمی ژن بەڕێوەبەری، دوای ئەوەی دەسەڵات لە ژن وەرگیرایەوە و درا بەپیاو، هێرشی پیاوان بۆ سەر ژنان زیاتربوو، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە هەمیشە پیاو ترسی لە تواناکانی ژنان هەبووە و هەمیشەش ژنان مێشکێکی فراوانتریان هەبووە، بۆنموونە، پیاو ڕاوچوی بووە و بەرهەمەکەی لەناو بردووە، بەڵام ژن بە پێچەوانەوە لە جیاتی ڕاوکردن بەخێوی دەکات و بەرهەمەکەی دەخوات، هەروەها ژنان سوودیان لە کۆکردنەوەی بەری دارەکان بینیووە و چاندویانەتەوە، لەوکاتەوە پیاوان هەستیان کردووە کە ژنان توانایان زۆرە بۆیە بە جادووگەر ناویان بردوون.
''توانا و بەهێزی ژن بەجۆرێک بووە کە بەخواوەند ناسراوە''
وتیشی: توانا و بەهێزی ژن بەجۆرێک بووە کە بەخواوەند ناسراوە، سەرەتا ژنان بتەکانیان لە سەر شێوەی ژن دروست کردووە و بە خواوەند ناوزەندیان دەکردن، بەڵام دوای ئەوە هێرشەکان بۆسەر ژنان دەستیپێکرد و بە فێڵباز و جادووگەر ناوزەند کران و واین لێکردن بکرێنە سوچێکی ماڵەوە، لەبەرئەوە تاوەکو ئێستا لە هەموو جیهاندا ژنێک سەرۆکایەتی ناکات، بۆیە هەمیشەش شەڕ و ناکۆکی هەیە، چونکە بەردەوام پیاو کائینێکی شەڕخوازە و لە هەموو شوێنێک شەڕ دەکات، بەڵام ژنان هەمیشە حەزیان بە ئاشتی و تەباییە.
''ئەو پیاوانەی هێرش دەکەنە سەر ژنان، لە لاوازی و بێ ئیرادەیی خۆیانەوەیە''
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ئیرادەی ژن بوو وایکرد هەندێک لە پیاوان ومامۆستایانی ئاینی ژنان بەکەم ببینن و سیاسەت بەرەوچەوتی ببەن، هەروەها ئیرادەی ژنانی ڕۆژئاوامان بینی کە چەند بەهێزن و سڵ لە هیچ کەسێک و شەڕێک ناکەنەوە، بە جۆرێک بیانەوێت شەڕ دەکەن و پێویست بکات قوربانی دەدەن و ئاشتیش دەکەن، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە توانای ژن جیاوازە لە پیاوان، بۆیە پیاوان لەمە دەترسن و ڕێگە بەوە نادەن ژنان لە هیچ شوێنێک بەرکەوتنیان هەبێت، لەبەرئەوە توانای ژن لەپیاو بەهێزترە و ئەو پیاوانەشی هێرش دەکەنە سەر ژنان، لە لاوازی و بێ ئیرادەیی خۆیانەوەیە، ئەگینا ژنان زۆر بەهێزن.